Accessibility links

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی کوردەکانی سوریا بە ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکات


ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی ڕۆژی چوارشەممە دەسەڵاتدارانی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، تۆمەتبارکرد بەوەی پەنایان بۆ ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی تر بردووە لەدەمی دەستگیرکردنی دەیان هەزار کەسی گومانلێکراوی جیهادی و کەسوکاریان.

ئەو ڕێکخراوە چاودێرییەی بنەکەکەی لە لەندەنە ڕایگەیاندووە، زۆر پێدەچێت واشنتنیش پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی دەستگیرکراوانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی ڕۆژئاوای کردبێت.

کەمپ و زیندانەکانی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بە سەرۆکایەتی کوردەکان بەڕێوەدەبرێن، هێشتا زیاتر لە 56 هەزار کەسیان تێدایە کە گوایە پەیوەندییان بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامییەوە هەیە، ئەمەش دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی ناوچەکە لە دەستی داعش.

ئەو ئامارەی ڕێکخراوەکە ئاماژەی پێکردووە بریتییە لەو جیهادیانەی لە زیندانەکاندان و هەروەها ژن و منداڵی چەکدارانی داعش کە لە کەمپەکانی هۆڵ و ڕۆژدان.

ئەگنێس کالامارد، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کورد "تاوانەکانی جەنگی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانەیان ئەنجامداوە و پێدەچێت تاوانی جەنگی کوشتنیان ئەنجامدابێت".

لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوەکەدا باس لەوەش کراوە "حکومەتی ئەمەریکا پشتگیری" لە سیستەمی دەستبەسەرکردن دەکات و لە هەندێک باردا "خۆی پێشێلکاری ئەنجام دەدات." و دەڵێت بەو ئەنجامە گەیشتووە کە واشنتن "پێدەچێت مافی مرۆڤی زۆرێک لەو کەسانەی پێشێل کردبێت ".

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

کەمپی هۆل گەورەترین کەمپی دەستبەسەرکردنە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، زیاتر لە 43 هەزار کەس لە 47 وڵاتەوە لەو کەمپەدان و بەشێکیشیان کەسوکاری جیهادییەکانی داعشن.

دەسەڵاتدارانی کورد لە مێژە داوایان لە حکومەتە بیانییەکان کردووە کە هاووڵاتیەکانیان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بەڵام حکومەتەکانی ڕۆژئاوا لە ترسی کاردانەوەی ناوخۆیی زۆر بە خاوی بە دەنگ ئەم داواکارییەوە هاتوون.

ڕێکخراوی لێبوردن ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی لەسەدا 94 دانیشتوانی هۆل و ڕۆژ ژن و منداڵن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیچ کەسێک لەم کەمپانە تۆمەتبار نەکراوە و دەرفەتی ئەوەی پێنەدراوە لەبەردەم دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆدا دادگایی بکرێن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت کەمپ و زیندانەکان هەزاران قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە خۆبگرن، لەنێویاندا ئەو ژن و کچانەی کە بە زۆرەملێ هاوسەرگیریان لەگەڵ ئەندامانی داعش پێکراوە.

ئاژانسی دەنگوباسی فرانس پرێس دەڵێت لێکۆڵینەوەیەکی لە کەمپی هۆل دەریدەخات دانیشتوانی کەمپەکە لە ژێر بارێکی سەختدا دەژین، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان نەبووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت وتووێژی لەگەڵ 314 کەسدا کردووە بۆ ئەم ڕاپۆرتەی و دەشڵێت دەسەڵاتی خۆسەر لە وەڵامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو بارودۆخە سەختانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لەنێویاندا شەڕە چەکدارییە بەردەوامەکان. ئەوان ڕەخنەیان لە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوبەشە جیهانییەکان" گرت کە نەیانتوانیوە "ئەرکە یاسایی و ئەخلاقییەکانیان جێبەجێ بکەن"، و ڕایانگەیاند کە ئەو وڵاتانەی کە هاووڵاتییان لە نێوەندەکانی دەستبەسەرکردندایە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "بە تەنها لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانیدا" جێیان هێشتوون.

ڕێکخراوی لێبوردن ڕایگەیاندووە کە ئەشکەنجەدان "بە شێوەیەکی سیستماتیکی" لە زیندانەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەسەدە ئەنجامدراوە، لەوانە "لێدان، هەڵوێستی فشار، تەزووی کارەبا و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی".

ڕێکخراوەکە دەشڵێت هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بە زیندانییەکان گەیشتووە، ئاماژە بەوەش دەکات " سەدان ملیۆن دۆلاری" لە ماوەی چەندین ساڵدا بۆ هەسەدە دابین کردووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژە بە وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەکات و دەڵێت وەڵاەکە گوزارشت لە هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ چارەسەرکردنی " ڕەوشی نالەباری مرۆیی و ئاستەنگە ئاسایشییەکان دەکات" لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. داواشی لە هەموو لایەنەکانی سوریا کردووە، لەنێویاندا هەسەدەش، "مافی مرۆڤ بەرزبگرن"، و ڕایگەیاندووە، لەگەڵ ئەو گروپ و کەسانەی نێو هەسەدەدا کار دەکەن کە "بە شێوەیەکی گونجاو پشکنینیان بۆ کراوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، تاکە چارەسەر "ناردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەستبەسەرکراوەکانە بۆ وڵاتی ڕەسەنی خۆیان."

لە ساڵی 2014 وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هاوپەیمانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ "تێکشکان و لەناوبردنی" داعش دامەزراند. لە کاتێکدا هاوپەیمانییەکە لە ڕووی تەکنیکییەوە لە 29 دەوڵەت پێکهاتووە، بەڵام ئەمەریکا کاریگەرترین ئەندامی ئەو هاوپەیمانییەیە. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی SDF و هێزە ئاسایشییەکانی سەر بە ئەمەریکا دابین کردووە. هاوپەیمانییەکە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا هەروەها ڕۆڵی سەرەکی گێڕاوە لە ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستبەسەر کراون بۆ وڵاتانی خۆیان لەنێویاندا عێراق.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG