Accessibility links

دوا پێشهاتەکانی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان


هێشتا ئەگەر و نەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باس و خواسی لایەنە سیاسییەکان و بەشێکی هاووڵاتیانە. نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لە بەغدا وتی ئەو وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی دەستنیشانکردووە و هیوادارە هەموو لایەنە سیاسییەکان بە ڕێکەوتنێک بگەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێت. لە لایەکی دیکە و لە هەمان ڕۆژ، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغدا، وتی هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا دەکرێت و هیچ پێشنیازێک بۆ دواخستنی نەکراوە.

دەپرسین:

لەو وتووێژانەی بەرپرسانی سیاسی کورد لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە بەغدا کە کردوویانە چی لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان باسکراوە؟

مەرجەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان چین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت؟

ئایە لە ناو پارتی بۆچوونی جیاواز هەیە لە بارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان؟

لێکەوتەکانی ئەنجام نەدانی هەڵبژارنی پەرلەمان بەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

1- سروە محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق.

2- شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان.

3 -سەربەست ئامێدی، شارەزای بواری هەڵبژاردن.

please wait

No media source currently available

0:00 1:15:21 0:00

سەربەست ئامێدی:

لە ساڵی 2004وە هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ئێستا، وە هەڵبژاردنەکانی کوردستانیش تا 2014 هەر ئەم کۆمسیۆنە ئەنجامی داوە، هەموو ئاڕاستەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا لە10ی مانگی شەشی 2024 ئەنجامدەدرێت، قسەکەشم بینایە لەسەر قسەکانی کاک نێچیرڤان و کاک بافڵ، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بەو پێیەی پارتی حزبی یەکەم بووە لە کوردستان دەنگدەری زۆری هەیە بۆیە بەشداری نەکردنی دەنگدەری ئەو حزبە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ڕێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردن، ئەگەرنا لەو بروایەدام پارتی ڕێگە بدات بێ بەشداری خۆیشی هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، بەڵام بێ بەشدارینەکردنی پارتی کەموکورتی زۆری تێدا دەبێت، چونکە سیاسەت لە کوردستان بەبێ پارتی یا بێ یەکێتی ناکرێت، وە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێیک لە کوردستاندا نەکراوە بێ بەشدارینەکردنی یەکێک لەو لایەنانە.

دواتر هەموو لایەنەکان لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەشداربوون کە هەر ئەم کۆمسیۆنە کۆتایی ساڵی ڕابردوو ئەنجامیدا، بۆ تێبینی لایەنەکان سەبارەت بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر ئەوە کۆمسیۆن دەبێت چارەیەکییان بۆ بدۆزێتەوە، هەندێک لەو گرفت و ڕەخنانەی ئێستا هەیە دەکرێت کۆمسیۆن چارەسەرییان بکات، سەبارەت بە خوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر، بەداخەوە لەو ماوەیەی تۆماری دەنگدان نە حزبەکان نە ئەو خەڵکانە بۆ خۆیان نەچوون دەتوانرا ئەوکاتە هەرکەس بچووایە بیووتایە ئەوە ناسنامەکەم بەس پەنجەمۆرەکەم بخوێنێتەوە ئەوکات چارەسەر دەکرا، بەداخەوە نە حزبەکان و نە خەڵکیش گرنگی نادەن بە ماوەی تۆماری دەنگدان کە ماوەکە تەواو دەبێت دواتر باسی دەکەن، هەرچەندە ئێستاش بەشێکی بە ڕێژەیەک چارەسەر دەکرێت.

ئەو نوسینەی ئەنجومەنی کۆمسیاران کە باسیان کردووە سەبارەت بە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ئەو ڕێژەیە، بەم شێوەیە باسی کردووە کە لە سلێمانی لە١٣%یە، لە هەولێر لە ١٤%یە، لە دهۆک لە ١١%یە، من کردوومە بە ژمارە، لە دهۆک ئەو ژمارە دەکاتە ٧٧هەزار، لە سلێمانی ١٣٤هەزار، هەروەها لە هەولێر دەکاتە ١٤٤هەزار، یانی کۆی ئەوانەی پەنجەمۆرییان ناخوێنرێتەوە دەکاتە ٣٥٧هەزار، کەئ ەمە بەڕاستی ڕێژەیەکی زۆرە چونکە ژمارەی دەنگدەری هەرێم ٢ملیۆن دەنگدەرە، بۆیە کۆمسیۆن پێویستە ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە تا ڕۆژی دەنگدان بەشێکیش بێت لەوانە چارەسەر بکات.

سروە محەمەد:

ئێمە کەباسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە ئێستادا پەیوەندی بە قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازە، چونکە ئێمە ئێستا کەوتوینەتە ناو بۆشاییەکی یاساییەوە کە ئەمە کاریگەری زۆری دەبێت، ترسی ئەوەمان هەیە بەوهۆیەوە لە داهاتوودا قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەڕەشەوە لەسەر هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە.

خۆ ئێمەش وەک یەکێتی تێبینیمان هەیە لەسەر هەندێک شت و ناو نەهاتنەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەڵام پاراستنی قەوارەی هەرێم لەسەرو هەموو بەرژەوەندییەکانە، چونکە اەم قەوارە بەئاسانی بنیاد نەنراوە، ترسمان هەیە لەدرێژەی نەکردنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وردە وردە کار بکرێت بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە بۆ عێراق کە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری تر لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە بدات.

بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن من لەو بڕوایەدانیم کە لایەنەکانی ناو پەرلەمان بەوە ڕازی بن، لەهەموو حاڵەتەکاندا هەروەک سەرۆک بافڵ تاڵەبانیش دوێنێ جەختیکردەوە کە دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.

هەتا حکومەتێکی بەهێز لە عێراق دەبێت، کوردستانیش بەهێز دەبێت، دەبێت کورد بەیەکگرتووی بەشدار بێت لە بڕیارەکان لە بەغداد بوونی هەبێت.

شوان کەلاری:

باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەک بابەتێکی سەرەکی یا ئەجێندای بەرنامەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداد نەبووە، باس کراوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەوانەیە زۆر باس نەکرابێت لە کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک جوزئیات، چونکە بابەتەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمەوە کە پێنج جار وادەی هەڵبژاردنی دیاریکرد، بەڵام چوار جاری پێشوو لایەنی تری سیاسی ئامادەنەبوون، ئێستاش زیاتر پەیوەندیدارە بەناوخۆی کوردستان و ڕێککەوتنی لایەنەکان نەک بەغداد.

پارتی خۆی ئەندامی هەیە لەناو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە وردی ئاگاداری کاروبارەکانە، بەشێک لەو400 هەزارەی پارتی باسی دەکات پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی تر دەنگیان داوە و بەشێکی تریش ئەمساڵ تەمەنییان گەیشتووەتە دەنگدان، وە ئەوەی چۆن دەزانین ئەوانە ئەندام و دەنگدەری پارتین، با لێرەدا باسی بکەم، ڕەنگە هەندێک کەس بڕوا نەکات کە پارتی سیستمێکی داتابەیسی پێشکەوتووی وردی ڕێکخستنەکانی خۆی هەیە کە وای بۆدەچم چەندین ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجکرابێت، جا ئەو 400 هەزارەی پەنجەمۆرییان ناخوێنرێتەوە لە ڕێگای لێدان لەو داتا بەیسە دەرکەوتووە کە سەروو 200هەزارییان ئەندامی ڕێکخستنەکانی پارتین، ئینجا ئەڵێن ئاوارەی سوری و ئێرانین، ئەوە بەشێکە لەو ئیرهابەی کەب ەرامبەر پارتی دەکرێت لە ڕێگای ئەو بانگەشانەوە، ئێخۆ 160هەزار لەوانە لەناو سلێمانین.

سەرۆکی هەرێم لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی چۆتە بەغداد تا قسە لەگەل شەرۆک وەزایران و هاوپەیمانێتی دەوڵەت بکات کە ئەو ڕێککەوتنەی کردوومانە بۆ پێکهێنانی حکومەت هیچی جێبەجێنەکراوە، کە ئیتر بابەتی موچە چارەسەر ببێت بە تەواوەتی هەروەک لە بەیاننامەکەی مەکتەب سیاسی پارتیدا هاتبوو، ئەگەرنا بۆ بابەتی هەڵبژاردن نەچۆتە بەغداد ئەوە بابەتێکی بنەڕەتی سەردانەکە نەبوو چونکە پارتی نەیوتووە هەڵبژاردن ناکەم یا بایکۆت دەکەم بەڵکو دەڵێت حازرم بۆ هەڵبژاردن بەڵام کۆمەڵێک تێبینیم هەیە ئەو تێبینیانە چارەسەر ببێت ئەوا پارتی حازرە بۆ هەڵبژاردن و لە هەڵبژاردن ناترسێت.

سەبارەت بە هەژماری من کاتێک شاندەکە هاتنە بەغداد، هاتیشنە پەرلەمان پڕۆژەکەیان بۆ ئێمەش ڕوونکردەوە، بەڕاستی هەندێک لەو زانیارییانە پێشتر نەمدەزانی، پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیانی خۆمان کە ئیتر موچە بچێتە سەر حسابەکەی نەک لەسەرەی موچە وەرگرتن بمرێت، بەداخەوە کورد نەتەوەیەکە شتی خۆمان لا بە قەدر نیە، ئەوەی ڕەخنە لە هەژماری من دەگرێت لە ڕوانگەی ئابوری نیە، بەڵکو لە ڕوانگەی سیاسیەوەیە، ئەوەتا دەبینین حزبەکانی خۆمان پەنجە و دەست و ملی یەکتر دەشکێنن، ئەگەرنا ئەو شاندەی هەژماری ڕوونکردنەوەی باشیان لە بەغداد پێشکەش کرد، چوون لەگەڵ بانکی (تی بی ئای) کۆبوونەوە تا بێنە ناو پڕۆژەکە تا هەر نەڵێن بۆ بانکی حکومی لە پڕۆژەکەدا نیە، ئەوەتا ئەوە (تی بی ئای)ش هات کەچی هێشتا کەسانێک هەر ڕەخنە دەگرن.

پشت بەخوا کێشەی موچە کۆتایی هاتووە، چونکە بڕوایەکیش لای دادگای فیدراڵی دروست بووە کە (تەوتین) بەو دەسبەجێییە ناکرێت، پشت بەخوا پێش کۆتایی مانگی چوار موچەی سێییەمیش دەدرێت.

XS
SM
MD
LG