Accessibility links

کوردەکانی سوریا هەبوونی هێزی ئەمەریکا بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیان بە گرنگ دەبینن


سێزدە ساڵ بەسەر شەڕی سوریادا تێپەڕیوە و نەهامەتی زۆر بەسەر خەڵکی سوریادا هاتووە. بۆ کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، خەمێکی کە لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە ئەوەیە ئایا تورکیا هێرشێکی زەمینی تر لە ناوچەکانیان ئەنجام دەدات یان نا؟

زۆرێک لە کوردەکانی سوریا ترسیان لەوە هەیە هێرشێکی نوێی تورکیا ڕەنگە کۆتایی بە بوونی ئۆتۆنۆمی دیفاکتۆ لە ناوچەکەیان بهێنێت.

ماهیر قەرنۆ یەکێک لە سەرنووسەرەکانی ڕادیۆی ئارتا ئێف ئێم لە شاری عامودە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "خەڵکی ئێرە بە کەمی کارەبا و ئاو و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و ژێرخانی خراپ ڕاهاتوون، بەڵام شتێک هەیە کە هەرگیز نایانەوێت بیبینن ئەوەیش ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیایە لە ناوچەکەیان."

نووسینگەی ئارتا نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە سنووری تورکیاوە دوورە. عامودە یەکێکە لەو چەند شارو شارۆچکە سنوورییە کوردییانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دان.

بازاڕێکی شاری قامشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
بازاڕێکی شاری قامشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش، هەسەدە بووە هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش. بەڵام تورکیا دەڵێت، هەسەدە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). ئانکەرە و واشنتن پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەبینن، بەڵام ئەمەریکا هەسەدە وەک پەکەکە نابینێت.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، سوپای تورکیا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە دژی هێزە کوردییەکان لە باکووری سوریا ئەنجامداوە، کە تیایدا شارە کوردییەکانی وەک عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی داگیرکردووە. کاربەدەستانی تورکیا بەردەوام دەڵێن، هەمیشە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ئارادایە.

قەرنۆ کە لە ئۆفسەکەی خۆی دانیشتبوو گوتیشی "دوای داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی، خەڵکی ئێرە بە دڵنیاییەوە نایانەوێت تانکی تورکیا بەوێدا تێپەڕن" و بە پەنجەی ئاماژەی بەرەو تورکیا کرد.

بەڵام لە نێو کوردەکانی سوریادا هیوایەک هەیە کە بوونی سەربازانی ئەمەریکا لە ناوچەکەیاندا ڕەنگە ڕێگرییەک بێت لە مەترسییەکانی دەوروبەریان.

نزیکەی 900 سەربازی ئەمەریکایی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی دژ بە داعشدا لە چەند بنکەیەکی سەربازیی ناوچەکەدا جێگیرن.

هاوکاری کورد و ئەمەریکاییەکان لە سوریا بووەتە هۆی لەناوچوونی ئەو خەلافەتەی کە داعش لە هەندێک ناوچەی سوریا ڕایگەیاندبوو.

بەرپرسانی کورد دەڵێن، نزیکەی 10 ساڵ هاوکاری نزیک، متمانەی لە نێوان کورد و ئەمەریکادا دروستکردووە.

ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، نابێت ئەم متمانەیە لەدەست بدرێت.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە
ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە

موسلیم گوتی "بوونی سوپای ئەمەریکا لە سوریا وەک وڵاتانی دیکە نییە. بە ئامادەبوونی سەربازی سنووردار، ئەمەریکا دەتوانێت لێرە بە ئامانجەکانی خۆی بگات و بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت، چونکە هاوبەشییەکەمان بە شێوەیەک بنیات نراوە کە هێزەکانمان شەڕ بکەن و ئەمەریکا پشتیوانی و هاوکاری بکات."

ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەریکاییەکان چەند جارێک پشتڕاستیان کردووەتەوە کە لە سوریا دەمێننەوە تا چارەسەرێکی سیاسی لەو وڵاتەدا دەدۆزرێتەوە.

بەڕێز موسلیم هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمەریکا و تورکیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆدا دۆستن، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی تورکیا دەتوانێت هەوڵەکانی ئەمەریکا لە دژی داعش لەناوببات، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە چەکدارانی داعش ئاستی هێرشەکانیان لە دژی هەسەدە زیاد کردووە.

گوتیشی " ئەمەریکاییەکان نیگەرانن لەوەی ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەلایەن تورکەکانەوە لەدژی ئێمە دەستپێبکات، ئەوا ناچار دەبین هێزەکانمان لە شوێنەکانی دیکە بکشێنینەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان بەرامبەر تورکەکان. ئەمەش بەو مانایەیە کە لایەنی باشوورمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە بۆ هێرشەکانی داعش. ئەمەریکا نایەوێت ئەمە ڕووبدات."

کاربەدەستانی ئەمەریکایی پێشتر نیگەرانی خۆیان لە بەرزبوونەوەی ئاستی چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا دەربڕیوە، بەتایبەتی سەبارەت بە کاریگەریی ئەو چالاکییە سەربازییانە لەسەر خەڵکی سڤیل و لە هەوڵەکانی دژ بە چەکدارانی داعش.

تورکیا لە چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان لە سوریا. کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن کە ئامانج لەم هێرشانە تێکدانی ژێرخانی ڕێکخراوەیی هێزە کوردییەکان و سەرچاوەکانی داهاتیانە.

نیکۆلاس هێراس توێژەر لە ئینستیتیوتی نیو لاینس لە واشنتن دەڵێت، بوونی سەربازی ئەمەریکا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەسە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

ناوبراو بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ دابینکردنی درێژخایانی مەرجەکانی ئاسایش و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە."

نیکۆلاس هێراس،هێراس توێژەر لە ئینستیتیوتی نیو لاینس لە واشنتن
نیکۆلاس هێراس،هێراس توێژەر لە ئینستیتیوتی نیو لاینس لە واشنتن

هێراس کە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لە سوریا کردووە، وتیشی ستراتیژی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا جەخت لە هێشتنەوەی ئاستێکی کەمی بوونی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەکات لە هەمانکاتدا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەیارانی وەک ڕووسیا و ئێران هەیە کە دوو هاوپەیمانی سەرسەختی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریان.

گوتیشی "ئەم ڕێبازە لە بەرژەوەندی واشنتندایە، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ناهێنێتەو بەرچاوی دەنگدەرانی ئەمەریکا. بەڵام ئەمە سیاسەتێکی لاوازە کە ناڕوونی لەمەڕ نیازی ئەمەریکا دروست دەکات و چەندین لایەنی تری کایەی سیاسی وەک تورکیا و ڕوسیا و ئێران بەردەوام ئیرادەی ئەمەریکا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تاقی دەکەنەوە. ئەمە زۆرجار دژی بەرژەوەندی هاوبەشە ناوخۆییەکانمانە لە سوریا."

XS
SM
MD
LG