Accessibility links

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ساڵی نوێدا چۆن دەبن؟


بەپێی لێدوانی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم ئەمساڵدا هەرێم هەڵوێستی جیاوازی بەرامبەر حکومەتی ناوەندی عێراق دەبێت، ئەگەر هاتوو ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەغداد ئەرێنی نەبێت.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ئەوەی پێویستی کردووە لە ساڵی 2023 کردوویەتی، وە ئەو کۆبوونەوانەی بڕیارە لە سەرەتای ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێن، بۆ گەیشتنە بە ئەنجامی کۆتایی، ئەگەر نا حکومەتی هەرێم ئەو پشووە درێژییەی نامێنێت.

پێشتریش، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی وتی، "شاندەکان دەچنەوە بەغدا، بەردەوامیش دەبن، بڕوامان بە گفتوگۆ هەیە، ئەوە خێر نییە کە پێمان دەکرێت، بەڵکو ئەوە مافی خۆمانە، یان لێمانگەڕێن جیاببینەوە، یان مافەکانمان بەپێی دەستور جێبەجێ بکەن."

دەپرسین:
ئایا لە ساڵی نوێ چ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد ڕوودەدات، هەرێم بەنیازە چ هەنگاوێک هەڵبگرێت؟
هەرێم دەتوانێت چی بکات بەرامبەر بەغداد؟
ئایا بەغداد دێتە ژێر باری هەڕەشەکانی هەرێم؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی پرسی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد دەکەین لە ساڵی نوێدا بە میوانداری بەڕێزان:
1- شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
2- دکتۆر کەریم شکور ، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق.
3- پرۆفیسیۆری یاریدەدەر هاوار کمال میرزا ، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی بەشی مێژوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:57:58 0:00

شوان کەلاری:
"بیانووەکانی حکومەتی عێراقی بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم نالۆژیکی و نادەستورییە، چونکە بوونی هەڵە لە بڕگەیەکی یاساکەدا ناکاتە ئەوەی بێن قووتی خەڵک ببڕن. ئەو وتانەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم هیچ هەڕەشەکردن نییە، بەڵام دەزانم هەرێمی کوردستان میکانیزم و ستراتیژێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە هەیە کە وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێت : چیتر هەرێم چاوەڕێ ناکات و هەرێم هەنگاو و هەڵوێستی خۆی دەبێت، بەڵام من نازانم شێوازی میکانیزم و ستراتیژەکە چییە بە تەواوی، بەڵام ئێمە دەستورمان هەیە و لەبەردەستمانە.

"ئەگەر بۆچوونی خۆم بڵێم وەک (شوان کەلاری)نەک وەک بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی کە بە ڕاستگۆیانە بڵێم من ئەمەشم بە سەرکردایەتی حزبەکەم وتووە، ئێمە زیاتر لە شەست پەرلەمانتاری کوردین لە بەغداد هەموومان نەهێڵین بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەروا ئاسان تێپەڕێت یان دانیشتنەکان بایکۆت بکەین یاخود لە ناو هۆڵەکە بە مێزەکەدا بکێشین و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش لەگەڵمانە، جگە لەوەی کە سەرۆک کۆمار کوردە و چوار وەزیرمان هەیە ئەوانیش بێن ئیتر چاوی کامێرا و جیهان بخەینە سەرخۆمان، ئەو سەردەمە نەما کیمیابرانمان بکات و ژن و مناڵمان ئەنفال بکات، ئیتر دەبێت ئەم فشارانە دەستپێبکەین لە بەغدادەوە هەتا دوا خاڵی کشانەوە کە بریتیە لە کشانەوەمان لە بەغداد."

"پێشبینی دەکەم کێشەکان لە نێوان بەغداد و هەرێم چارەسەر ببێت لە ساڵی نوێدا، چونکە ئیتر هیچ بیانویەک نەماوە بۆ بەغداد بۆ بڕینی قوتی خەڵک، ئەگەرنا ئیتر دەبێت گلەیی نەکەن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کە هیچ ئینتمایەک بۆ ئەو عێراقە نەمێنێت کە بە زۆری بە خوێنی ڕۆڵەکانی کورد بنیادنراوە. "

کەریم شکور:
"ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدراڵداین، ئەبێت کارتی فشاری خۆمان بەکاربهێنین، بەهێزترین کارتی بەهێزیش کارتی یەکڕیزیی نێوان سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانە بەرامبەر بە بەغداد، وە کارتی دەرەکیش بەکاربهێنین وەک فشارێک لەسەر بەغداد. "

"من کشانەوە بە چارەسەر نازانم، چونکە یەکەم کشانەوە بڕواناکەم کار بکاتە سەر حکومەتی عێراق، دووەمیش ئەوا کشاینەوە دوای ئەوە ئێمە چیمان پێدەکرێت و چی دەکەین و بەدیلمان چیە؟! ئینجا کاتی خۆی سوننەکان کە کشانەوە زەڕبەیەکی توندیان خوارد، دوای ئەوە ئەگەر بکشێینەوە ئایا هەموومان پێکەوە دەکشێینەوە وەکو کورد؟ چونکە نەوەی نوێ 8 یان 9 پەرلەمانتاری هەیە، ئەوان لە هیچ شتێکدا لەگەڵ ئێمەدا نین، ئەسڵەن لە کافتریاش نەک لەگەڵ ئێمە لەگەڵ هیچ حزب و لایەنێکی تری کوردیش دانانیشن."

هاوار کمال میرزا:
"لە ڕاستیدا حکومەتی هەرێم دەبێت بڵێ و بگەڕێ بۆ کارتی کەمکردنەوەی ئەو کارتە فشارانەی کە بەغداد بە هەموو جۆرێک دژی هەرێم یەک یەک بەکارییان دەهێنێت، نەک هەرێم کارتی فشاری لەدەست بێت بەرامبەر بەغداد، کارتی یەکڕیزی و نازانم چی ئەمانە نەماون، یان باسی کشانەوە دەکرێت، ئایا پارتی و یەکێتی و لایەنەکان هەموویان پێکەوە دەکشێنەوە، لە کاتێکدا بەجیا گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەتیان کرد، بەڕاستی دۆخەکە باش نابینم و هیوادارم من هەڵەبم، لە ساڵی داهاتوو دەرئەنجامی مامەڵەی پارتی بە جیا لەگەڵ سەدر و حەلبوسی زیاتر دەبینن، من پێشم وایە کورد لە دوای ڕیفراندۆمەوە کارتی فشاری هەر نەماوە، هەموو ئەو مەترسییانەش کە بە بچوک باس دەکرێن و دەبینرێن لە ڕاستیدا خۆی زۆر گەورەیە مەترسییەکە، کارتەکانی دەستی کورد هەمووی سووتاوە. "

"دۆخی کورد لە ئێستادا زیاتر لە سەردەمی سەدەی حەڤدە و هەژدەی سەردەمی عوسمانیەکان دەچێت کە زیاتر بەرەو ڕووخان دەڕوات، دەشبینین لە ساڵی نوێ حکومەتی عێراق کارتی یاسای نەوت و غاز بەکاردەهێنێت بەرامبەر هەرێم هەتا بودجەی بۆ بنێرێت لەو یاسایەدا سازش بە هەرێم دەکات بەرامبەر ناردنی بودجەی مانگ یان چەند مانگێک، هیوادارم ڕاوێژکارەکانی حکومەت ڕاستیەکە بە بەرپرسانی هەرێم بڵێن، ئەوەی ڕوودەدات هەتا دوا ڕادەی بچوککردنەوەی حکومەتی هەرێم دەڕوات بە دڵنیایی، نەک بەو ئاڕاستەیە بڕوات."

"ئەو زمانەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم بەڵێ زمانی هەڕەشەیە، لێشیان دەدرێتەوە، بەڵام یەک شت لێرەدا خودی حکومەتی هەرێم و عێراق و سەرجەم سیاسییەکان و کاربەدەستانی عێراقیش دەزانن، ئەمە پێی دەوترێت(فشاری ساختە)، هیچ کاریگەری نییە، حکومەتی هەرێم نە ستراتیژی هەیە نە میکانیزم و نەهیچ کارتێکی فشاری لەدەستدا ماوە لە دوای ڕیفراندۆمەوە."

XS
SM
MD
LG