Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە داوا لە تاڵیبان دەکاتەوە کۆتایی بە کۆتوبەندەکانی سەر ژنانی ئەفغانی بهێنێت


ڕۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدایە بەرپرسانی تاڵیبانی ئەفغانستان و وتی کۆتوبەندەکانییان بۆ سەر خوێندن و کارکردنی ژنان مەترسیی ئەوەی دروست کردووە وڵاتەکە زیاتر بەرەو هەژارییەکی قووڵتر ببات و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زیاتر پەراوێزی دەخات.

سەرۆکی شاندی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، یاخود یوناما، جارێکی دیکە داوای لە تاڵیبان کردەوە کۆتوبەندەکان لاببات لە کاتێکدا کە جیهان یادی ڕۆژی ژنانی کردەوە بۆ تیشک خستنەسەر وەبەرهێنان لە ژناندا.

سەرۆکی یوناما، ڕۆزا ئۆتونبایڤا وتی " دڵشکێنە کە بە تەواوەتی پێچەوانەکەی دەبینین لە ئەفغانستان: ناوەبەرهێنانێکی کارەساتیی و بە مەبەست کە بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی گەورە بە ژنان و کچان، تەنها بووەتە هۆی دروستکردنی بەربەست لەبەردەم ئاشتی و خۆشگوزەرانییەکی بەردەوامدا."

دوای ئەوەی لە مانگی 8 ی ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تاڵیبان دەستڕاگەیشتنی کچانی بە خوێندنی ناوەندی و دواتریشی قەدەغە کردووە. هەروەها ئازادی هاتووچۆی ژنانییان سنووردار کردووە و کارکردنیشیانی لە کارەکانی کەرتی تایبەت و گشتیشدا قەدەغە کردووە، بە کارکردنیشیانەوە لە دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانیشەوە.

پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە وتی نزیکەی لە سەدا 70 ی ئەفغانییەکان بێبەشن لە سەرچاوە سەرەتاییەکان، کۆتوبەندەکانی سەر ژنانیش بەردەوامن لە کۆسپ خستنەبەردەم مافە سەرەتاییەکان و بەرەوپێشچوونی ئابووریی. وتی لە دوای دەسەڵاتی تاڵیبانەوە ئابووری ئەفغانستان بە ڕێژەی لە سەدا 27 کەمی کردووە و بێکاریش دوو هێندە بووە.

بەڕێوبەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاسیا و پاسێفیک، کانی ویگنارایا لە نیویۆرک بە ڕۆژنامەنووسانی وت " گەورەترین کێشە بەردەوامیی ئەو فەرمانەیە کە خوێندنی کچان قەدەغە دەکات. گەورەترین ڕێگر ئەوەیە کە نەتوانن لە دوای پۆلی شەشەوە بخوێنن."

وتی " ساڵی ڕابردوو هیچ کچێک لە پۆلی دوانزە دەرنەچووە، کەواتە چۆن لە پۆلی شەشەوە باز دەدات بۆ ئەو کۆلێژ و زانکۆیانەی کە پێویستن بۆ بەشی تەندروستی؟"

قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە مرۆییەکاندا لە ئەفغانستان بووەتە هۆی ئەوە چالاکییە مرۆییەکان بکەونە مەترسییەوە، لە وڵاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 12 ملیۆن ژن لەم ساڵدا پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی هەیە.

ڕۆژی هەینی یوناما لە بەیاننامەیەکدا وتی لەوە دەترسێت " سەرکوتکارییەکەی ئەمدواییەی بەرپرسانی تاڵیبان بەهۆی ئەوەی کە ژنان پابەندی یاسای پۆشاکی ئیسلامییەوە نەبوون وادەکات ژنان گۆشەگیرتر بن، لە ترسی ئەوەی بە شێوەیەکی زۆرەملێ دەستگیر بکرێن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG