Accessibility links

سرود ئەحمەد: زیادبوونی کارمەندانی ژن لە بنکەکانی پۆلیس متمانەی لای ژنانی کێشەدار دروستکردووە


بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی ڕایدەگەیەنێت، دامەزراندنی کارمەندانی ژن لە دەزگاکانی پۆلیسی کەرکوک و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری ژنانی گوندەکان وایکردووە، ژنان و کچان بێدەنگ نەبن و کێشەکانیان بە نهێنی نەهێڵنەوە.

سرود ئەحمەد، بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر دەزگاکانی پۆلیسی کەرکوک کارمەندی ژنیان کەم تێدابوو، ئەو ژنانەی گرفتاری کێشە کۆمەڵایەتییەکان بوون متمانەیان نەبوو، گەر کێشەشیان هەبووایە نەدەچوونە بنکەکانی پۆلیس بۆ سکاڵاتۆمارکردن."

ڕێکخراوی هیوای عێراقی، ڕێکخراوێکی تایبەتە بە داکۆکیکردن لە مافەکانی کچان و ژنان و بەرگری کردن لە دۆسییەکانیان لە کاتی بوونی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانیاندا.

سرود دەڵێت،"دامەزراندنی کارمەندی ژن لە پۆلیسی کۆمەڵگەیی متمانەی بۆ ژنان گێڕاوەتەوە، هەر ژنێک کێشەی هەبێت بە بێ ترس سکاڵا تۆمار دەکات."

لە مانگی 12 ی ساڵی 2022، یەکەم کچ بە ناوی فاتیمە وەحید وەکو ئەفسەر لە پۆلیسی کەرکوک دەست بەکاربوو، دەستبەکاربوونی ئەو کچە بە ئەفسەر لە پۆلیسی کەرکوک بەسەرەتای کارابوونی ڕۆڵی ژنان لە سلکی پۆلیس دادەنرێت.

سرود ئەحمەد دەڵێت، "پێشتر هەموو کارمەندانی پۆلیس پیاو بوون، ژنان کەمتر ڕوویان لە بنکەکانی پۆلیس دەکرد، بەڵام ئێستا ژمارەی کارمەندانی ژن لە پۆلیسی کۆمەڵگەیی و بەشی پاراستنی خێزان زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە ژنانی کێشەدار سەردانیان بکەن و کێشەکانیان نەشارنەوە."

بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی ئاشکرایکرد، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دام و دەزگا حکومییەکانی کەرکوک لەمپەریان لەبەردەم ئیش و کارەکانی ڕێکخراوەکانی ژنان دروستکردووە، گرفتی زۆریان بۆ دروستکردوون.

سرود ئەحمەد وتی،"نوسراوی تازە گەیشتووەتە دام و دەزگاکانی کەرکوک تا هاوکاری ڕێکخراوەکانی ژنان بکرێت، بۆیە ئێستا مامەڵەی دام و دەزگاکان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و خودی ژنانیش تەواو گۆڕاوە."

جەختیشیکردەوە،"ئێستا هەر ژنێک گرفتی هەبێت بە بێ ترس ڕوو لە دەزگا حکومییەکان دەکات بۆ سکاڵا تۆمارکردن ."

67 کچ و ژن کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی حزب و لایەنە سیاسییەکان، بەشێک لەو کاندیدە ژنانە بە بێ سودوەرگرتن لە کورسی کۆتاو بەدەنگی خۆیان توانییان دەنگی پێویست بهێنن و کورسی ئەنجومەن مسۆگەر بکەن.

جیاواز لە هەوڵی کچان و ژنانی کەرکوک بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیاردانی پارێزگاکەیان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەشێکی تر لە کچان و ژنانی ئەو پارێزگایە سەرقاڵی بەدەستهێنانی هەلی کارو سەرقاڵی ئەنجامدانی پرۆژەی جۆراوجۆرن.

بەڕێوەبەری لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی ڕوونیکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کەرکوک هاوسەرەکانیان لەدەستداوە یاخود هاوسەریان کەم ئەندامە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی عێراقەوە، ئەمەش وایکردووە ئەو ژنانە بیر لە دەستخستنی هەلی کار بکەنەوە.

سرود ئەحمەد وتی،"ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی کەرکوک ئیش و کار دەکەن و دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی پرۆژەی بچووک وەکو هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووری."

XS
SM
MD
LG