Accessibility links

لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران نموونەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە


لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە لە لایەن ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاسپێردرابوو بۆ لێکۆڵینەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕەفتارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە ژنان بە نموونەیەک لە "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" ناودێر دەکات.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەو لێژنەیەدا کە ڕۆژی هەینی 8ی مانگی سێ ڕۆژی جیهانی ژنان، بڵاو بڵاوکراوەتەوە "سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە و هەڵاواردنی بەربڵاوی ژنان و کچان بووەتە هۆی پێشێلکردنی ڕژدی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کە زۆرێکیان نموونەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین".

ڕاپۆرتەکەی ئەو لیژنەیە کە پێشکەش بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکان لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا ئەنجام دراون کە لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، لەوانە کوشتن، لەسێدارەدانی هەڕەمەکی و نایاسایی، بەکارهێنانی هێزی ناپێویست، زەوتکردنی ئارەزوومەندانە ئازادییەکان، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژیکردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و گۆشەگیری و هەراسانکردن لەسەر بنەمای جێندەری.

لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان جەختی لەوە کردەوە کە "پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بە تایبەتی کاریگەرییان لەسەر ژنان و منداڵان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەبووە."

لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لەکاتی دەستبەسەربوونی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە نووسیویەتی "توندوتیژی جەستەیی لە کاتی دەستبەسەرکردندا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نایاسایی خاتوو ئەمینی و دەشڵێت "حکومەت لەبری ئەنجامدانی کارێکی خێرا و کارا و لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر و گشتگیر لە پەیوەندی بەو گیانلەدەستدانە نایاساییەوە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێویستبوو بیکات، هەوڵیداوە ڕاستییەکانی بشارێتەوە و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ڕەتکردوەتەوە."

کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بەرپرسیارێتی خۆی لە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی ڕەتکردووەتەوە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە منداڵییەوە بەهۆی نەشتەرگەرییەوە کێشەی جەستەیی هەبووە. بنەماڵەی ژینا چەندین جار ئەم بانگەشەیەیان ڕەتکردۆتەوە و لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەو پێوەندییەدا ڕەت کردووەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە مامەڵەی سەرکوتگەرانەی حکومەت لە ڕێگەی هێزە ئاسایشییەکانەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە "ئامارە جێگای متمانەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 551 خۆپیشاندەر بە دەستی هێزەکانی ئاسایش کوژراون کە لانیکەم 49 کەسیان ژن بوون و 68 کەسیان منداڵ بوون.

لیژنەکە نووسیویەتی "دەسەڵاتداران بۆ بەدەستهێنانی دانپێدانان یان بۆ ترساندن و سەپاندنی سزاکان، قوربانییانیان بە شێوەی جواروجۆر ئەشکەنجە داوە، لەوانەش وەک دەستدرێژیکردنی بەکۆمەڵ و دەستدرێژی جەستەیی و ڕوتکردنەوە و دەست لێدان."

لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزەکانی ئاسایشی ئێرن داواکارییەکانی ژنانیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافەکانیان و ئازادبوونیان بە خواست بۆ ڕووتبوونەوە و بڵاوبوونەوەی بێ ڕەوشتی ناودێر کردووە".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "دەسەڵاتداران بە ئارەزووی خۆیان لانیکەم 9 پیاویان لە مانگی یازدەی ساڵی 2022وە تا مانگی یەکی ئەمساڵ لەسێدارەداوە، ئەمەش بە پێی ئەو دانپێدانانەی کە لەژێر ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپدا بەدەستیان هێنراون".

بەگوێرەی لێژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان "دەیان کەسی دیکە مەترسی لەسێدارەدان یان وەرگرتنی سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان".

XS
SM
MD
LG