Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێشکەوتنەکانی ژنان لە ژێر هەڕەشەدان


ئەمڕۆ هەشی مارس ڕۆژی جیهانی ژنانە و لەم ڕۆژەدا تیشک دەخرێتە سەر خەبات و دەستکەوتەکانی ژنان بۆ یەکسانی جێندەری.

لەم ڕۆژەدا سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش دەڵێت " ژنان و کچان دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە لە پێشکەوتن بەرەو جیهانێکی دادپەروەرتر و یەکسانتر." بەڵام گۆتێرێش پێشی وایە " پێشکەوتنەکان لە ژێر هەڕەشەدان."

گۆتێرێش دەشڵێت " یەکسانی یاسایی تەواو بۆ ژنان نزیکەی 300 ساڵ دوورە. ئەم ڕێژەیەی گۆڕانکارییە بە ڕوونی سوکایەتییە. نیوەی مرۆڤایەتی ناتوانن سەدان ساڵ چاوەڕوان بن بۆ گەیشتن بە مافەکانیان. ئێمە ئێستا پێویستمان بە یەکسانی هەیە."

نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە بۆ گەیشتن بە ئابورییەکی بەهێز و جیهانێکی تەندروست گەیشتن بە یەکسانی جێندەری و خۆشگوزەرانی ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا گرنگە. بەڵام دەشڵێت " ئێمە لە بەردەم ئاڵنگارییەکی سەرەکیداین: مەترسی کورتهێنانی 360 ملیار دۆلار ساڵانە بۆ ڕێوشوێنەکانی یەکسانی جێندەری تا ساڵی 2030."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت " تەنها %5ی هاوکارییەکانی حکومەت تیشک دەخاتە سەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان و کەمتر لە %0.2 ئاراستە دەکرێت بۆ ڕێگریکردن ."

هەموو ساڵێک هەشتی مانگی سێدا (هەشتی مارس) تەرخان دەکرێت بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان کە لەم ڕۆژەدا، بزاڤی مافەکانی ژنان بەرز دەنرخێندرێت و ستایشی دەستکەوتە سیاسی، کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی ژنان دەکرێت. لە هەشتی مارسدا تیشکیش دەخرێتە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی نایەکسانی جێندەری لە هەموو بوارەکاندا هەر لە دەرفەتی کارەوە بگرە هەتا دەگاتە یەکسانی مووچە، پەروەردەو و خزمەتگوزاریە تەندروستییەکان لە جیهاندا.

مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1908 کاتێک نزیکەی 15 هەزار ژن لە شاری نیویۆرک ڕێپێوانێکی مەزنیان سازدا بۆ داواکاری کرێی کاری باشتر، کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردنیان و مافی دەنگدان.

XS
SM
MD
LG