Accessibility links

گیان لەدەستدانی گوماناوی زیندانیەکی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە


میدیاکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بڵاویانکردەوە کە زیندانێکی سیاسی کورد بە ناوی شاهین گەلەداری، خەڵکی ئورمیە، بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندی شارەکە گیانی لە دەستداوە، بەرپرسانی بەندیخانەکە دەڵێن ناوبراو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ڕێکخراوەی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەرپرسانی بەندیخانەکە بەندکراوان و بنەماڵەی ناوبراویان ئاگادار کردووەتەوە کە شاهین خۆی کوشتووە و تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ورمێ گواستراوەتەوە.

بە گوێرەی زانیاریارییەکانی ئەو ڕێکخراوەی پشت بە چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ‌وە بانگراوە، هەڕەشەیان لێکردووە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییان داوە.

ئەو بەندکراوە دوای ئەوەی بە بێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە 28ی مانگی 2ی 2019 دا دەستبەسەر کرا، پاش ماوەیەک بەدانانی بارمتە ئازادکرا. بەو حاڵەش بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرابوو.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتن لە زیندانی ناوەندی ئورمیە

چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە جەختیان لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی خراپی بەرپرس و کاربەدەستانی زیندانەکانی ئێران کردووەتەوە لەگەڵ زیندانیان و هۆشدارییان داوە کە ئەم حاڵەتانە تا دێت زیاتر دەبن.

بەپێی ئامارەکان و ئەو بەڵگانەی دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کەوتوون، لە ماوەی ساڵی 2023دا لانی کەم 35 بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان زیندانی کورد بوون و لانی کەم 12 زیندانی لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەستداوە.

XS
SM
MD
LG