Accessibility links

یونیسێف: خەتەنەکردنی مێینە بە ڕێژەی 15% لە جیهاندا زیادیکردووە


یونیسێف، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی منداڵان، هاوکاتی ڕۆژی جیهانی ژنان هۆشداری دەدات سەبارەت بەوەی لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا خەتەنەکردنی مێینە بە ڕێژەی %15 لە سەرانسەری جیهاندا زیادی کردووە.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکدا بەبۆنەی "ڕۆژی جیهانی ژنان"وە ڕۆژی هەینی 8ی مانگی سێ ژمارەی ژنانی قوربانی خەتەنەکردنی لە سەرانسەری جیهاندا بە 230 ملیۆن کەس خەمڵاند و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کارە بەدەست هاتوون، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا ژمارەی خەتەنەکردنی مێینە لە ساڵی 2016وە بە ڕێژەی 15% زیادی کردووە.

بڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە دەتوانێت بریتی بێت لە لابردنی بەشێک یان تەواوی ئەندامی زاوزێی ژنان و ئەم ڕێکارەش زۆرجار دەبێتە هۆی خوێنبەربوون یان هەوکردنی کوشندە و لە درێژخایەنیشدا ڕەنگە ببێتە چەندین کێشەی تەندروستی بۆ ژنان، وەک کێشەی منداڵبوون.

کلۆدیا کۆپا، نووسەری سەرەکی ڕاپۆرتەکەی یونیسێف دەڵێت "لەو کۆمەڵگایانەی کە ژنان خەتەنە دەکرێن، ئەمە وەک ڕێوڕەسمێکی پێویست سەیر دەکرێت بە ئامانجی پاراستنی پاکیزەیی و ڕەوشتی کچان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حەزی سێکسی کچان و خەتەنە نەکردنیان دەتوانێت دەرئەنجامی هەبێت بۆیان، وەکو ئەوەی کە لەبەرچاو نەگیرێت بۆ هاوسەرگیری."

بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەک کە لە 31 وڵاتی خەتەنەکردن تێیاندا باو بووە، یونیسێف ڕایگەیاندووە 144 ملیۆن ژن لە ئەفریقا و لە ئاسیا 80 ملیۆن و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 6 ملیۆن قوربانی خەتەنەکردن هەن.

بەم شێوەیە 60%ی حاڵەتەکانی خەتەنەکردنی مێینە لە ئەفریقا ڕوودەدات. ئەو خشتەیەی کە یونیسێف لەم ئامارانە ئامادەی کردووە دەریدەخات زۆرترین حاڵەتی خەتەنەکردنی ژنان لە سۆماڵ و کەمترین حاڵەتەکانیش لە ئۆگاندا ئەنجامدراوە.

بەپێی پێشبینییەکانی یونیسێف، پێشکەوتنەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەتەنەکردنی مێینە دەبێت بگاتە 27هێندەی ئاستی ئێستا بۆ ئەوەی تا ساڵی 2030 ئەم کێشەیە بنبڕ بکرێت.

XS
SM
MD
LG