Accessibility links

لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕەنگە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بێت


بەگوێرەی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان، سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ئێران بۆ ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکان و پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە زۆر حاڵەتدا دەگەنە ئاستی تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

تیمە سێ کەسیەکەی نوێنەرایەتی سەربەخۆی نێودەوڵەتیی بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە ئێران لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی ئێران بە زنجیرەیەک لە تاوان تۆمەتبار دەکات پەیوەست بەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای مردنی " ژینا ئەمینی" لە دەستبەسەریدا لە 16 ی مانگی 9 ی 2022 دا بەرپابوون.

نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دۆزینەوەی راستیەکان کە دوای دوو مانگ بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان دامەزرا، دەسەڵاتدارانی ئێران بە "پێشێلکاریی زەقی مافەکانی مرۆڤ" تۆمەتبار دەکات.

پێشێلکردنەکان بریتین لە گیان لەدەستدانی نایاسایی، کوشتن لە دەرەوەی دادوەری، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی ، دەستدرێژی سێکسی و بێسەروشوێنکردن.

خاتوو "سارا حسێن" پارێزەری بەنگلادیشی و سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە هەروەها ئەو کەسەشی ڕاپۆرتەکەی پێشکەش کردووە وتی: ئەم کردەوانە لەشێوەی "هێرشێکی بەرفراوان و سیستماتیکی دژی ژنان و کچان" ئەنجامدراون، هەروەها دژی ئەوانەی دیکەش کە پشتگیری خۆیان بۆ مافەکانی مرۆڤ دەربڕیوە.

ناوبراو گوتیشی " هەندێک لەم پێشێلکارییە ڕژدانەی مافەکانی مرۆڤ گەیشتوونەتە ئاستی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، لەوانە کوشتن، ئەشکەنجەدان، دەستدرێژی سێکسی و سەرکوتکردن لەسەر بنەمای جێندەری، کە لەگەڵ نەتەوە و ئاییندا یەکناگرنەوە".

سەبارەت بە "ژینا ئەمینی" تەمەن 22 ساڵ کە گیان لەدەستدانەکەی لە میانەی دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری لە ئێران لێکەوتەوە، خاتوو "سارا حسێن" وتی " لێکۆڵینەوەکانمان دەریخستووە کە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی نایاسایی بووە و بەهۆی لێدانی جەستەییەوە بووە لە کاتی دەستبەسەری لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەت."

نوێنەرایەتییەکە بۆی دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی هێزی لە رادەبەدەر دژ بە ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکان، لەوانە چەک و تفەنگی ئۆتۆماتیک لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە کە بووە مایەی کوژرانی 551 کەس لە نێویاندا بەلایکەم 49 ژن و 68 منداڵ."

سارا حسێن" ئاماژەی بەوەشکردووە کە شایەتحاڵان ئەو بارودۆخانەیان بە نامرۆڤانە پێناسەکرد کە دەستگیرکراوەکان و زۆربەیان دووچاری زیندانیکردنی تاکەکەسی بۆ ماوەیەکی درێژ و بێبەشکردن بوونەوە سەبارەت بە هەر جۆرە پەیوەندیکردنێک لەگەڵ خێزان و پارێزەرانیان.

خاتوو "سارا حسێن" پارێزەری بەنگلادیشی و سەرۆکی نوێنەرایەتییەکە گوتیشی کە بەلایکەم 9 گەنج بە هەڕەمەکی لە سێدارە دراون، ئەمەش دوای لێپێچینەوەیەکی کەموکورت، ئەو کارەی ترسی لەنێو خۆپیشاندەرانی دیکەدا دروستکرد". سارا گوتیشی هەتا مانگی یەکی ئەمساڵ بەلایکەم 26 سزای لەسێدارەدانی دیکە لەلایەن دادگاکانی ئێرانەوە دەرچووە.

"کازم غەریب عەبادی" سکرتێری گشتی ئەنجومەنی باڵای مافەکانی مرۆڤی ئێران، توندبوو لە وەڵامی بەرامبەر ڕاپۆرتەکەی وەک دەڵێت "نوێنەرایەتی گوایە بەناو دۆزینەوەی ڕاستییەکان" کە پێکهێنرا و بە شێوەیەکی سەرەکی لە لایەن ئەمەریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا و هەروەها کەنەدا بوو.

ناوبراو وتیشی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران "گردبوونەوەی ئاشتیانە نەبوو، بەڵکو سەری بۆ ئاژاوەگێڕی ڕێکخراو کێشا کە بە برینداربوونی بەرفراوانی کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسای لێکەوتەوە و زیانێکی گەورەشی بە موڵکی تایبەت و گشتی گەیاند."

ڕاپۆرتێکی تەواوکەرئەوەی لەلایەن "جەواید ڕەحمان" ەوە ڕاپۆرتدەری تایبەتی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش بە ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، وێنەیەکی ترسناکی ڕژێمێکی سەرکوتکەر دەخاتە روو کە بە زۆرەملێ و ترس حوکمڕانی گەلەکەی دەکات.

ڕەحمان وتی" من هێشتا زۆر نیگەرانم لە بەردەوامی پیادەکردنی سزای مەرگ لە ئێران و بەرزبوونەوەی ئاستی سزاکانی لەسێدارەدان." ناوبراو گوتیشی لە ساڵی 2023 دا بەلایکەم 834 کەس لە سێدارە دراون، ئەوەش بە بەراورد بە ساڵی 2022 بەڕێژەی لەسەدا 43 زیادی کردووە".

"جەواید ڕەحمان" نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو ژمارە زۆرەی کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان یان ئاسایشییەکان سزای مەرگ بەسەریاندا جێبەجێدەکرێت.

راپۆرتی: لیسا شڵاین، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG