Accessibility links

لە ئێران سێ زیندانی کورد پێش لە سێدارەدانیان ئەشکەنجە دەدرێن


دوو مانگ لەمەوبەر چوار زیندانی کورد بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی، ڕەحمان پەڕحازوو و نەسیم نەمازی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ورمێ‌ لە سێدارەدران.

بە گوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وەفا هەنارە، ئارام عومەریی بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو پێش لەسێدارەدانیان بە تۆمەتی پەیوەندییان بە "هاوکاری هەواڵگری و سیخوڕی بۆ ئیسڕایل" لە ژووری تاکەکەسی زیندانی کرابوون، لە لایەن بەرپرسانی بەشی بەندیخانەوە بە توندی ئەشکەنجە دراون.

بە گوێرەی سەرچاوەی ئەو ناوەندی مافەکانی مرۆڤ 10 ڕۆژ پێش لە سێدارەدانیان لێژنەیەک لە تارانەوە دێت و داوایان لێدەکات ئەگەر پەشیمان ببنەوە، دۆسیەکانیان بۆ کۆمیسیۆنی لێخۆشبوونی سەر بە دەزگای دادوەری دەنێرن کە هەڵبەت ئەوانیش بێ ئەوەی ڕێگەی خوێندنەوەی داوانامەکەیان پێبدرێت، واژۆی دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاگایی دەدات 28ی مانگی 12ی 2023 بە بێ ئاگادارکردنەوە ڕەوانەی زیندانی تاکەکەسییان دەکەن و پاش ئەوەی چاویان بە ئەندامانی بنەماڵەکانیان دەکەوێت تێدەگەن کە داواکەیان پشتگوێ خراوە. هەربۆیە چەند کاتژمێرێک پێش لە سێدارەدانیان ناڕازی دەردەبڕن؛ بەڵام لە بەرامبەردا، بەرپرسانی بەندیخانە هێرش دەکەنە سەریان و بە سەختی برینداریان دەکەن. پاشان، بە جەستەی خوێناوییەوە و بە ڕاکێشان بۆ شوێنی لە سێدارەدانیان دەبەن لە کاتێکدا هاواریان دەکرد کە "ئەوان بێتاوانن".

هەروەها ئەو ناوەندی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، تەرمی ئەو بەندکراوانە هەتا 29ی مانگی 12ی 2023 ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەوە و دیار نییە لە کوێ نێژراون.

XS
SM
MD
LG