Accessibility links

لێکۆڵەرێکی سیاسی: دیموکراتی لە عێراق لای لایەنە سیاسییەکان بۆ زەوتکردنی فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتدارێتییە


وێنەیەک لە پەرلەمانی عێراقەوە - ئەرشیف
وێنەیەک لە پەرلەمانی عێراقەوە - ئەرشیف

دوو کاندیدی عەرەبی سوننە بوونەتە ڕکابەری سەرسەختی یەکتر لە پرۆسەی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا.
شەعلان ئەلکورەیم، لە پارتی ئەلتەقەدوم کە محەمەد ئەلحەلبوسی، سەرۆکی لەکارخراوی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها سالم ئەلعیساوی، کاندیدی پارتی ئەلسیادە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات؛ کەوتوونەتە پێشبڕکێی سیاسیی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستەی حەلبوسی.

موحەمەد ئەلحەلبوسی - سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق
موحەمەد ئەلحەلبوسی - سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق

حەلبوسی بە بڕیارێکی دادگای باڵای عێراق لە 14ی مانگی 11ی 2023 لە پۆستەکەی لادرا.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، لە دەنگدانی یەکەمی پەرلەمانی عێراقدا، ئەلکورەیم و ئەلعیساوی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا و دەبووایە دەنگدانی دووهەم بکرایە، بەڵام هەر لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە دەگوترا "لە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمانەوە خەریکی چنینی سەودایەکی سیاسین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان."

دکتۆر سەیف ئەلسەعدی، لێکۆڵەری سیاسی دەڵێت یەکێک لەو توخمانەی ژێرخانە سیاسییەکەی عێراقی پێکهێناوە لە دوای ساڵی 2003وە بریتییە لە گەندەڵی و دەشڵێت "تەنانەت ڕۆبەرت فۆرد، جێگری باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق (2008-2010) چەندان جار جەختی دەکردەوە لەوەی ڕاستە عێراقییەکان شەڕی ئەلقاعیدە دەکەن، بەڵام گەندەڵیی زۆر بەربڵاوە لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. تەنانەت کاربەدەستیش هەبوون لەناو وەزارەتەکاندا بووبوونە خاوەنی بڕياری یەکلاکەرەوە لەناو وەزارەتدا. ئەم گەندەڵیانەی لە عێراق هەن لە کات و لە دوای شەڕی داعشیش بەردەوام بوون."

دکتۆر سەیف ئەلسەعدی - لێکۆڵەری سیاسی
دکتۆر سەیف ئەلسەعدی - لێکۆڵەری سیاسی

هەر سەبارەت بە ڕۆڵی پەرلەمانی عێراق و ئەوەی لە زۆر بابەتدا گرنگیی دەدرێت بە ڕێککەوتنە سیاسییەکان لە ژوورە داخراوەکاندا، دکتۆر سەیف دەڵێت "مەخابن ئاوەهایە، لە کاتێکدا دەبووایە دۆسێی نیشتمانی و بیرکردنەوە نیشتمانییەکان زاڵ بوونایە و باڵیان بکێشایە بەسەر بیرکردنەوە تایفەیی و نەژادی و لایەن و لایەنکارییەکاندا؛ ئێستاش سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی هاتۆتە سەر و ئەوانیش بوونەتە بەشێکی گەورە لە هێزی بڕیاردان، بەپێی ئەو بەرژەوەندیانەی کە هەیانە."

لەگەڵ دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ، دەنگۆ بڵاوبووەوە کە پارە پێشنیاز کراوە بۆ نوێنەران تا دەنگ بدەن بە کاندیدی دڵخواز.
عەلی ئەلحەییانی، چاودێری سیاسی دەڵێت نکوڵی ناکات لەوەی پارە و ئۆتۆمبێلیش پێشنیاز کراوە بۆ پەرلەمانتاران و دەڵێت ئەو جۆرە سەودایانە لە زۆربەی کاتدا دەبینرێن کاتێک پۆستەکان دابەشدەکرێن و دەشڵێت " ئەو گەندەڵییەی لە بواری بەڕێوەبردندا هەیە لە عێراقدا، بەرپرسە لەم دیاردەیە؛ دەنا چۆن یەکێک ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو هەموو پارە و ئۆتۆمبێلانەی هەن و پۆستەکەی پێدەکڕێت؛ ئەی چۆن نوێنەرێک کە بە دەنگی گەل ئەو نوێنەرایەیەتییەی هەیە، دەتوانێت ڕێگە بەو کڕین و فرۆشتنە بدات و خۆی بکاتە بارمتە لە پێناو ئەم یان ئەو کاندیدەی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەدات."

عەلی ئەلحەییانی- چاودێری سیاسی کاروباری عێراق
عەلی ئەلحەییانی- چاودێری سیاسی کاروباری عێراق

بەڕێز ئەلحەییانی دەپرسێت "ئەگەر ئەو جۆرە کارانە لەناو پەرلەماندا بکرێت، ئەی کێ ئیتر چاودێریی کاروبارەکانی حکومەت دەکات؟ هێشتاش هیوایەک هەیە بە دادگای باڵای عێراق بتوانێت ئەو سەودا گوماناویانە بوەستێنێت؛ هیوادارم ئەو ئەندام پەرلەمانانەی هێشتا هەستی نیشتمانی و ویژدانی مرۆییان ماوە، بە بەڵگەوە ئەم بابەتە بخەنە بەردەم دادگای باڵا و داوای یاسایی خۆیان تۆمار بکەن؛ تا بتوانرێت پۆستەکانی وەک سەرۆکی پەرلەمان و پۆستە باڵاکانی تریش بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەکانی خۆی یەکلابکرێنەوە."

عەلی ئەلحەییانی، لەوبڕوایەدایە لە دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقدا، مانۆڕێکی سیاسی کراوە و دەڵێت " چوارچێوەی هەماهەنگی، مانۆڕێکی کرد و پەیامی سەرەکییش ئەوەبوو کە ناخوازێت و نەیدەویست کاندیدەکەی حەلبوسی (شەعلان ئەلکورەیم) بە زۆرینەی دەنگ لەو دانیشتنەدا سەربکەوێت و مەبەستیش لەوە، هەنگاو بە هەنگاو دورخستنەوەی حەلبوسییە لە دیمەنە سیاسییەکان؛ دوای دانیشتنی یەکەم، چوارچێوەی هەماهەنگی، پەیامێکیان نارد بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە دانیشتنەکەی بەڕێوەدەبرد تا دەنگدانی دووهەم نەکرێت بە بیانوی ئەوەی ئەلکورەیم، سەر بە پارتی بەعس بووە و ستایشی پارتی بەعسی کردووە."

ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق چەند ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە لەسەر شەعلان و دەشڵێن لە دادگای باڵای عێراق داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەن و دەشڵێن چ پێویست دەکات ببێتە سەرۆکی پەرلەمان کە دادگا بڕیاری لادانی دەدات چونکە بەعسی بووە و ستایشی پارتی بەعسی سەدام حوسەین دەکات.

بەڕێز ئەلحەییانی دەڵێت هەموو ئاماژەکان وەها نیشان دەدەن چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت سالم ئەلعیساوی، ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لەبەر چەند هۆکارێک " ئەلعیساوی خەڵکی پارێزگای ئەنبارە، پێشتریش لە هەموو کەسێک زیاتر دژایەتی ئەلحەلبوسی کردووە و ئەو دژایەتیکردنەش گەیشتۆتە ئاستی شەڕە قسە و تەنانەت ئێخە یەکگرتنی یەکتریش لە کۆبوونەوەکانی نێوان سەرکردەکانی عەرەبی سوننەدا؛ چوارچێوەی هەماهەنگی لەو بڕوایەدایە ئەگەر ئەلعیساوی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان ئەوا سنورێک بۆ حەلبوسی دادەنرێت و دوردەخرێتەوە."

دکتۆر سەیف ئەلسەعدی، لێکۆڵەری سیاسی بە دوری نازانێت ئەوەی لە دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقدا ڕوویداوە، پەیوەندی هەبێت بە کاریگەرییە دەرەکییەکانیشەوە، دەڵێت " ئەو کاریگەرییانەش پەیوەندی هەیە بە پەرتەوازەیی ناو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و هەروەها لایەنە سیاسییەکانیشەوە، بۆ نمونە لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، پەرتەوازەیی و بێ سەروبەرییەک هەبوو لە بەرامبەر مەحمود مەشهەدانی، نەزانرا ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی مەشهەدانی دەویست یان نا، هەر وەک چۆن دابەشبوونیش بینرا لە ناو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا و بەشێکیان دەنگیاندا بە ئەلکورەیم و بەشێکی تریشیان دەنگینادا بە ئەلعیساوی؛ ئەوەی ڕوویدا ڕێک پەرتەوازەیی ناو ماڵی شیعە و سوننە و کوردیشی نیشانداینەوە."

ئەی بە گشتی لە وێنەی سیاسی دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراقەوە چ جۆرە خوێندنەوەیەک دەکرێت بۆ ڕەوشی سیاسی وڵاتەکە؟

دکتۆر ئەلسەعدی دەڵێت "نیشانیداین، سروشتی سیستەمی سیاسی عێراق سیستەمێکە لەسەر بنەمای کێشەکان دانراوە و ئەم کێشانەش وەک بارێکی ئاسایی ڕەنگدانەوەیان دەبێت بەسەر کۆمەڵگەی عێراقیدا، ئەو کێشانەش وەهایان کردووە دۆسێی متمانە زۆر کەم ببێتەوە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، وەک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بینرا، ڕێژەیەکی کەمی خەڵک بەشدارییان کرد، چونکە کۆمەڵگە دۆسێی دیموکراتیی بە جۆرێک ناسیوە کە جیاوازە لەوەی لایەنەکان باسی دەکەن، مەخابن دیموکراتی لە عێراق لای لایەنە سیاسییەکان بۆ زەوتکردنی فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵاتدارێتییە، لە کاتێکدا بە گشتی خەڵک داوای گۆڕینی دەستەبژێری سیاسی وڵاتەکە دەکەن."

ڕۆژی دووشەممە ئەندامێکی پارتی تەقەدوم، هەیبەت ئەلحەلبوسی، ڕایگەیاند داوایەکی یاسایی لە دادگای باڵای عێراق تۆماردەکات سەبارەت بە دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو دانیشتنە دەکات و دەڵێت " بەهۆی ئەو پێشێلکاری و هەڵە دەستوریی و یاساییەکانەوە، ئەو دانیشتنە هیچ ڕەواییەکی نییە."

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم لە مانگی 9 ی ساڵی 2018 بە تێکڕای دەنگی شیعە، سوننە و کورد وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا.

XS
SM
MD
LG