Accessibility links

ژیان لەگەڵ نەخۆشی شیزۆفرینیا یان شێرپەنجەی ژیریی


شیزۆفرینیا (Schizophrenia) جۆرێکی سەختە لە نەخۆشیەکانی مێشک، کە وەها لە کەسی توشبوو دەکات هەندێک دەنگ ببیستێت، یان هەندێک شت ببینێت و باوەڕی بە هەندێک شت هەبێت کە لە ڕاستیدا بوونیان نەبێت، کەسانی توشبوو بەم نەخۆشیە ناتوانن بە کار و فەرمانی ئاسایی خۆیان هەڵبستن و تووشی لێکترازان و تێکچوون دەبن.

کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا پەیوەندییان لەگەڵ ڕاستییەکاندا لەدەست دەدەن. هەر لەبەر ئەوەشە کە شیزۆفرینیا بە شێرپەنجەی ژیری دادەنرێت.

بەپێی ماڵپەڕی کۆمەڵەی دەروونناسانی ئەمەریکایی ئەم نەخۆشیە بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان تەمەنەکانی کۆتایی نەوجەوانی و ناوەڕاستی تەمەنی 30 ساڵیدا دەستپێدەکات.

نزیکەیی لە %1ی ئەمەریکاییەکان گرفتاری ئەم نەخۆشییەن. لە هەندێک وڵاتدیشدا لە هەر 100 کەس کەسێک گیرۆدەی ئەم نەخۆشیەیە.

ماڵپەرە ئەمەریکاییەکە ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە بوون بە گشتی هەندێک بیرکردنەوەی زۆر نالۆژیكییان هەیە، زۆر جار لە کاتی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا دووچاری کێشە دەبنەوە، بیرکردنەوە و ڕەفتاری نائاساییان هەیە، لەوانەیە لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانیان تووشی کێشە ببنەوە، بەڵام وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام دەشێت ئەم کێشانە کەمتر بکاتەوە.

نەخۆشەکان بۆ کۆکردنەوەی بیرۆکەکانیان یان دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بیرۆکەکانیان لە کێبڕکێدان، بیرکردنەوەی بێ هۆکار و بێ پەیوەست بە بابەتەوە زوو لە مێشکیانەوە دێتە دەرەوە، هەندێک کات ڕووبەڕوو بارودۆخێک دەبنەوە کە وەک بڵێیت مێشکیان قوفڵ بووە، واتە کەسەکە وا هەست دەکات کە هەموو شتێک لە مێشکیدا سڕاوەتەوە.

هۆکاری توشبوون بە شیزۆفرینیا؟

بەگوێرەی ماڵپەڕی پزیشکی جۆنس هاپکن، شیزۆفرینیا بەهۆی ناهاوسەنگی ماددە کیمیاییەکان و گۆڕانکارییەکانی دیکەی مێشکەوە دروست دەبێت. نەخۆشیەکە زیاتر پەیوەندی بە بۆماوە و خێزانییەوە هەیە، بەڵام ڕەنگە ژینگەش ڕۆڵی هەبێت.

لە کاتێکدا نەخۆشییەکە بە هاوسەنگی تووشی ژن و پیاو دەبێت، بەڵام نیشانەکانی زووتر لە پیاواندا دەردەکەون بە بەراورد بە ژنان، لەناو منداڵانیشدا دەگمەنە.

بەشێک لە توێژەرانیش ئاماژە بەوە دەکەن ڕەنگە نەخۆشیەکە پەیوەندی بە خەمۆکی و کارەسات و ڕووداوە ناخۆشەکانی دیکەی ژیانەوە هەبێت.

تێکچوونی پڕۆسەی بیرکردنەوە

کەسی تووشبوو بە شیزۆفرینیا توانای بیرکردنەوەی زۆر لاواز دەبێت و بیر و باوەڕی سەیر و سەمەرە و هەڵە و نادروستی لەلا دروست دەبێت، بۆ نموونە دەڵێت (کەسانی تر بیر و بۆچوونەکانی من دەدزن و دەزانن من چۆن بیردەکەمەوە، هەندێک کەس دەیانەوێت وەک ئەوان بیربکەمەوە و بیر و بۆچوونی خۆیانیان لە مێشکمدا چاندووە و گومان لە کەسە نزیکەکانی دەکات)، بەشێوەیەکی گشتی ئەم تێکچوونەی پڕۆسەی بیرکردنەوەیە بە زۆر شێواز دەردەکەوێت .

چارەسەرەکانی

شیزۆفرینیا چارەسەرێکی ئەوتۆی نییە. بە شێوەیەکی ئاسایی ئەو کەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا بوون بە درێژایی ژیانیان پێویستیان بە چارەسەر دەبێت، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانیشیان کەم بێتەوە.

XS
SM
MD
LG