Accessibility links

پرسی بوونی خۆراک و کاڵای ناتەندروست لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان


سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار بڕیاری قەدەغەکردنی هەندێک خۆراک و ماددە دەدرێت، بەڵام بەردەوام لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێم هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی بڕێک لەو خۆراک و ماددانە بڵاودەکرێنەوە لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەت کە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنیان دراوە لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، جا بەهۆی نەشیاوی ئەو خۆراکانە بۆ خواردن لە ڕووی تەندروستیەوە یاخود بەسەرچونیان. هەندێک لە پزیشکەکانیش ئەوە ناشارنەوە بەشێک لە نەخۆشییەکانی ئەمڕۆ بە تایبەت نەخۆشیە قورسەکان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جۆری خۆراکە.

دەپرسین:

مەرجی هێنانی هەر خۆراک و کەلوپەلێک بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان چیە؟ وەزارەتی تەندروستی ڕۆڵی لەمەدا چیە؟

ئەو خۆراکانەی دەستی بەسەردا دەگیرێن لە ناوخۆی شارەکانی هەرێم چۆن بەکواڵێتی کۆنترۆڵ و پشکنینەکاندا تێپەڕیوون؟

بۆچی سەرەڕای قەدەغەکردنی هێنانی هەندێک خۆراک کەچی هێشتا لە بازاڕەکانی هەرێم دەبینرێن؟

ئەو خۆراکانەی لە ناو بازاڕدا هەن کە بە خاڵە سنوورییەکاندا تێپەڕیوون هەتا چەند لە ڕووی تەندروستیەوە شیاوی خواردنن؟

نەخۆشیە باوەکان و هەتا چەند پەیوەندی هەیە بەو جۆرە خۆراکانەوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

1- مستەفا گەیلان محەمەد، بەرپرسی بەشی چاودێری خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی.

2 - بەهێز عەبدول لەتیف، لێپرسراوى هۆبەى كەرەنتينەى كشتوكاڵى مەرزى باشماخ و سەرپەرشتيارى كەرەنتينه كشتوكاڵيیەكان.

3- دکتۆر هۆلیم هاشم ڕەسوڵ، پسپۆری چارەسەری خۆراکی پزیشکی.

4- لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک.

please wait

No media source currently available

0:00 1:04:53 0:00

مستەفا گەیلان محەمەد:

بەپێی یاسا وەزارەتی تەندروستی، لەڕووی تەندروستییەوە بەرپرسە لە هەموو ئەو خۆراکانەی کە خەڵک بەکارییان دەهێنێت، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی تر، وەزارەتی بازرگانی، دارایی و وەزارەتی کشتوکاڵ کۆنترۆڵی هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەیان کردووە کە بەفەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

ڕێگای نافەرمی نابێت هەبێت بۆ هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەل، بەڵام وەزارەتی تەندروستی پۆلیسی نیە ئەوە کاری پۆلیس و دامودەزگاکانی ترە کە ڕێگا لە کۆڵبەرەکان بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هێشتا لەناو بازاڕەکان لە ڕێگای لیژنەکانی تەندروستیەوە کۆنترۆڵمان کردوون و دەست بەسەر هەر خۆراکێکی لەوجۆرەدا دەگرین.

سەبارەت بەبوونی مەرزی قاچاغ بابێن ئێمە ئاگادار بکەنەوە لە ڕێگای نوسراوێکەوە جا بزانن بەیانی دەدرێتە دەست دادگا و یاسا یان نا، بەس کەق سەیە و دەکرێت ئەوە پێویستی بە بەڵگەیە.

ئێمە درێغیمان نەکردووە بەرامبەر خوا و خەڵکی خۆمان و یاسا، ئەو خۆراک و بەروبوم و خواردنەوانەی بە ڕێگای فەرمی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن زۆر زۆر تەندروستن.

ڕێزم هەیە بۆ کاک لەشکر چەند جار لەسەر بەروبومێک کە قسەی کردووە وتویەتی شیاوی خواردن نیە خۆمان پشکنینمان بۆ کردوون وادەرنەچون، بۆ نمونە ئەوەی خورماکە من بۆخۆم بردمە تاقیگە و خورمای ناو بازاڕی هەڵەبجەشم برد بەڵام دەرکەوت کە بەوجۆرە نیە و شیاوە بۆ خواردن.

بەهێز عەبدول لەتیف:

لە مانگی سێی ئەمساڵ بە تەنها دەستمان گرتووە بەسەر هۆبەکەمان لە مەرزی باشماخ ٣٧٧تەن شوتی گەڕاندووتەوە بۆ ئێران، کە مەترسیدارترین بەرهەم لەئێستادا بەرهەمی شوتییە.

من پێم باش نیە هاووڵاتیان لەم وەرزەدا شوتی ئێرانی بخۆن، هەر هیچ نەبێت تا مانگی پێنج، ئیتر لە مانگی پێنجەوە باشترە، چونکە پێش وەرزی پێگەیشتنی خۆیان لێدەکرێتەوە و دەنێردرێتە وڵاتی ئێمە، یا سەمادی زۆر پێوەدەکرێت، یا هۆڕمۆنی تێدەکرێت.

یاسای وەزارەتی کشتوکاڵمان هەیە کە نابێت خورما لە دەرەوەی عێراق بهێنرێتە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چونکە چەند نەخۆشییەکی پێوەیە، ئەوەی لە بازاڕدا هەیە هی عێراق نیە، قاچاغچی داخڵی کردووە.

یان هەنار و پرتەقاڵی میسری ئەوەش بۆ خواردن ناشێت چونکە بە ئاوی زێراب ئاو دەدرێن لە میسر، بەڵام ئەمانە لە خاڵە سنورییەکانی تری عێراقەوە دێت، خۆ مەرج نیە هەر بەرهەمێکی قاچاخ بە خاڵە سنورییەکانی هەرێمدا هێنرابێتن، نەخێر لە عێراقیشەوە داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

لەباری میوە و سەوزە هەندێکجار دەچن جگەر و هێلکە بە قاچاخی دەیانەوێت بهێننە هەرێمی کوردستان بەڵام ئێمە دەیانگرین و لەناوی دەبەین، خاوەنەکەشی دەدەینە دەست یاسا.

دکتۆر هۆلیم هاشم ڕەسول:

بابەتی تەندروستی و ناتەندروستی خۆراک پەیوەندی هەیە بەوەی خۆ ئەگەر لە سنورەکانیش بەشێوەی تەندروستی بهێنرن بەڵام ئەو ماوەیەی دەگەیەنرێتە ناو بازاڕەکان شێوازی بەراد و هەڵگرتنی ناتەندروستی دەکات کە ئەمە لە دوای سنورەکان دەستپێدەکات، یا شێواز و بڕی بەکارهێنان کە ئەوەش ڕۆڵی هەیە دواجار خۆراکەکە بە ناتەندروست بێت بۆ جەستە.

بە بەراورد بە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر ڕێژەی توشبوون بە شێرپەنجە، لە ئافرەتاندا کیسی هێلکەدان، چەند نەخۆشیەکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی لە خۆراکەکاندا، هەرچەند هەدێک خۆراک پێویست دەکات بە ڕێژەیەک تێی بکرێ، بۆ پاراستنی، جا بۆیە کاتێک ڕێنمایی خەڵک دەکەین کەشتی لە قوتوکراو نەخۆن لەبەر بوونی ئەو مادە کیمیاییانەی تێدایە، بۆیە ئەو پێکهاتە کیمیاییانە بە هەموو پێوەرێک بۆ شێرپەنجە و چەندین نەخۆشی تر خراپن، یان نمونەیەکی تر وەک ئەوەی دەبینین مناڵ دەهێننە لامان لە ١٠ساڵیدایە خۆی ناسیووە، ئەوەش بۆ ئەو کێک و شەربەت و چبس و خۆراکانەیە کە پێکهاتەکەیان ماددەی کیمیایی تێدایە بەکاردەهێنن، بۆیە پێویستە دووربکەوینەوە لە خواردنی ئەو شتانە ئێستا وەرزی بەهارە ، وەرزی کەنگر و گیا تەندروستەکانە هیوادارم ئەو خواردنە سروشتییانە بخۆین لەبری خواردنی پڕ مەوادی کیمیایی.

لەشکر حەمید:

بەشێکی زۆری خۆراک لەناو بازاڕەکانی هەرێمدا هەن کە بە هیچ فلتەرێکدا نەهاتوون و هاوردەکراون، وەکو جگەری هاوردەکراو، هێلکە و خورما، بۆ نمونە جگەی خۆماڵی بەشی ناوخۆ ناکات، بەڵام ئەوەی دەرەوە و هاوردەکراون هیچی تەندروستی نین بەتایبەت ئەوانەی دەستگێرەکان، لە هەندێک شار وە بەتایبەت شارۆچکەکان بە فەرمی دەفرۆشرێن، وە خورماش من لە ماوەی ڕابردوو لە دوو تاقیگە پشکنینم بۆ ٧٠ جۆری خورما کرد کە بەشێکی زۆری هی هاوردەکراو بوو ٦٠ی دەرنەچوون و ناتەندروست بوون، با لیژنەکانی تەندروستی بچن بۆ دەستگێڕ و ئەو شوێنانەی لەفەی جگەر دەفرۆشن کە هی وایان هەیە ١٥-٢٠کیلۆ دەفرۆشێت ئەگەر نەک جگەری خۆماڵی ئەگەر یەک زەرفی جگەری خۆماڵیشیان دەسکەوت ئەوکاتە ئەو قسانەی ئێمە تەواو نین، ئەوەش لایەنی پەیوەندیدار و دەسەڵاتدار نەبێت کەباری تەنسیقی پێدەوترێت هاووڵاتی ئاسایی ناتوانێت جگەر هاوردە بکات.

پشکنینی کیمیایی بۆ بەروبومی سەوزە و میوە و کشتوکاڵی لە خاڵە سنورییەکانی هەرێم ناکرێ، چونکە ئەگەر بکرێت لە ٧٠%ی ئەو بەروبومانە ڕەفز دەکرێن، ئەمەش وڵاتانی دراوسێ لێمان قبوڵ ناکەن، بۆیە دەبێت ئەو بەروبوومە ناتەندروستییانە بێنە ناو هەرێمی کوردستان، چونکە مەرزەکان دابەشکراون بەسەر سێ کۆمپانیای سێ حزب، لە هەولێر و دهۆک دراون بە کۆمپانیاکانی پارتی، لە سلێمانیش مەرزەکان دراون بە یەکێتی و گۆڕان، لە سلێمانی دوو مەرز دراوە بە کۆمپانیاکانی یەکێتی و سێ مەرزیش بە کۆمپانیاکانی گۆڕان کە ئەو بەروبومە ناتەندروستانەی لێوەهاوردە دەکرێت، ئەوە ئەو چاکسازییە بوو دەیانوت دەیکەین، ئەم کۆمپانیایانە مانگانە بەسەدان ملیۆنیان لەو پشکنینانە دەستدەکەوێت کە سێ-چوار قات گرانترە لەو نرخەی پێشتر حکومەت خۆی دەیکرد، وە پشکنینی تەواوەتیش ناکەن. کۆمپانیا هەیە لە ٥٠٠ملیۆن تا یەک ملیار دینار داهاتی مانگانەی هەیە بەناوی ئەو پشکنینانەی بۆ خۆراکی هاوردەی دەکات، خۆ حکومەت چارەکی ئەوە بکات خۆی پشکنینەکان باشتر بکات و داهاتەکەش بۆ حکومەت بێت نەک کۆمپانیای حزبی، کە لە ڕابردوودا حکومەت خۆی دەیکرد باشتر دەیکرد، پشکنینی کیمیایی و کانزای قورس بۆ هیچ بەروبومێکی کشتوکاڵی ناکرێت.

XS
SM
MD
LG