Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق شەرمەزار دەکات


یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە وێڕای ئیدانەکردنی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر باڵێۆزخانەی ئێران لە دیمەشق لە یەکی مانگی چوار کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس، داوای لە وڵاتانی ناوچەکەش کرد دان بەخۆیاندا بگرن.

ئێران ئیسرائیلی بە هۆکاری ئەو هێرشە زانی کە بەهۆیەوە دوو ژەنەڕاڵ و پێنج ڕاوێژکاری سەربازی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکە کە لکابوو بە باڵیۆزخانەکەیەوە لە دیمەشق کوژران. تا ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، کە یەکێکە لە بەرچاوترین هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لە سوریا.

پیتەر ستانۆ، وتەبێژی کۆمیسیۆنی گشتی ئەوروپا لە پۆستێکدا لە ماڵپەڕی ئێکس وتی " لەم دۆخە ناوچەییە زۆر گرژەدا، زۆر گرنگە ئەوپەڕی دان بەخۆداگرتن نیشان بدرێت."

گوتیشی "پێویستە لە هەموو حاڵەتەکان و لە هەموو بارودۆخێکدا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێز لە پرەنسیپی پێشێل نەکردنی شوێن و کارمەندانی دیپلۆماسی و کونسوڵگەری بگیرێت".

پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی جەزیرە لەکاتی سەردانیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕایگەیاند، هێرشە "قبووڵنەکراوەکە" مەترسیی هەڵگیرسانی ململانێکانی ناوچەکەی لەسەرە و داوای لە ئیسرائیل کرد ڕوونکردنەوە بدات ئەگەر هیچ ڕۆڵێکی هەبووە.

سانچێز گوتی "ئەوە جێگای قبوڵکردن نییە، پێویستە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە ڕوون بکرێتەوە.. ئێمە زۆر نیگەرانین لە دۆخەکە و هەر بۆیە داوا لە حکومەتی ئیسرائیل دەکەین هەوڵ بدات لە بەرزکردنەوەی ئاستی توندوتیژییەکانی ناوچەکە دوور بکەوێتەوە."

ئێران لە شەڕی شەش مانگەی دژی حەماس لە غەززە خۆی لە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بە دوور گرتووە و لە هەمان کاتدا پشتیوانی لە هێرشەکانی هاوپەیمانەکانی دەکات بۆ سەر ئیسرائیل و ئامانجەکانی ئەمەریکا.

بەڵام ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی داوە تۆڵەی هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی دووشەممە بکاتەوە، کە کونسوڵخانەی تەنیشت بینای سەرەکی باڵیۆزخانەی ئێران لە ناوچەی مەززەی پایتەختی سوریای وێران کرد.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز، ئێکس

XS
SM
MD
LG