Accessibility links

سەرۆکی قوبرس لە سەردانێکدا بۆ لوبنان تاوتوێی لێشاوی پەنابەرانی سوریایی دەکات


سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدیس
سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدیس

سەرۆکی قوبرس نیکۆس کریستۆدۆلیدیس لە ماوەی سەردانێکدا بۆ لوبنان لەگەڵ سەرۆک وەزیری لوبنان نەجیب میقاتیدا کۆبووەوە و تاوتوێی کۆچییان کرد، لە کاتێکدا کە قوبرس داوا لە بەرپرسانی لوبنان دەکات بەلەمەکانی کۆچبەران ڕابگرن.

قوبرس دەڵێت جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس کە بووەتە هۆی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان، هەوڵەکانی لوبنانی لاواز کردووە بۆ چاودێریکردنی ئاوەکانی و ڕێگریکردن لە دەرچوونی بەلەمەکانی کۆچبەران.

قوبرس باسی لەوەش کردووە کە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا گەیشتنی کۆچبەرانی سوریایی زیادیکردووە.

بەپێی بەرپرسانی لوبنان، وڵاتەکە میوانداری دوو ملیۆن پەنابەری سوریایی کردووە، 800,000 پەنابەرییان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا تۆمارکراون.

بەڵام قەیرانی سەختی ئابووریی لە لوبنان وڵاتەکەی کردووە بە خاڵێکی سەرەکی دەرچوونی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا.

وتەبێژی حکومەتی قوبرس کۆنستانتینۆس لیتیمبیۆتیس وتی " گفتوگۆیەکی زۆر بونیادنەرانە کراوە لە نێوان میقاتی و کریستۆدۆلیدیسدا، لە گفتوگۆکاندا ڕێککەوتوون لەسەر هاریکاریکردن لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە یارمەتی کۆمسیۆنی ئەوروپا."

بەڵام باسی لە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە یاخود یارمەتییەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپای نەکرد.

ئۆفیسی سەرۆک وەزیری لوبنانیش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی میقاتی و کریستۆدۆلیدیس جەختییان لە " گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر و بەردەوام کردووەتەوە بۆ قەیرانی ئاوارەبوونی سوریا."

میقاتی وتی " سوپا و هێزەکانی ئاسایشی لوبنان هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی."

وتی " بەڵام ئەمە ناکرێت ڕووبدات بەبێ گەڕانەوەی ئەوانەی کە بۆ پارێزراویی دەگەڕێن بۆ ناوچە پارێزراوەکانی سوریا یاخود دڵنیاییدان لەسەر نیشتەجێبوونییان لە وڵاتێکی سێیەمدا."

قوبرس چەندین ساڵە لەگەڵ لوبناندا قسە دەکات بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان، هەفتەی ڕابردوو داوای لە بڕۆکسل کرد لوبنان ناچار بکات بەلەمی ئەو کۆچبەرانە ڕابگرێت کە بەرەو قوبرس دەڕۆن، پێشنیاری ئەوەی کرد دەبێت یارمەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕابگیرێن ئەگەر کێشەکە هەر بەردەوام بێت.

کریستۆدۆلیدس داواشی لە یەکێتی ئەوروپا کردووە هەندێک لە ناوچەکانی سوریا کە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، وەکو ناوچەی پارێزراو ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی پەنابەران بە شێوەیەکی یاسایی ڕەوانەی ئەو شوێنانە بکرێنەوە.

میقاتی داوای لە یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە " هەنگاوی نوێ بگرێتەبەر و پێداچوونەوە بکات بە سیاسەتەکانیدا لەسەر ئاسایشی سوریا." بەڵام ئاماژەی بەوەدا " زیادکردنی هەوڵەکانی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی قەیرانی کۆچدا پێویستە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG