Accessibility links

پیاوانی کورد بۆ هاوسەرگیری دووهەم ڕوو لە دادگاکانی عێراق دەکەن


هەرچەندە بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ڕێژەی هاوسەرگیری دووهەم لە ساڵی 2023دا لە ناوچەی گەرمیان سفر بووە، بەڵام زۆربەی ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووهەمیان ئەنجامداوە لە دادگاکانی عێراق گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ کراوە.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 1ی مانگی 1 ی ساڵی 2023 تا ڕۆژی 31ی 12 ی هەمان ساڵ، لەلایەن دادگاکانەوە ڕێگە بە هیچ پیاوێک نەدراوە لە ناوچەی گەرمیان هاوسەرگیری دووهەم ئەنجام بدات.

مەحمود ئەحمەد، کە ناوی خوازراوی سەرمایەدارێکی ناوچەی گەرمیانەو هاوسەرگیری دووهەمی ئەنجامداوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ژمارەی ئەو پیاوانەی ژنی دووهەمیان هێناوە زۆرن، بەڵام هەموویان لە دادگاکانی عێراق ژنی دووهەمیان مارە بڕیووە بەو پێیەی لە دادگاکانی هەرێم گرفتییان دێتە پێش."

ئەو وتیشی،"لە دادگاکانی عێراق داوای سورەت قەید دەکەن و بەئاسانی ژنی دووهەم لە پیاو مارە دەبڕن، بەڵام لە دادگاکانی هەرێم هێنانی ژنی دووهەم ڕەزامەندی ژنی یەکەمی دەوێت و مەرجەکانی زۆر قورسن."

بەپێی وتەی ئەو سەرمایەدارە، خەڵکێکی زۆر لەناوچە جیاجیاکان ژنی دووهەمیان بە نهێنی هێناوە بە بێ ئەوەی ماڵ و منداڵیان پێیان بزانن. دەڵێت،"من دوای دوو هەفتە هێنانی ژنی دووهەمم ئاشکرا کردو بۆم نەشاردرایەوە، بەڵام پیاو هەیە منداڵی لە ژنی دووهەم گەورە بووە و هێشتا ماڵ و منداڵی یەکەمی پێی نازانن کە خاوەنی ژنێکی ترە."

بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگە بە هاوسەرگیری دووهەم نادرێت، گەر هاوسەری یەکەم ڕەزامەند نەبێت و پیاوەکە پاساوی لۆژیکی نەبێت، لەکاتێکدا یاسا بەرکارەکانی عێراق هیچ لەمپەرێکیان بۆ هاوسەرگیری دووهەم تێدا نییە.

نەقیب ئەیوب حسێن، بەڕێوەبەری نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەکەلار، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووهەم ئەنجام دەدەن 90%یان لە دادگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گرێبەستی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە."

نەشاد عومەر، پارێزەر لە دادگاکانی ناوچەی گەرمیان پێیوایە، هەموو ئەو پیاوانەی هاوسەرگیری دووهەمیان ئەنجامداوە لەدادگاکانی عێراق گرێبەستی هاوسەرگیرییان بۆ کراوە، چونکە مەرجەکانی ڕێگەدان بە هاوسەرگیری دووهەم لەو دادگایانە زۆر ئاسانەو بە غەرامەیەکی کەم ئەنجام دەدرێت.

نەشاد عومەر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ساڵی 2023 دا چەند مامەڵەیەک لە دادگاکانی گەرمیان ئەنجامدرا بۆ هاوسەرگیری دووهەم، بەڵام دادگا ڕەتیکردەوە."

هاوکات لەگەڵ ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووهەم لەلایەن بەشێک لە پیاوانەوە، بەڵام ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بە هەڵکشانی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی خێزان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، 96هەزارو 44 خێزان لەیەکتری جیابوونەتەوە، بەم پێیە ساڵانە 9 هەزارو 604 جیابوونەوە، مانگانە 800 حاڵەتی جیابوونەوەو ڕۆژانە 26 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون، کە ڕێژەی جیابوونەوە لە ساڵی 2023 دا لەبەرزترین ئاستدا بووە.

نەشاد عومەر، پارێزەر لە دادگاکانی گەرمیان هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوەو لەبەریەکهەڵوەشانەوەی خێزان بۆ نەگونجان و دەستوەردانی کەسوکاری هاوسەرەکان و بابەتی ناپاکی هاوسەری دەگێڕێتەوە.

ئەو دەڵێت، "سۆشیال میدیاو خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کاریگەری خراپیان لەسەر زۆربوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە هەبووە."

هاوکات نەقیب ئەیوب حسێن، بەڕێوەبەری نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەکەلار پێیوایە، لەپاڵ سۆشیال میدیا و هۆکارەکانی تردا خراپی دۆخی ئابووری خێزانەکانیش هۆکارێکی ترە بۆ زۆربوونی ڕێژەی جیابوونەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:31 0:00

XS
SM
MD
LG