Accessibility links

تورکیا کۆشش دەکات بۆ ڕاگرتنی توندوتیژی دژی ژنان


موهیتەریم ئەڤچیل لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کە دوورکەوتوونەتەوە لە یەکتر، لە شوێنی کارەکەی لە ئیستەنبوڵ بە چەقۆ کوژرا، هەر لەوێدا پێشتر چەندین جار بێزاری کردووە، سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا نەدەبوو لە ئەڤچیل نزیک ببێتەوە. ڕۆژێک پێش کوشتنی ئەڤچیل، هاوسەرەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا بەهۆی ئەوەی یاساکەی پێشێل کردبوو، بەڵام دواتر ئازاد کرا.

زیاتر لە 10 ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، خوشکەکەی ئەڤچیل پێی وایە ئەڤچیل هێشتا لە ژیاندا دەبوو ئەگەر بەرپرسان یاساکانی پاراستنی ژنانییان جێبەجێ بکردایە و بیانخستایە زیندانەوە.

چەگدیم کەزی وتی " هەتاوەکو ئەو کاتەی دادپەروەریی پشتگوێ بخرێت و پیاوان بخرێنە پێشەوە، ژنان لەم وڵاتەدا هەمیشە دەگرین."

کوژرانی ئەڤچیل لە ساڵی 2013 دا بووە هۆی زیادبوونی داواکان بۆ پاراستنی ژنان لە تورکیادا، بەڵام چالاکەوانان دەڵێن وڵاتەکە بەرەوپێشچوونێکی کەمی کردووە لە پاراستنی ژنان و ڕێگریکردن لە کوشتنییان. دەڵێن یاساکان بۆ پاراستنی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێن و ئەوانەی سوکایەتی بە ژنان دەکەن سزا نادرێن.

بەپێی گروپی ' کوشتنی ژنان ڕادەگرین '، ساڵی ڕابردوو لانیکەم 403 ژن لە تورکیا کوژراون، زۆربەیان لەلایەن هاوسەرەکان و ئەو پیاوانەوە کە نزیکن لێیانەوە. گروپەکە چاودێری ئەو کوشتنانە دەکات کە پەیوەستن بە ڕەگەزەوە و پشتیوانی بۆ قوربانییان توندوتیژی دابین دەکات.

ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا 71 ژن لە تورکیا کوژراون، حەوت ژنییان لە 27 ی مانگی دوودا کوژران، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لەو جۆرە کوشتنانە لە تەنها یەک ڕۆژدا.

سکرتێری گشتی گروپەکە فیدان ئەتاسەلیم هۆکاری کوشتنەکانی گەڕاندەوە بۆ نەریتی پیاوسالاریی لە وڵاتە زۆرینە موسوڵمانەکەدا، ئەتاسەلیم دەڵێت هۆکارێکی دیکە زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنانەیە کە دەیانەوێت واز لە پەیوەندییە بە کێشەکانییان بهێنن، هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە ژنان دەیانەوێت لە دەرەوەی ماڵەکانییان کاربکەن.

ئەتاسەلیم وتی ژنان لە تورکیا دەیانەوێت ئازادانەتر و یەکسانانەتر بژین. ژنان گۆڕاون و بە شێوەیەکی ئەرێنی زۆر بەرەوپێشچوون. پیاوان ناتوانن ئەمە قبووڵ بکەن، بەهۆی ئەوەوە بە توندی هەوڵ دەدەن ئەو بەرەوپێشچوونەی ژنان سەرکوت بکەن."

تورکیا لە ساڵی 2011 دا یەکەمین وڵات بوو بۆ واژۆکردن و پەسەندکردنی پەیماننامەیەکی ئەوروپایی لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان کە بە پەیماننامەی ئیستانبوڵ ناسراوە. بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان 10 ساڵ دواتر تورکیای لەو پەیماننامەیە کشاندەوە.

بڕیارەکەی ئەردۆغان دوای فشارەکانی گروپە ئیسلامییەکان و هەندێک لە بەرپرسانی پارتە ئیسلامییەکەی ئەردۆغانەوە هات. وتییان پەیماننامەکە ناگونجێت لەگەڵ بەهاکانییاندا و یەکگرتوویی خێزان تێکدەدات و هانی جیابوونەوەی نێوان هاوسەران دەدات.

ئەردۆغان وتوویەتی باوەڕی وایە پیاوان و ژنان لە ڕووی بایۆلۆجییەوە بە یەکسانی دروست نەکراون و ئەرکی سەرەکی ژنان دەبێت خێزانەکەیان و دایکایەتی بێت.

ئەردۆغان وتی تورکیا پێویستی بە پەیماننامەی ئیستەنبوڵ نیە و بەڵێنیدا " بەردەوام باشتر بێت " لە ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان.

وەزیری کاروباری خێزان مەهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش دەڵێت پاراستنی ژنانی کردووە بە ئەرکی سەرەکی خۆی و خۆی بە تایبەتی ئاگاداریی دادگاییکردنەکانە.

وتی " تەنانەت ئەگەر قوربانییەکان خۆشییان دەستبەرداری دۆسییەکانییان بن، ئێمە بەردەوام دەبین لە دۆسییەکانییان."

ئەتاسەلیم وتی پەیماننامەی ئیستانبوڵ چینێکی دیکە بوو بۆ پاراستنی ژنان و هەوڵ دەدات وابکات تورکیا بگەڕێتەوە سەر پەیماننامەکە. گروپەکەی ئەتاسەلیم داوای دامەزراندنی هێڵێکی گەرمی پەیوەندی دەکات بۆ ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها داوای کردنەوەی پەناگەی زیاتری کردووە بۆ ژنان، دەڵێت ژمارەی پەناگەکان لە ئێستادا زۆر کەمترە لەوەی کە پێویستە.

ئەتاسەلیم وتی لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت یاساکانی ئێستا زۆر بە باشی جێبەجێ بکرێن.

چالاکەوانان دەڵێن دادگاکان زیاتر لە بەرژەوەندیی ئەو پیاوانە بڕیار دەدەن کە بانگەشەی ئەوە دەکەن وروژێندراون بۆیە توندوتیژییان بەرامبەر ژنان ئەنجام داوە، ئەوانەشی کە لە ماوەی دادگاییکردنەکانییاندا پەشیمانی دەردەخەن و بە باشی هەڵسوکەوت دەکەن.

چالاکەوانان دەڵێن ئەو یاسایانەی کە پیاوان یاخود هاوسەرەکان لە ژنان دووردەخاتەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کەمن و ئەوانەی کە یاساکە پێشێل دەکەن دەستگیر ناکرێن، ئەوەش ژنان دەخاتە مەترسییەوە.

ئەتاسەلیم وتی " باوەڕمان وایە هەموو دۆسییەکانی کوشتنی ژنان دەکرا ڕێگری لێبکرایە."

ساڵانە چالاکەوانانی ژنان لە تورکیا لە هەشتی مارسی ڕۆژی ژنان و ڕۆژی جیهانیدا بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە 15 ی مانگی یانزەدا دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای پاراستنێکی زیاتری ژنان دەکەن و هەروەها داوا دەکەن تورکیا بگەڕێتەوە سەر پەیماننامەکە.

بەرپرسانی تورکیا بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەو جۆرە گردبوونەوانە قەدەغە دەکەن.

XS
SM
MD
LG