Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی سوریا دەکات


وەزیری درەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان
وەزیری درەوەی ئێران حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان

میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویان کردەوە، ڕۆژی دووشەممە وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پایتەختی سوریای کردووە، دوای هەفتەیەک لە هێرشێکی کوشندە کە کونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق وێران کرد و ئێران ئیسرائیل بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار دەکات.

تاران، هاوپەیمانێکی سەرەکی دیمەشق، بەڵێنی داوە تۆڵەی هێرشە ئاسمانییەکەی دووشەممەی ڕابردوو بۆ سەر بەشی کونسوڵگەریی باڵوێزخانەی ئێران بکاتەوە کە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناویاندا دوو ژەنەڕاڵیش.

ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بزوتنەوەی حەماسی هاوپەیمانی ئێران، کە پاش هێرشێکی بێپێشینەی حەماس لە 7ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە عومانەوە دەستی بە گەشتێکی ناوچەیی کرد، ئەو وڵاتەی کە ماوەیەکی زۆرە هەوڵی نێوەندگیری نێوان تاران و ڕۆژاوا دەدات، لەوێ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە داوای کەمکردنەوەی ئاستی توندوتیژییەکانی کرد.

بڕیارە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لەم سەردانەدا چاوی بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا و فەیسەڵ مقداد وەزیری دەرەوەی سوریا بکەوێت، هاوکات وەزارەتی ڕاگەیاندنی سوریاش ڕایگەیاند کە بڕیارە بەشی نوێی کونسوڵگەریی ئێران دەستبەکاربێت.

ڕۆژنامەی ئەلوەتانی سەر بە حکومەتی سوریا ڕایگەیاند، دانوستانەکانی ئەو بەرپرسانە "بە شێوەیەکی سەرەکی" سەبارەت بە کاردانەوەکان لەسەر هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو دەبێت.

ڕاوێژکارێکی ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی یەکشەممە هۆشداری دا کە باڵوێزخانەکانی ئیسرائیل دوای هێرشەکە "سەلامەتی نەماون".

شرۆڤەکاران ئەو هێرشە بە پەرەسەندنی هەڵمەتی ئیسرائیل لە دژی ئێران و بەکرێگیراوە ناوچەییەکانی دەزانن، کە مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوانتر لە دەرەوەی ململانێی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، دروست دەکات.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە هێرشی کونسوڵخانەکەدا 16 کەس کوژراون کە بریتی بوون لە هەشت ئێرانی و 5 سووریایی و یەک ئەندامی گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنان، هەروەها دوو هاووڵاتی مەدەنی.

ئیسرائیل لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریاوە کە 13 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد، سەدان هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجام داوە و هێزەکانی سەر بە ئێران لەوانە حزبوڵای لوبنان و هەروەها پێگەکانی سوپای سوریا و کۆگاکانی چەکی کردووەتە ئامانج.

ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر ئەو جۆرە هێرشانە دەدات، بەڵام لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە هەڵمەتەکان زیادیان کردووە.

تاران پشتیوانی لە چەکدارە فەلەستینیەکانی حەماس دەکات بەڵام ڕەتیکردەوە هیچ دەستێوەردانێکی ڕاستەوخۆی هەبێت لە هێرشەکەی گروپەکەدا کە بووە هۆی تۆڵەسەندنەوەی بەرفراوانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG