Accessibility links

کەسایەتیەکی عەرەبی سوننە بۆ VOA: بە ئەنقەست بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دروستدەکرێت


سەرچاوەیەکی باڵای عەرەبی سوننە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لایەنەکان بە ئەنقەست بەربەست لەبەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دروست دەکەن و نایانەوێت کاندیدەکەیان ببێتە سەرۆکی پەرلەمان. ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، "نەک هەر شیعەکان و کورد تەنانەت سوننەکانیش خۆیان کۆک نین لەسەر کاندیدێکی هاوبەش، بۆیە سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵنەبژێردرا."

شەوی ڕابردوو 13ی مانگی 1 ی 2024، بە ئامادەبوونی (329) پەرلەمانتار دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ جێگرەوەی حەلبوسی بەڕێوەچوو، لە دانیشتنەکەدا (314) ئه‌ندام به‌شداریان له‌ پرۆسه‌ی ده‌نگداندا كرد، بەڵام دوای دوو گەڕی دانیشتنی پەرلەمان نەتوانرا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵببژێردرێت.

ئیسماعیل حەدیدی، کەسایەتی سیاسی عەرەبی سوننە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لایەنەکان بە ئەنقەست بەربەست لە بەردەم هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دورست دەکەن، هەندێک لە لایەنەکان قبوڵیان نییە شەعلان کە نزیکی حەلبوسیە بیباتەوە وە ڕێگە نادەن کاندیدەکەی حەلبووسی سەربکەوێت بۆیە هەڵبژاردن دوا کەوت."

سەرەتای جەلسە شەش کاندید چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکەوە، کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە سالم ئەلعیساوی، شه‌علان کەریم، تەڵال زه‌وبەعی، عامر عەبدولجەبار، مەحمود مەشهەدانی و بەر لە دەنگدانیش عەبدولڕەحیم شەمەری کشایەوە، بەڵام بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان هیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی لە گەڕی یەکەم دەنگی پێویست بهێنن، هەرچەندە بە پێی ئەنجامەکانی گەڕی یەکەمیش شەعلان کەریم بە 152 دەنگ زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام بەشێک لە لایەنە شیعەکان تۆمەتباری دەکەن بە "بەعسی بوون".

ئیسماعیل حەدیدی، دەڵێت،" کاندیدەکە خۆی لە ناو دەوڵەتدایە، خۆیان بە ئەنقەست بەربەست دروست دەکەن لەبەردەم ئەو پیاوە کە نایەنەوێت ببێتە سەرۆکی پەرلەمان."

ماوەی دوو مانگە پەرلەمانی عێراق لە غیابی سەرۆکدایە، دوای ئەوەی ڕۆژی 14 ی مانگی 11 ی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند لەسەر سکاڵای پەرلەمانتار لەیس دلێمی، کە حەلبوسی تۆمەتبارکردبوو بە ساختەکردنی داوای دەست لەکارکێشانەوەکەی.

هەرچەندە لە دانیشتنی شەوی ڕابردووشدا شەعلان کەریم و سالم عیساوی چوونە گەڕی دووەم، بەڵام بە هۆی ڕێکنەکەوتن و کێشەی نێوان پێکهاتەکان نەتوانرا هەڵبژاردنی سەرۆک یەکلابکرێتەوە و سوننەکانیش نەیانتوانیوە لە ناو خۆیاندا لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بگەنە ڕێکەوتن.

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم پۆستە بەرکەوتەی سوننەکانە، دەبێت ئەوان لە نێوان خۆیان ڕێککەون بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک ، بەداخەوە نەگەشتن بە ڕێککەوتن، هەوەها جێگری یەکەمی پەرلەمان بە واژۆی 50 پەرلەمانتار هەندێ تەعدیلاتی کردبوو کە دەسەڵاتی جێگرەکان زیاد دەکات، وە سوونەکان پێیان وابوو لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان کەم دەکاتەوە."

وتیشی،" بۆ عێراق وا باشە سەرۆک هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی کارەکانی پەرلەمان نەوەستێت چونکە کۆمەڵیک یاسای گرنگ لەم وەرزەی یاسادانان چاوەڕێی پەرلەمان دەکەن بۆ ئەوەی تەعدیل بکرێن یان تەشریح بکرین."

هەرێمی کوردستان لە چاوەڕێی هەمواری یاسای بودجەدایە بۆ تێپەڕاندنی کێشە داراییەکانی کە تووشی هاتووە، بە هەڵبژاردنی سەرۆکیش یەکەم ئەرکی پەرلەمان بە هەمواری یاساکە دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.

کاروان یار وەیس دەڵێت،" بۆ کورد واباشە کە سەرۆکی پەرلەمان هەبێت و دانیشتنەکان بە هەڵواسراوی نەمێنێتەوە، چونکە هەمواری یاسای بودجە یەکەم ئیشی ئەم وەرزەی پەرلەمان دەبیت و گرنگە لە ماوەیەکی کەمدا هەموارەکە تەواو ببێت تا کێشەی مووچە چارەسەر ببێت."

وتیشی،" ئەم ناکۆکی و کێشانە خزمەت بە عێراق و پرۆسە سیاسیەکە ناکات، ئەو جۆرەش لە دەستێوەردانە ئاشاکرایانەی کە لەناو پشکی پێکهاتەکان دەکرێت باش نییە چونکە کێشەکان قوڵ دەکاتەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:06 0:00

XS
SM
MD
LG