Accessibility links

سەرۆک ئۆباما و سەرۆکی فەڕەنسا کۆکن لەسەر لەناوبردنی داعش


سەرۆک ئۆباما دەڵێت ئەمەریکا و فەڕەنسا کۆک و یەک دەنگن بۆ گەیاندنی تێرۆرسـتان بە سزای خۆیان، ئەمەش پاش هێرشەکانی پاریس کە داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لێ ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشـکی سـپی و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ فڕانسوا ئۆلاند هاوتا فەڕەنسیـیەکەی، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی "ناکرێت لە داعش خۆشبین و دەبێت لەناوی بەرین و پـێکەوە ئەم کارە ئەنجام‌بدەین."

پاشان گوتی داعش جێی مەترسیـیە بۆ هەموو جیهان و لەسەرمانە خۆی و بیروباوەڕەکەی لەناوبەرین. گوتیشی گروپە تێرۆرستیـیەکان دەتوانن دەستمان لێبەوەشێنن بەڵام ناتوانن بمانبەزێنن، بۆیە لە کۆتایـیدا بەسەر داعش سەردەکەوین.

سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکانی دژی داعش، سەرۆک ئۆباما گوتی توانیویانە لە زۆر ناوچە هێڵەکانی گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی بۆ داعش ببڕن. داواشی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد کاربکەن بۆ ڕێـگەگرتن لە تێرۆرسـتان و نەهێڵن ئەو کەسە بیانیـیانەی چوونەتە ناو داعش جارێـکی دیکە بگەڕێنەوە.

لە بارەی هێرشەکانی پاریس، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی هێرشی داعش بۆ سەر پاریس ئامانجی لێدانی ئەو پـێـکەوە ژیانی نێوان ئاین و کولتورە جیاوازەکان بووە. گوتیشی تاوانکاران نەک تەنها هێرشیان کردە سەر فەڕەنسا، بەڵکو بۆ سەر تەواوی دیموکراسیـیەت.

باسی لەوەش کرد خەڵکی ڕێگە نەدەن ترس ژیانیان تێـکبدات، چونکە ئەوە وەکو سەرکەوتنێـک بۆ تێرۆرسـتانی لێدێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت وریابین. جەختی لەوەش کرد دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا هەرچی لە توانایاندایە دەیکەن بۆ پاراستنی باری ئاسایشی ئەمەریکا.

سەرۆکی فەڕەنساش لای خۆیەوە گوتی پـێویستە بە یەک دەنگ وەڵامی تێرۆر بدەینەوە و دەبێت داعش لە هەموو شوێنێـک لەناوببرێت و کۆمەک و یارمەتی لێببڕن و سەرکردەکانی لە هەر کوێـیەک بن ڕاوبنرێن.

پاشان دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ سەرۆک ئۆباما بڕیاریان داوە هێرشە ئاسمانیـیەکانیان لە دژی داعش لە عێراق و سوریا چڕتربکەن بە هاوکاری لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، ئەمەش تاوەکو پاڵپشـتی ئەو لایەنانە بکەن کە لەسەر زەوی شەڕی داعش دەکەن.

هەروەها ئاشکرای کرد پاریس و واشنتن پشـتیوانی لە داخسـتنی سنووری نێوان تورکیا و سوریا دەکەن تاوەکو ڕێگە لەو کەسانە بگیرێت کە دەیانەوێت پەیوەندی بە داعشەوە بکەن.

XS
SM
MD
LG