Accessibility links

ئامادەکاری دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی 250 خێزانی عێراقی، کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ موسڵ


سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی کەمپەکە ئامادەکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ژمارەیەکی نوێ لە خێزانە عێراقییەکان لە کەمپەکە.

سەرچاوەکەی کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات گوتیشی "ئەو گروپە نوێیە لە 250 خێزانی عێراقی پێکهاتوون، کە دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی ئەلجەدا لە موسڵی عێڕاق."

لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە ئەمە دووهەم گروپی کەسوکاری چەکدارە عێڕاقیەکانی داعشن کە کەمپی هۆڵ بەجێدەهێڵن.

ئەم گرووپە نوێیە لە 620 کەس پێکهاتوون، بە سەرپەرشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و حکومەتی عێراق دەگوازرێنەوە.

ڕۆژی 9 ی مانگی سێی ئەمساڵ دوا گروپی خێزانە عێراقییەکان کە لە 150 خێزان پێکهاتبوون ڕەوانەی عێراق کرانەوە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەمپی هۆڵ، لە مانگی پێنجی ساڵی 2021وە تا کۆتایی مانگی سێی 2024 نزیکەی دوو هەزار خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

بە پێی ئامارەکان شەش هەزار و 400 خێزانی عێراقی کە دەکاتە نزیکەی 22 هەزار کەس هێشتا لە کەمپەکەدا ماونەتەوە و زۆربەیان منداڵن و تەمەنیان لەنێوان ساڵێک بۆ 17 ساڵدایە.

گواستنەوەی ئەو خێزانە عێراقییانە لە کەمپەکە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەسەڵاتدارانی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، تۆمەتبارکرد بەوەی پەنایان بۆ ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی تر بردووە لە دەمی دەستگیرکردنی دەیان هەزار کەسی گومانلێکراوی جیهادی و کەسوکاریان.

ئەگنێس کالامارد، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کورد "تاوانەکانی جەنگی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانەیان ئەنجامداوە و پێدەچێت تاوانی جەنگی کوشتنیان ئەنجامدابێت".

کەمپی هۆل گەورەترین کەمپی دەستبەسەرکردنە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە 43 هەزار کەس لە 47 وڵاتەوە لەو کەمپەدان و بەشێکیشیان کەسوکاری جیهادییەکانی داعشن.

دەسەڵاتدارانی کورد لە مێژە داوایان لە حکومەتە بیانییەکان کردووە کە هاووڵاتیەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بەڵام حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە ترسی کاردانەوەی ناوخۆیی بە کەمتەرخەمیەکی زۆرەوە بە دەنگ ئەم داواکارییەوە هاتوون.

بە وتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەرەڕای هەموو دواکارییەک و هۆشدارییەک لەلایەن خۆیان و لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێستا و داهاتووی کەمپی هۆڵ، پڕۆژەی چارەسەرکردنی کێشەی داعش و بنەماڵەکانیان بە شێوەیەکی زۆر خاو بەڕێوە دەچێت و تەنها چەند وڵاتێک بەدەم ئەو داواکارییەوە هاتوون بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی فرانس پرێس و ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG