Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەیەکی ناوەکی ئۆکرانیا دەکەن


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەی زاپۆرزەیایان کردووە کە گەورەترین وێستگەی ناوەکییە لە ئەوروپادا و دەکەوێتە نزیک شاری ئێنەگۆداری ئۆکرانیاوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانییان کرد و ئاگرێک لە وێستگەکەدا کەوتەوە.

پشکنەرەکانی ناوەکی ئۆکرانیا وتیان هیچ تیشکدانەوەیەک لە وێستگەکەوە دزەی نەکردووە و کارمەندانی وێستگەکە بەشێوەیەکی پارێزراو بەردەوامن لە کارەکانیان. بەرپرسانی ئۆکرانیا وتیان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە ئاگرەکەی وێستگەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئینەرگۆدار شارێکی گرنگی بەرهەمهێنانی کارەبایە لەسەر ڕووباری دنیپەر، دەکەوێتە دووری 700 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیێڤەوە. وێستگەکە نزیکەی لە سەدا 25 ی کارەبای ئۆکرانیا بەرهەم دەهێنێت.

کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکیدا کردووە و زانیارییەکانی سەبارەت بە ئاگرەکەی وێستگە ناوەکییەکە پێگەیشتووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێڵێنسکی وتی " ئەوروپییەکان تکایە بەخەبەر بێنەوە. بە سیاسەتمەدارەکانتان بڵێن هێزەکانی ڕووسیا تەقە لە وێستگە ناوەکییەکان دەکەن لە ئۆکرانیا."

کۆشکی سپی وتی " سەرۆک بایدن داوای لە ڕووسیا کردووە ئەرکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا ڕابگرێت و ڕێگە بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بدات بگەنە وێستگەکە."

لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا وتی " کارە سەرکێشییەکانی سەرۆک پوتن دەکرێت پارێزراوی سەرانسەری ئەوروپا بخاتە مەترسییەوە."

هەروەها وتەبێژی حکومەتی ژاپۆن وتی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر وێستگەکە " دڕندانەیە و جێی قبوڵکردن نیە."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش داوای " لە سەرجەم لایەنەکان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان لە زیادکردنی گرژییەکان بەدووربگرن و دڵنیاببنەوە لە پارێزراوی وێستگە ناوەکییە پەیوەندیدارەکان."

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتی " زۆر نیگەران بووە " سەبارەت بە ڕەوشی وێستگە ناوەکییەکە. بەرپرسانی ئۆکرانیاش دەزگاکەیان دڵنیا کردەوە لەوەی ماددە " هەستیارەکان " هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG