Accessibility links

براوی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی داوا لە ئێرانییەکان دەکات ناڕەزایەتی دەرببڕن لەسەر "شەڕی دژ بە ژنان"


نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی کە لە زیندانی ئێراندایە، داوای لە ئێرانییەکان کرد کە ناڕەزایەتی دەرببڕن لەسەر "جەنگی تەواو دژ بە ژنان" پاش ئەوەی دەسەڵاتداران سەرکوتکردنەکانیان زیادکردووە بە مەبەستی ناچارکردنی ژنان تا پابەندبن بە حیجابی زۆرەملێ.

محەمەدی کە لە زیندانی ئێڤینی تاراندا ڕاگیراوە، لە ڕێگەی پەیجی تایبەتی خۆیەوە لە ئینستاگرام داوای لە ژنانی ئێرانی کرد کە چیرۆکی دەستبەسەرکردن و هەراسانکردنی سێکسی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بڵاو بکەنەوە.

لەگەڵ زیادبوونی ئاڵۆزییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەسەڵاتدارانی ئێران لەم مانگەدا ئۆپەراسیۆنێکی سەرتاسەرییان بۆ سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژناندا ڕاگەیاند، کە ماوەیەکی کەم دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979وە ئەم بڕیارە بەسەر ژناندا سەپێندراوە.

چالاکوانان ڕایانگەیاندووە، ژنان لە لایەن بەناو پۆلیسی ئاکارەوە دەستبەسەر دەکرێن و بۆ بنکەکانی پۆلیس دەبرێن.

محەمەدی لە پەیامێکدا کە شەوی یەکشەممە لە لایەن لایەنگرانییەوە بڵاو کرایەوە دەڵێت "خەڵکی ئێران، داوا لە ئێوەی هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، کرێکاران، مامۆستایان، و خوێندکاران دەکەم... لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم شەڕەی دژی ژنان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزی هاوبەشکردنی ئەزموونەکانت بە کەم مەزانە، بەم کارە حکومەتی ژنکوژ ئاشکرا دەکرێت و بەچۆکی دادەدەیت".

ئەو دەسەڵاتدارانی بە هێنانی "جەنگێکی تەواو لە دژی هەموو ژنان بۆ هەموو شەقامێکی ئێران" تۆمەتبار کرد.

پشتیوانانی دەڵێن محەمەدی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە زیندانی ئێڤینەوە پەیامەکەی گەیاندووە. ئەو کە بۆ ماوەی پێنج مانگ لە بەکارهێنانی کارتی تەلەفۆنی زیندانەکەی خۆی بێبەش بوو، کارتی تەلەفۆنی هاوڕێی دەستبەسەرکراوی سپیدێ غۆلیان کە هاوکات لەلایەن گروپەکانی مافی مرۆڤەوە وەک زیندانییەکی سیاسی سەیر دەکرێت، بەکارهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، زیندانییەکی تازەی گرتووخانەی ئێڤین ناوی (دینا قالیبافە)ە، ڕۆژنامەنووس و خوێندکارە، کە بەپێی زانیارییەکانی گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ، پاش ئەوە دەستگیرکراوە کە هێزەکانی ئاسیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆمەتبار کردووە بەوەی کە لە دەمی دەستگیرکردنیدا پێشتر قۆڵبەستکراوە و توندوتیژی سێکسی بەرامبەر کراوە.

محەمەدی دەڵێت "ساڵانێکە شاهیدی زۆرێک لەو ژنانە بووین کە لەلایەن بریکارەکانی حکومەتەوە دەستدرێژیان کراوەتە سەر و ئازاردراون."

محەمەدی تەمەن 52 ساڵ، ساڵی ڕابردوو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەڵمەتەکەی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کە بەشێکی زۆری دوو دەیەی ڕابردووی لە زیندان و دەرەوەی زیندان بەسەربردووە.

لە مانگی 11ی ساڵی 2021وە زیندانی کراوە و ماوەی چەند ساڵێکە هاوسەرەکەی و دوو منداڵە دووانەکەی نەبینیوە کە دانیشتووی پاریسن.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئاسایش"دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر دەستگیرکراوان و ئەشکەنجەیان داون" لە کاتی سەرکووتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ساڵانی 2022 و 2023.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەیان کردووە لە پێشێلکارییەکانی دژی 10کەسی دەستبەسەرکراوی ئەو ناوچانەی کە کورد و بەلوچ و کەمینە ئازەرییەکانی تێدان.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG