Accessibility links

ئیسماعیل ھەنییە لە ئەستەمبوڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆبووەوە


ئەردۆغان و هەنییە
ئەردۆغان و هەنییە

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا ڕایگەیاند ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە نووسینگەی خۆی میوانداری ئیسماعیل هەنییە ، بەرپرسی نووسینگەی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس کردووە.

ئەم دیدارە لە پشت دەرگا داخراوەکان لە نووسینگەی سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەڕێوەچووە. هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕۆژی چوارشەممە لە ماوەی سەردانێکدا بۆ دەوحە لەگەڵ هەنییەدا کۆبووەوە.سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، فیدان و هەنییە لەگەڵ شاندەکەیدا باسیان لە پرسەکانی تایبەت بە هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئاگربەست و هەروەها بارمتەکان کردووە.

تورکیای ئەندام لە ناتۆ سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسڕائیلی کردووە بۆ سەر غەززە و داوای دەستبەجێ ئاگربەستی کردووە. ئەردۆغان حەماسی بە " بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز " ناوبردووە و هاوکات ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا گرتووە لەسەر پشتیوانییەکانییان بۆ ئیسڕائیل. ئەنکەرە کۆتوبەندی بازرگانیشی سەپاندووە بەسەر ئیسڕائیلدا.

پێشتر ئەردۆغان بە یاسادانەرانی پارتەکەی لە پەرلەمان ڕاگەیاندبوو" لە کۆتایی هەفتەدا میوانداری سەرکردەی پرسی فەلەستینییەکان دەکەم. تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت دەکەین."

سەردانەکەی هەنییە بۆ ئەستەمبوڵ یەکەم گەشتییەتی بۆ تورکیا لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە غەززە. هەروەها لە کاتێکیشدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە زیادییان کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر ئیسڕائیل وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر کونسۆڵخانەی ئێران لە دیمەشق لە 1 ی مانگی چواردا.

ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئەردۆغان وتی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و سەرکردەکانی ئیسڕائیل بە تەنها بەرپرسن لە قەیرانەکانی ناوچەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز/ئاژانسی ئەنادۆڵ

XS
SM
MD
LG