Accessibility links

پرسی هەژماری من و سیستەمی بە نیشتمانیکردنی حکومەتی فیدراڵی عێراق


کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جگە لە بابەتی بەشە بوجە و موچەی هەرێم، لە ئێستادا بابەتی هەژماری منی هەرێم و سیستمی بە نیشتمانیکردنی عێراق یەکێکی ترە لە گرفتەکان، عێراق و دادگای فیدراڵی جەخت لەوە دەکەنەوە کە موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی موچە خۆرانی عێراق حساب بانکیان لە ڕێگای بانکە حکومییەکانی عێراقەوە بۆ بکرێتەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان دەڵێت، خۆمان سەرقاڵی دروستکردنی سیستمی هەژماری من-ین و دروستکردنی هەر حساب بانکیەکی تر ماوەیەکی دوور و درێژتری دەوێت.

دەپرسین:

ئایا دروستکردنی هەژماری بانکی لە ڕووی کردارییەوە چەندی پێدەچێت؟

جیاوازی چیە لە نێوان هەژماری منی هەرێم و سیستمی بە نیشتمانیکردنی حکومەتی عێراقی؟

ئایا بانکەکانی هەرێم جیاوازن لە بانکەکانی عێراق؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی جیاوازی نێوان هەژماری من و سیستمی بەنیشتمانیکردن دەکەین بە میوانداری:

گوڵاڵە سدیق، شارەزای بواری بانکی

ئارام شەعبان گەردی، مامۆستای زانکۆ لە بەشی دارایی و بانک زانکۆی سەڵاحەدین هەولێر.

please wait

No media source currently available

0:00 0:56:32 0:00

گوڵاڵە سدیق

بەهۆی نەبوونی متمانەوە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە هیچ جۆرێک هەژماری منی پێ پەسەند نیە، چونکە لە هەرێمی کوردستان حکومەت دەستی برد بۆ پارەی حسابی جاری کە هی هاووڵاتیانە لەناو بانکەکان، خۆ ئەگەر باسی لایەنی تەکنیکی بکەین ئەوە ئێمە ژێرخانێکی بانکی بەهێزمان نیە لە هەرێمی کوردستاندا ڕاستە لە ڕووی تەکنیکیەوە بانکە ئەهلییەکان پێشکەوتون بەڵام ژێرخانەکەیان بەهێز نیە، من هەمیشە چواندومە بە مۆبایلێکی زیرەکی وەک ئایفۆن پانزە بەڵام کاتێک باڵانس لەم مۆبایلەدا نەبێت، ئەوا پێشکەوتویی و سودی ئەم مۆبایلە بە من چی؟!

حکومەتی هەرێم کاتێک هەژماری نوێ دادەنێت، دەبێت ئامێری ئەی تی ئێم لە هەموو شوێنەکاندا هەبێت، نەک وەک ئەوەی خۆیان دانیان پێداناوە تەنها هەزار ئامێرییان هەیە، ئەمەش تەنها لەبەر دوو هۆکارە، یەکەم، بەهۆی بڕینی عمولەکەیە کە مانگانە سەروو دوو ملیۆن دۆلارەوە دەست ئەو بانکە دەکەوێت، دووەم، کاتێک فەرمانبەر دەچێتە بەردەم ئامێرەکە ڕەنگە بەهۆی قەرەباڵغیەوە نەتوانێت موچەکەی وەربگرێ، پێم سەیرە حکومەتی هەرێم لەبری بانکی حکومی ڕووی کردووەتە بانکی ئەهلی، لەکاتێکدا بانکی ئەهلی مەترسی ئیفلاس بوون وەڤهەروەها مەترسی ئەوەشی لەسەرە ڕووبەڕووی سزاکانی خەزێنەی ئەمەریکا ببێتەوە.

بەڵام سیستمی بە نیشتمانی کردن، ئەو بانکانە خاوەنی پاڵپشتییەکی گەورەی بانکی ناوەندی عێراقین، سەرەڕای ئەوەی هاووڵاتی ئەگەر کارتی بانکی ڕەشید یا ڕافیدەینییان هەبێت دەتوانێت سودمەند بێت لە دۆلاری 132 هەزاری، هەروەها چەندین سولفە و قەرز و پلەبەرزکردنەوەش دەیانگرێتەوە، بەداخەوە حکومەتی هەرێم کە پێداگری دەکات لە هەژماری من و خۆیان بونەتە هۆی دروستبوونی ئەو بێ متمانەییەی هاووڵاتیان.

بۆ حکومەتی هەرێم عەیبەیەکی گەورەیە لە دوای 33 ساڵ حکومڕانی بڵێ من بانکە ئەهلییەکەم باشترە لە بانکە حکومییەکان، ڕاستە لە هەردوو سیستمی بانکی (هەژماری من و نیشتمانی) عمولە هەیە، بەڵام لە کوێ فەرمانبەر موچەکەی 30 ڕۆژ جارێک وەرگرێ لە کوێ بە 50 -70 ڕۆژ موچەیەک وەرگرێ، هەروەها یەکێک لەو بانکانەی لە پڕۆژەی هەژماری من بانکێکی لوبنانیە کە خۆمان دەزانین دۆخی ئابوری لوبنان چۆنە، دوای ئەوە هێشتا موچەی فەرمانبەر نەچووەتە سەر هەژماری من حکومەتی هەرێم دەستی بەسەر پارەی موچەی فەرمانبەراندا گرتووە!

حکومەتی هەرێم دەبوو بەدواداچون بکات بۆچی هاووڵاتیانی حەز دەکات موچەی لە بەغداوە بێت و متمانەی بە حکومەتی هەرێم نیە.

مامۆستا ئارام

حکومەتی هەرێم کە پڕۆژەی هەژماری منی ڕاگەیاندووە، مەبەستی ئەوەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو بانکانە مامەڵە بکات کە مۆڵەتییان لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە، ئەگەر بانکێک لە هەرێم مەترسی ئیفلاسبوونی لەسەر بێت ئەوا بێگومان بانکەکانی عێراقیش لە ناوەڕاست و باشور مەترسی ئیفلاسبوونی لەسەرە، بەڵام بانکی دایک کە بانکی ناوەندییە کاتێک بانکێک مەترسی ئیفلاسبوونی لەسەر بێت ئەوا دێتە سەر هێڵ و ناهێڵێت بەپێی چەند ستاندارێک ئەو بانکە ئیفلاس بکات، ئەو بانکانەی کە لە پڕۆژەی هەژماری مندان، تەنها بانکی ئاڕتی و جیهان بانکی کوردین ئەوانی تر لە شوێنەکانی تری عێراقیشدا هەن، سەبارەت بە بوونی عمولەش ئەوا شتێکی ئاساییە و لە هەموو بانکەکاندا هەن بەوانەی عێراقیشەوە، لە پڕۆژەی نیشتمانی عێراقیش بانکی ئەهلی هەیە، کەچی نازانم بۆچی بۆ هەرێم ڕێگە نادەن.

بۆ فەرمانبەر باشترە هەژماری لەو بانکە هەبێت کە لێوەی نزیکە، حکومی و ئەهلی گرنگت نیە، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە دنیادا ئێستا بانکە ئەهلییەکان لە ڕووی خزمەتگوزاری و تەکنەلۆژیاوە پێشکەوتوترن، بۆیە بۆ فەرمانبەری حکومەتی هەرێم باشتر و قازانجترە بۆخۆی کە لە پڕۆژەی هەژماری من بەشدار بێت وەک لە سیستمی(نیشتمانی عێراق)،ئەگەر باسی عمولەیە لە هەردوولا عمولە هەیە، خۆ ئەگەر باسی دروستکردنی کارتیشە بە پارە بە هەمان شێوە لە هەردوولا دروستکردنی کارت بەبڕە پارەیەکە.

حکومەتی هەرێم پڕۆپۆزەڵی بانکی نیشتمانی داوە بە بانکی ناوەندی بەڵام بانکی ناوەندی تاکو ئێستا مۆڵەتی پێنەداوە، بۆیە کارەکە لای بانکی ناوەندی عێراقیە.

خۆ ئەگەر باسی کەمی ئامێری ئەی تی ئێمە لە هەرێم کە هەزار دانەیە، خۆ لە بەشەکانی تری عێراق 3000 هەزار ئامێری ئەی تی ئێم هەیە.

XS
SM
MD
LG