Accessibility links

کاریگەری ئەنجامی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا لەسەر سیاسەتی ئاکەپە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات


پاش ئەوەی پارتی جەهەپە توانی سەرکەوتنێکی بەرچاو لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی تورکیا بۆ خۆی تۆماربکات و بە تایبەتی لە ئەنکەرەی پایتەخت و ئستەنبوڵی گەورەترین شاری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کە بۆخویشی دامەزرێنەر و سەرۆکی پارتی ئاکەپەیە، دانی بە شکستی پارتەکەی هێنا، وە لە وتارەکەیدا لە بارەگای پارتەکەی لە ئەنقەرە، وتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە ئەوە نەبوو کە پارتەکەی خوازیاری بوو، ئەمەش وەرچەرخانێکە بۆ پارتەکەی، بۆیە بە ڕەخنەکاندا دەچنەوە و کاردەکەن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.

جگە لەم شکستەی پارتی ئاکەپەی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر جەهەپە، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (پارتی دەم) ئەویش وەک پارتێکی ئۆپۆزسیۆن توانی شارەوانی 10 پارێزگا بباتەوە، لەوانە 3 پارێزگای گەورە، ئەوانیش (ئامەد و ماردین و وان).

دەپرسین:

ئاکەپە لەسەر ئاستی ناوخۆ دەتوانێت چ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتەکەی بکات؟

هەتا چەند ئەو ئەنجامانە کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەبێت؟

بەو سەرکەوتنەی پارتی دەم بۆخۆی تۆمارکردووە، ئایا حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئاکەپە لە سیاسەتەکانی بەرامبەری دەگۆڕێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

1- پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی، سەرۆکی سەنتەری تاسک بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە هەولێر.

2- محەمەد ئەمین پێنجوێنی، چاودێری سیاسی.

3-ئەبوبەکر عەلی، توێژەر و نووسەر.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی:

بە بۆچونی من گۆڕانکاری ڕوونادات ڕاستە وتی گۆڕانکاری دەکەین، چونکە جاری پێشووش کە ئەستەنبوڵییان دۆڕاند بە هەمان شێوە بەڵێنی گۆڕانکاری دا، بەڵام هیچی نەکرد، ئەو سیاسەتەی لە دژایەتی کوردستان و ڕۆژئاوا و کارەساتی ئابوری ناوخۆی و ئەوانە بەشێک لەو هۆکارانەن کە ئاکپارتی لەو هەڵبژاردنەی ئەمجارەش ئەم شکستەی بەربکەوێ .

هەرئەوەی لە شاری وان کردی ئومێدی ئەوەی نەهێشت کە ئاکەپە و دەوڵەتی تورکیا بە سیاسەتەکانیاندا بچێتەوە و ئەزمونی لێوەربگرن ، هەرلەئێستاوە بیر لەوە دەکەنەوە کە چۆن قەیومەکان بهێننەوە پێشەوە، ئاکەپە فریای هیچ گۆڕانکارییەکی ڕشەیی و بەخۆداچونەوە ناکەوێت ئەنجامی بدات چونکە ئەو حوکمەی لە تورکیا کە ڕۆژئاوا بۆ ئاکەپەی لە تورکیا ڕەسم کردبوو خەریکە بەرەو کۆتایی دەچێت باشترین نمونە مورسی چی بەسەرهات! چونکە ڕۆڵی ئیخوانی سیاسی و ئیسلامی سیاسی نەماوە، چونکە ڕۆژئاوا و ئەمەریکا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت ئەوانە نەمێنن.

ئەبوبەکر عەلی:

لە ئاسۆی نزیکدا شتێکی وانیە کە ئاکپارتی لەب ارەی دۆخی خراپی ئابوری بیکات، وە بابەتی هەڵوێستی ئاکەپە سەبارەت بە غەززە، کێشەکان قورسن لە بەردەم تورکیادا، جگە لەوەی کێشەی گەندەڵی و مامەڵەش لەگەڵ هەندێک هێز هەیە، کە بەشێک لەو پانتاییە دیموکراسیەی هەبوون تەسک بونەتەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین بەخۆداچونەوە و بڕینی بەربەستەکان و ئەو هەموو هۆکارانەی وایکرد ئەو ئەنجامە بهێنی ئاکەپە لابردنی ناڵێم ناکرێ. بەڵام قورسە.

ئەگەر ئەوەی شاری وان سەرەتای هێنانەوەی قەیومە و وەلانانی ئیرادەی خەڵک بێت ئەوا لانی کەم ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە درێژەدانە بە سیاسەتی ڕابردوو نەگۆڕینێتی لانی کەم بەرامبەر کورد و دەم پارتی.

پڕۆفیسۆر دکتۆر عوسمان عەلی:

ئەوەی ئاکەپە لە سەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتی تا ٢٠١٥ کردی بۆ کورد ئەوە واتای ئەو حزبە تێییدا هەبووە وە بۆ داهاتوش ئەگەری هەیە تێیدا هەبێت بۆ گۆڕینی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر کورد، ئێستاش کە ئاکەپە گورزێکی بەرکەتووە لە هەڵبژاردن کورد دەتوانێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە من دەڵێم ئەردۆگان بە هەموو هەڵە و سیاسەتێکییەوە کە دەیکات لە ژێر کاریگەری مەهەپە دژی کورد، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان زۆر کاریگەری نابێت لەسەر ئاکەپە و ئەردۆغان چونکە ئەردۆغان لە دەسەڵاتە و زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی لەدەستە، وە هێشتا کاتی لەبەردەستە دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و سازش بکات، بۆیە ئەگەر پێمان وابێت ئەردۆگان و ئاکەپە کۆتایی هاتووە ئەوە ڕاست نیە و خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین.

بەبۆچونی من باشترە برایانی پەکەکە لەم کاتەدا ئاگربەستێکی یەکلایەنە ڕابگەیەنن، چونکە ئەم مۆدێلە خەباتە چەکدارییە مارکسیە قبوڵ نیە لە ڕۆژئاوادا با دەرفەت بداتە دەم پارتی پڕۆسە سیاسییەکە سەربکەوێ، ئەم جۆرە خەباتە چەکدارییەی پەکەکە چ لە باکور یا ڕۆژئاوا خزمەتی ئەجێندای باڵی ڕاستی تورکی و جەنەراڵەکانی تورکیا دەکات تا هەڵوێستییان توندتر بێت بەرامبەر بە کورد، پێویستە پەکەکە پێداچونەوەیەکی جدی خۆی بکاتەوە، بەڕاستی ئەو خەباتە چەکدارییە هیچ سودێکی نیە بۆ دۆزی کورد.

XS
SM
MD
LG