Accessibility links

ئەردۆغان و هەنییە کۆدەبنەوە


سەرۆکی تورکیا ڕایدەگەیەنێت میوانداریی ڕێبەری ڕێکخراوی حەماس دەکات لە ڕۆژانی پشووی ئەم هەفتەیەدا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە لێدوانێکدا بۆ یاسادانەرانی وڵاتەکەی دەڵێت "ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری دۆسێی فەلەستینیەکان میوانی من دەبێت."

ئەردۆغان دەڵێت "تەنانەت ئەگەر هەر خۆم بە تەنیا بمێنمەوە، ئەوا تا ئەو کاتەی خوا ژیانی پێداوم، پشتیوانی لە خەباتی فەلەستینییەکان دەکەم و دەبمە دەنگی گەلی سەرکوتکراوی فەلەستین."
سەرۆکی تورکیا ڕێکخراوی حەماس بە هێزێک بۆ بەرەنگاربوونەوە ناودێر دەکات.

سەرۆکی تورکیا ناڵێت لە کوێ ڕێبەرە سیاسییەکەی حەماس دەبینێت، بەڵام تەلەفزیۆنی ئێن تی ڤی لە ڕاپۆرتەکانیدا ئاماژەی کردووە بەوەی ڕۆژی شەممە دیدارەکە لە کۆشکی دۆڵمەباخچە دەبێت لە ئەستانبوڵ.
دواترین کۆبوونەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ بەرپرسانی فەلەستیندا، لە مانگی 7ی ساڵی 2023دا بوو کاتێک میوانداریی ئیسماعیل هەنییە و مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکانی کرد لە کۆشکی کۆماریی لە ئانکەرە.

بەپێی لێدوانێکی پێشتری حکومەتی تورکیا، ڕۆژی 2ی مانگی 1، هەنییە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیادا کۆبۆتەوە.

سەرۆکی تورکیا بە ئاشکرایی ڕەخنەو ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بە ڕووداوەکانی غەززە و بەردەوامیش لۆمەی ئیسرائیل دەکات. حەماس ڕۆژی 7ی مانگی 10ی ڕابردوو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئاکامی ئەو هێرشەش نزیکەی 1200 هاووڵاتی ئیسرائیل کوژران و زۆربەیشیان خەڵکی سیڤیل بوون، ئەمە بێ لەوەی حەماس ژمارەیەکیش بارمتەی گرتووە و زۆربەی بارمتەکانیش ژنن و بڕواش وەهایە هێشتا لە کەرتی غەززە بن.

هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دوای ئەو هێرشەی حەماس، کردەی لەشکریی خۆیان دەستپێکرد لە کەرتی غەززە و وەزارەتی تەندروستی حکومەتەکەی حەماس دەڵێت تا ئێستا بەلانیکەم 33900 کەس لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون و زۆربەی کوژراوەکانیش ژن و منداڵن.

قەتەر ناوبژیکارێکی نێوان ئیسرائیل و حەماسە و ڕۆژی چوارشەممە دانیناوە بەوەدا کە دانوستاندنەکان بۆ ڕاگرتنی قەیرانی خوێناوی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک.

سەرچاوە: فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG