Accessibility links

ئیسرائیل هێرشێکی کوشندە دەکاتە سەر سوریا


ئیسرائیل بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، 29ی مانگی سێ کوشندەترین هێرشی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بۆ سەر پارێزگای حەلەبی باکووری سوریا ئەنجامدا و هاوکاتی شەڕی غەززە، هەڵمەتەکەی لە دژی هێزەکانی سەر بە ئێران توندتر کرد.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری پێشهاتەکانی سوریا دەکات ڕایگەیاندووە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حەلەب، 42 سەربازی سوریا کوژراون و دەیان سەربازیش برینداربوون.

ئەمە زۆرترین ژمارەی قوربانییە سەربازییەکانی سوریایە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە کە لەو هێرشانەدا کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسرائیل لە سوریا کوژراون.

لەلایەکی دیکەوە، دوو سەرچاوەی ئەمنی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لە هێرشەکەدا لانیکەم ٣٨ سەرباز کوژراون کە شەش هێزی حزبوڵای لوبنانیان هەیە.

ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی لە سوریا بۆ سەر هەردوو میلیشیای حزبوڵای لوبنان و سوپای پاسدارانی ئێران فراوانکردووە، لەوکاتەوەی حەماس کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت لە حەوتی مانگی 10 هێرشێکی چاوەڕواننەکراوەی کردە سەر خاکی ئیسرائیل.

تاران و بەکرێگیراوەکانی پێگەی خۆیان لە سەرانسەری سوریادا چەسپاندووە، لەنێویاندا لە دەوروبەری حەلەب و دیمەشقی پایتەخت.

ئیسرائیل بەدرێژایی چەندین ساڵی ڕابردوو دەیان جار هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو شارەکە بۆ پەکخستنی گەیشتنی چەک بۆ هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکە، بەڵام لە پاش هێرشەکانی 7 ی دەی حەماسەوە، هێرشەکانی توندتر و کوشندەتر کرووە و وایکردووە ئێران ناچاربێت هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی لە سوریا بکشێنێتەوە.

وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی کاتژمێر 1:45 خولەکی پاش نیوەشەو چەند ناوچەیەکی لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای حەلەب گرتووەتەوە. ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل و ئەندامی لەشکری تێدا کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە ئەو هێرشە ئاسمانییانە هاوکاتە لەگەڵ هێرشە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە کراوەتە سەر ئیدلب و گوندەکانی ڕۆژئاوای حەلەب کە وەزارەتەکە بەو شێوەیە وەسفی کردووە کە لەلایەن "رێکخراوە تیرۆریستییەکان"ەوە بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە حەلەب و دەوروبەری ئەنجامدراوە.

سوپای ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات. لە پۆستێکیدا لەسەر ئێکس، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا "هەوڵێکی ئاشکرا و نائومێدکەرانە"یە بۆ فراوانکردنی شەڕەکە، بەبێ ئەوەی بڵێت ئایا زیانی گیانی ئێرانی هەبووە یان نا.

سێ سەرچاوەی ئاسایشی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، لەو هێرشانەدا 33 هاووڵاتی سوریایی و پێنج چەکداری حزبوڵا کوژراون. یەکێک لە سەرچاوەکان گوتویەتی، یەکێک لە چەکدارەکانی حزبوڵا، فەرماندەیەکی مەیدانی ناوخۆیی بووە، کە لە مانگی یازدەدا لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان براکەی کوژرابوو.

هەروەها ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان لە بە درێژایی سنووری باشووری لوبنان لە پێکدادانەکاندا تەقەیان لەیەکتر کردووو کە ئەمەش گەورەترین پەرەسەنە لەو کاتەوەی لە ساڵی 2006 شەڕێکی یەک مانگ درێژخایانیان ئەنجامدا لە کاتێکدا حزبوڵا هەوڵی داوە پشتگیری خۆی بۆ حەماس نیشان بدات بە هێشی مووشەکی بۆ ناو ئیسرائیل.

ئیسماعیل قائانی سەرۆکی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی دوودا لە بەیرووت چاوی بە سەید حەسەن نەسروڵای سەرۆکی حزبوڵا کەوت و تاوتوێی مەترسییەکانی ئەگەری هێرشی ئیسرائیلیان بۆ سەر حەزبوڵا کرد.

حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاند، ئەگەر ئاگربەست لە غەززە ئەنجام بدرێت، هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ڕادەگرن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG