سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی ڕایگەیاند سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس و چەندین بەرپرسی نێودەوڵەتی لەم هەفتەیەدا لە ڕیازی سعودیە کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانیدا دەبێت و مەبەست لێی هەوڵدانە بۆ ڕێککەوتنێکی ئاشتی لە غەززەدا.
بۆرگ برێندی سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕیاز وتی " ئێستا یاریکەرە سەرەکییەکان لە ڕیازن و بە هیوای ئەوەی گفتوگۆکان ببنە هۆی پڕۆسەیەک بەرەو ئاشتی و ئاشتەوایی." وتیشی قەیرانی مرۆیی غەززە یەکێک دەبێت لە بابەتەکانی گفتوگۆکان.
برێند وتی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت، هەریەک لە سەرۆک وەزیری قەتەڕ و وەزیری دەرەوەی سعودیە و شازادەی جێنشینی عومان و بەرپرسانی بەحرەینیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن.
برێند وتیشی وەزیری دەرەوەی میسڕیش لەوێ دەبێت و زانیارییەکان دەدات سەبارەت بەو گفتوگۆیانەی کە نێوەندگرە میسڕییەکان ڕۆژی هەینی لە ئیسڕائیل ئەنجامییان داون، گفتوگۆکانی میسڕ لە ئیسڕائیل هەوڵێک بوون بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی ناو غەززە و گەڕانەوەی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لە غەززە گیراون.
برێند وتی " ئێستا جووڵەیەک هەیە بۆ گفتوگۆکان لەسەر بارمتەکان و ئەگەری ئاگربەستێکیش."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز