Accessibility links

لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بینای کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بەلانی کەم 8 کەس دەکوژرێن


ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا و لە ئەنجامدا باڵەخانەیەکی تەنیشت باڵیۆزخانەی ئێران لە شارەکە خاپوور بوو.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕادەگەیەنێت لەو هێرشەدا هەشت کەس لە ناو باڵەخانەکە کوژراون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا سانا ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل بینای کونسوڵخانەی ئێرانی لە گەڕەکی مەززەی دیمەشق کردە ئامانج".

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی لوبناییەوە دەڵێت سەرکردەیەکی هێزی قودسی سوپای پاسداران بە ناوی محەمەد ڕەزا زاهیدی لەو هێرشەدا کوژراوە.

هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن ئیسرائیلەوە نەدراوە، لە کاتێکدا لەوەتای شەڕی غەززە لە 7ی مانگی دەوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرئیل دەستی پێکردووە، هێرشەکانی بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی پەیوەست بە ئێران چڕتر کردووەتەوە.

پەیامنێرانی ئاژانسی فرانس پرێس لە شوێنەکەدا پشتڕاستیان کردەوە کە بینای تەنیشت باڵیۆزخانەکە کە بە باڵیۆزخانەکەوە لکاوە، لە گەڕەکێکی گرانبەهای دیمەشق خاپوور کراوە.

ئاژانسی دەنگوباسی نووری ئێران ڕایدەگەیەنێت " حوسێن ئەکبەری، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق و ئەندامانی خێزانەکەی لەو هێرشەدا هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە.

ئەم ڕووداوە چەند ڕؤژێک پاش ئەوەیە کە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 53 کەس لە سوریا کوژراون لە ناویاندا 38 سەرباز و حەوت ئەندامی حزبوڵای سەر بە ئێران.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ڕۆیتەرز، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG