Accessibility links

ئایە جگەرەی ئەلیکترۆنی هەمان زیانی جگەرەی ئاسایی بۆ تەندروستی هەیە؟


شەست ساڵ لەمەوبەر، ئۆفیسی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە مشتومڕێکی درێژخایەنی سەبارەت بە مەترسییەکانی جگەرە یەکلاییکردەوە و بووە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە جگەرەکێشان لە ئەمەریکادا. ئەمڕۆ هەندێک لە پسپۆڕانی تەندروستی گشتی دەڵێن دەکرێت ڕاپۆرتێکی هاوشێوە یارمەتیدەر بێت لە یەکلاکردنەوەی بابەتی کێشانی جگەرەی ئەلیکترۆنی کە بە ڤەیپ ناسراوە.

زۆرێک لە ئەمەریکاییە تەمەن سەروو 18 ساڵەکان پێیان وایە کە ڤەیپی نیکۆتین هێندەی، یان مەترسیدارترە لە جگەرەکێشان. بەڵام ئەو بۆچوونە هه‌ڵه‌یه‌. بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا و زۆربەی زانایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە بە پشتبەستن بە بەڵگەی بەردەست، جگەرەی ئەلیکترۆنی زۆر کەمتر مەترسیدارترە لە جگەرەی ئاسایی. بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی بێ زیان بێت. یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان ئەوەیە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی ئەوەندە لە مێژەوە بەکارنەهاتووە تا زاناکان بۆیان ڕوونبێتەوە ئایا ئەوانەی دەیکێشن تووشی کێشەی وەک شێرپەنجەی سییەکان و نەخۆشییەکانی دڵ دەبن یان نا.

شارەزایانی تەندروستی ناکۆکن سەبارەت بەوەی ئایا ئەو ئامێرانە تاوەکو چەند زیانبەخشن یاخود یارمەتیدەرن. لاورێنس گۆستن، شارەزای یاسای تەندروستی گشتی لە زانکۆی جۆرجتاون دەڵێت زانیارییەکی ڕوون لەسەر ئەو بابەتە پێویستییەکی بەپەلەیە.

وتی " قسەی زۆر سەر لێشێواندن هەن سەبارەت بە ڤەیپینگ، ڕاپۆرتێکی پزیشکی نەشتەرگەری گشتی ئەمەریکا دەتوانێت ئەوە یەکلایی بکاتەوە، ڕوونی بکاتەوە."

پزیشک کێڵی هێنینگ کە ڕابەرایەتی پڕۆگرامی تەندروستی گشتی دەکات لە بلوومبێرگ فیلانترۆپیس، دەڵێت " نەبوونێکی بەرچاوی بەڵگە هەیە."

جگەرەکێشان وڤەیپکێشان

لە مێژە جگەرەکێشان بە هۆکاری سەرەکی مردن لە ئەمەریکا دادەنرێت کە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت . سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ژمارەی قوربانیانی ساڵانە بە 480 هەزار کەس خەمڵاندوو. بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن گۆڤاری پزیشکی خۆپارێزی ئەمەریکاییەوە بڵاوکراوەتەوە، پێویستە ئەو ژمارەیە لە دەوروبەری ساڵی 2030 دا دەست بە کەمکردنەوە بکات، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی ڕێژەی جگەرەکێشان کە لە ساڵانی شەستەکانەوە دەستیپێکردووە.
لەو کاتەدا، تەپڵەکەکانی خۆڵەمێش لە هەموو شوێنێک بەدی دەکران، و زیاتر لە 42%ی کەسانی سەرو تەمەن 18 ساڵ لە ئەمەریکا جگەرەیان دەکێشا. لە 11 ی 1 ی ساڵی 1964 دا، پزیشکی گشتی نەشتەرگەری ئەمەریکا جەنەڕاڵ لوتێر تێری ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتبوو جگەرەکێشان دەبێتە هۆی نەخۆشی و مردن، و پێویستە حکومەت شتێک لەو بارەیەوە بکات. ڕاپۆرتەکە بە ساتێکی وەرچەرخان دادەنرێت، لە دەیان ساڵی دواتردا، لەیبڵی هۆشداری لەسەر پاکەتی جگەرە دانرا، ڕیکلامی جگەرە قەدەغەکرا، حکومەتەکان باجی تووتنیان بەرزکردەوە و کۆتوبەندی نوێ دانرا بۆ ئەوەی خەڵک لە کوێدا بتوانن جگەرە بکێشن. تا ساڵی 2022 ڕێژەی جگەرەکێشانی گەورەساڵان 11% بووە.

جگەرەی ئەلیکترۆنی یان ڤەیپ لە ساڵانی 2010 کاندا لەنێو گەورەساڵان و هەروەها هەرزەکارانی خوار تەمەن 18 ساڵ بڵاوبووەوە. لە ساڵی 2014 دا جگەرەی ئەلیکترۆنی جگەرەی ئاسایی تێپەڕاند وەک ئەو بەرهەمە تووتنەی کە گەنجان زۆرترین بەکاریان هێناوە. تاوەکو ساڵی 2019 لەسەدا 28 ی خوێندکارانی ئامادەیی خەریکی کێشانی ڤەیپ بوون.

سوود و زیانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی

جگەرە بە کوشندەترین بەرهەمی بەکارهێنەریی ناوزەند کراوە کە تا ئێستا داهێنراوە. دوکەڵەکەیان هەزاران مادەی کیمیایی تێدایە کە لانیکەم 69 ماددەیان دەبنە هۆی شێرپەنجە. هەڵمی جگەرەی ئەلیکترۆنی زۆر کەمتر مادەی کیمیایی تێدایە، و کەمتر مادەی شێرپەنجەیی تێدایە. هەندێک مادەی ژەهراوی لە هەردووکیدا هەن، بەڵام بە چڕیی زۆر کەمتر لە هەڵمی جگەرەی ئەلیکترۆنیدا دەردەکەون بە بەراورد بە دوکەڵی جگەرەی ئاسایی. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ئەو جگەرەکێشانەی کە بە تەواوی دەگۆڕدرێن بۆ جگەرەی ئەلیکترۆنی، کارکردنی سییەکانیان باشترە و باشتربوونی ڕەوشی دیکەی تەندروستی دەبینن. بەڵام ئەی مەترسییەکانی لەسەر ئەو کەسانە چین کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە؟

دکتۆر نیل بینۆڤیتز، لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە سانفرانسیسکۆ، کە دەنگێکی پێشەنگی ئەکادیمییە لەسەر نیکۆتین و ئاڵوودەبوون بە تووتن، دەڵێت 100 بۆ 200 توێژینەوە لەسەر جگەرەی ئەلیکترۆنی هەبوون.

توێژینەوەکان نیشانەکانی هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە و توندبوونەوەی تەنگەنەفەسی لەو گەنجانەدا دەستنیشان کردووە کە ڤەیپ دەکەن. هەروەها توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەو خانانە هەبێت کە هێڵکاری خوێنبەرەکان و دڵ دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی گەڕان بەدوای پەیوەندییەکدا بە نەخۆشییەکانی دڵەوە. ڕەنگە زۆرترین نیگەرانی ئاماژەپێکراو نیکۆتین بێت، ئەو هاندەرەی کە جگەرە و ڤەیپەکان ئالوودەبوون دەکات.

توێژینەوەکان لەسەر ئاژەڵان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرکەوتنی نیکۆتین لە هەرزەکاراندا دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەشەکردنی ئەو ناوچەیەی مێشک هەبێت کە بەرپرسە لە سەرنجدان و فێربوون و کۆنترۆڵکردنی لێدانی دڵ. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان لەسەر مرۆڤەکان پەیوەندییەک لە نێوان ڤاپینگ و نیشانەکانی ADHD و خەمۆکی و هەستکردن بە فشاری دەروونیدا نیشان دەدەن. بەڵام شارەزایان دەڵێن، توێژینەوەکە زۆر سنووردارە و پێویستی بە کاری زیاتر هەیە. لەم نێوەندەدا، تەنانەت کۆدەنگییەکی زانستی ڕوونیش نییە کە ڤەیپینگ ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان، لە کاتێکدا کە توێژینەوەی جیاواز هەن و هەریەکەیان ئەنجامی جیاوازییان هەیە.

مانگی ڕابردوو ڕێکخراوی تەندروستی جیهان ئاگاداریدا لەسەر خێرایی زیادبوونی جگەرە ئەلیکترۆنییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا، وتی بە هەزاران تام هەن و گەنجان بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن.

لە ساڵی 2016 دا پزیشکی نەشتەرگەری گشتی ئەمەریکا ڤیڤیک مێرثی وتی هەوڵەکان پێویستن بۆ ڕێگریکردن و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەلایەن منداڵان و گەورە گەنجەکانەوە، وتی نیکۆتین بە هەر شێوازێک بێت پارێزراو نیە.

XS
SM
MD
LG