Accessibility links

ئێران بەڵێن دەدات سزای ئیسڕائیل بدات


ڕۆژی هەینی ئێران جەختی لە بەڵێنەکەی کردەوە بۆ سزادانی ئیسڕائیل لەسەر کوژرانی حەوت ئەفسەری لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا، ئیسڕائیل تاوەکو ئێستا بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ و پشتڕاستیشی نەکردووەتەوە.

لە پرسەیەکدا بۆ حەوت ئەفسەرە کوژراوەکە، کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران وێنەی خۆپیشاندەرانی بڵاوکردەوە کە وێنەی کوژراوەکانییان بەرز کردووەتەوە و دروشمی وەکو " مەرگ بۆ ئیسڕائیل " و " مەرگ بۆ ئەمەریکا " دەڵێنەوە.

لە نێو ئەو ئەفسەرە باڵایانەی ئێراندا کە لە هێرشەکەدا کوژران فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدایە بە ناوی ژەنەڕاڵ محەمەد ڕەزا زاهیدییەوە، زاهیدی لەو کاتەدا سەردانی باڵیۆزخانەی ئێرانی کردووە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا.

ژەنەڕاڵ حوسەین سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران بە خەڵکەکەی وت " هیچ کارێکی دوژمن دژی کۆماری ئیسلامی پیرۆز بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت. پیاوە ئازاکانمان سزای ڕژێمی زایۆنی دەدەن."

بەپێی دەزگای نیمچە فەڕمی هەواڵی تەسنیم، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران موحسن ڕەزایی لێدوانی لەسەر ئەگەری تۆڵەکردنەوە داوە دژی ئیسڕائیل و دەڵێت " بڕیارەکە دراوە. بە دڵنیاییشەوە جێبەجێ دەکرێت."

پرسەکە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی ئۆرشەلیمدا، لەو ڕۆژەشدا ئێران گردبوونەوەی گەورەی لایەنگرانی فەلەستینی و دژە ئیسڕائیلی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕێکدەخات.

میدیای ئێران بڵاویکردەوە سەرکردەی گروپی جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکان زیاد ئەل نەخالەش بەشداری لە گردبوونەوەکەی تاراندا کردووە.

لە مانگی دوانزەوە، هێرشەکەی ئەمجارە گەورەترین و کوشندەترین هێرش بووە دژی بەرپرسانی ئێرانی لە سوریادا.

ئێران هۆشداریداوە لە تۆڵەیەکی توند، ئەمەش ئەگەری کەوتنەوەی جەنگێکی بەرفراوانی زیاتر کردووە و هێزە چەکدارەکانی ئیسڕائیلی ناچار کردووە پشووی سەرجەم یەکە شەڕکەرەکان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش ڕۆژێک دوای ئەوەی وتی سەربازی زیاتر بۆ یەکەکانی بەرگری ئاسمانی دابین دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی ئیسڕائیل " زیان بە هەر کەسێک دەگەیەنێت ئەگەر بیەوێت یاخود پلانی هەبێت زیانمان پێبگەیەنێت."

لە ماوەی ڕابردوودا ئیسرائیل سەدان هێرشی ئەنجامداوە و گروپە لایەنگرەکانی ئێرانی تیادا کردووەتە ئامانج کە لە شەڕی یازدە ساڵەی ناوخۆی سوریادا شانبەشانی هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد دەجەنگن.

ئەمەریکا ژمارەیەکی زۆر کەمتر لە هێرشەکانی دژی گروپەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوە کە بە بەرپرسیاریان دەزانێت لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا لە کاتی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG