Accessibility links

بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر منداڵان لە خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان


هێشتا هەواڵی پەیوەست بە لێدان و توندوتیژی بەرامبەر منداڵان لە خوێندنگەکانی هەرێمی کوردستان دەبیستین، هەرچەندە وەزارەت و دامودەزگاکانی پەروەردە چەندین جار جەختیان کردووەتەوە لەسەر قەدەغەکردنی لێدانی خوێندکاران.

دەپرسین:

بۆچی حاڵەتەکانی لێدان کە هەندێک جار دەگەنە ئاستی ئەشکەنجەدانی قوتابی هێشتا بنەبڕ نەکراوە؟

بۆچی مامۆستایان پەنا دەبەنە بەر ئەشکەنجەدان؟

ئەو پاڵنەر و هۆکارانە چین مامۆستایان وەها لێدەکەن پەنا بۆ لێدان ببەن؟

چی بکرێت بۆ بنەبڕکردنی لێدان لە قوتابخانە و خوێندنگاکاندا؟

ئایا لە هەرێمی کوردستان یاسایەک هەیە بۆ سزادانی ئەو مامۆستایانەی لێدان بەکاردەهێنن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری دەروونزانی.

سامان سیوەیلی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەڵز ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و فێرکردن لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم.

please wait

No media source currently available

0:00 1:12:49 0:00

دکتۆر کەریم قەرەچەتانی:

لەوانەیە ئێستا حاڵەتی لێدانی خوێندکاران لەلایەن مامۆستایان پێچەوانە بوبێتەوە، ئێمە لە زانکۆ مامە حەمەیی بۆ خوێندکار دەکەین تا دەنگە دەنگ و کێشەمان لەگەڵ دروست نەکات، مامۆستایانی خوێندنگاکانیش هەروان و هەوڵدەدەن کێشە دروست نەبێت، تەنانەت خێزانەکانیش نەیانتوانیووە ڕەفتاری دروست بەرامبەر خوێندنگا و مامۆستا لە ناخی مناڵەکانیان بچێنن.

ڕاستییەک هەیە ئەویش ئەوەیە هەرکات مامۆستا پەنا بۆ توندوتیژی ببات بۆ چارەسەرکردنی ڕەفتارێکی هەڵە، بە پێچەوانەوە ڕەفتارەکە خراپتر دەبێت، هەرکەسێک لێدان و توندوتیژی بەکاربهێنێ بەرامبەر مناڵ، مناڵەکە هەست بە کەمی خۆی دەکات و دواتر هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدات لەوانی تر، وەزارەتی پەروەردە لەساڵی ١٩٩٢وە نەیتوانیووە کوردایەتی و خۆشەویستی نیشتمان لە ناخی تاکدا بچەسپێنێت، کە ئێستا زۆر جیاوازە هەستی کوردی لای تاکی کورد.

هەموو ئەو توێژینەوانەی کراون دەڵێن، هەموو ئەو قوتابخانە و دامەزراو و ناوەندانەی کە توندوتیژی بەکاردەهێنن بە پێچەوانەوە ڕەفتاری شەڕخوازی و کێشەکانیان زیاترە لەوانەی کە توندوتیژی بەکارناهێنن، وە ئاستی زانستیشییان نزمترە لەو ناوەندانەی توندوتیژی بەکارناهێنن.

هەڵز ئەحمەد:

ماوەی ساڵ و نیوێک لە لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی هەرێم لە خولی ڕابردووی پەرلەمان گفتوگۆی چڕمان کرد بۆ یاسایەک لەب واری پەروەردە لەنێویشیاندا بە دەقی ڕوون ئاماژەمان بە قەدەغەکردنی سزادان لە ناوەندەکانی پەروەردە و خوێندن کردبوو، کە بەڕوونی باسی لە جۆری سزای دەروونی، یا جەستەیی کردبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی یاساکە لە ماوەی درێژکراوەی پەرلەمان لە دوای 6- 11پەسەندکرابوو، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵیش ماوەی پەرلەمان و ئەو یاسایانەی لەو ماوەیەدا پەسەندکراون هەڵوەشایەوە.

سامان سیوەیلی:

بێگومان کاتێک باسی توند و تیژی لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەین، وەک هەربەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگا باسی ئەو ناوەندانە دەکەین، بەڵام هەروەک هەڵز خان ئاماژەی پێکرد وەزارەتی پەروەردە کەمتەرخەمی نەکردووە و هەمیشە لە هەوڵی ڕێگە گرتن بووە لە توندوتیژی، بەڵام وەک هەر دەوترێت لە کوێ مرۆڤ هەبێت لەو شوێنە ئەگەری ڕوودانی توندوتیژی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرچەندە ئەگەرچی بە بەراورد بە 10-20 ساڵ لەمەوپێش توندوتیژی لە ناوەندەکانی خوێندن کەمیکردووە بەهۆی هەوڵ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە لەو بوارەدا تەنانەت بە بەراوردیش بە عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ڕێژەکە زۆر کەمیکردووە و ئێمەش لە چەندین ڕێگاوە هەوڵی بنەبڕکردن یا هەر نەهێشتنی توندوتیژی دەدەین.

بە هەموو جۆرێک ڕەتکرایەوە سزادان و ئازاردانی دەرونی و جەستەیی، لە ژێر هیچ پاساوێکدا نابێت بەکاربێت، چونکە ڕێگا چارەی تر هەیە لە بری بەکارهێنانی توندوتیژی ئێمە بە دواداچون دەکەین، وە بە دواداچونمان کردووە لەو حاڵەتی سزادانانەی خوێندکاران لەلایەن مامۆستایانەوە هەبووە، وە بەردەوامیش دەبین و سزای تەندی کارگێڕیمان داون لەو ڕووەوە.

XS
SM
MD
LG