Accessibility links

ئانکەرە و بەغدا باس لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە دەکەن


بەرپرسانی باڵای تورکیا و عێراق له بەغدا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێی پرسه ئاسایشییەکان، بەتایبەتی پرسی کردە لەشکرییەکانی سوپای تورکیا له دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) له ناوچە سنورییەکانی عێراقدا.

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئەم زانیارییەی بۆ ڕۆژنامەوانان ئاشکرا کرد و دەڵێت "بەرپرسانی تورکیا و عێراق لە مانگی دوازدەدا یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایشییان لە ئانکەرە ئەنجامدا، ئەمڕۆ پێنجشەممەش دووەم کۆبوونەوە لە بەغدا ئەنجام دەدەن و تاوتوێی پەرەپێدانی لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم."

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری و هەروەها ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی بەشی هەواڵگری (میت) لە بەغدا لەگەڵ هاوتا عێراقییەکانیاندا کۆدەبنەوە.

ئانکەرە ئۆپەراسیۆنە سنوربەزێنەکانی دژی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا چڕ کردۆتەوە و هۆشداری دەدات لەوەی بەرنامەی کردەیەکی نوێی لەشکریی هەیە، وەک سەرچاوەکانی هەواڵ دەڵێن تورکیا بە نیازە تا قوڵایی 40 کیلۆمەتر لەناو خاکی، زۆنێکی ئاسایشی دابنێت.

فوئاد حوسەین، وەزیری دەرەوەی عێراق لە تەلاری وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ شاندی تورکیادا کۆبووە و لەو کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ پێنجشەممەشدا، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداریکردووە.

هەردوو وڵات لە کۆبوونەوەکەیاندا سەنگییان خستۆتە سەر دۆسێی ئاسایشی و بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و هەروەهاش پەیوەندییە دوو لایەنییەکانی نێوان عێراق و تورکیا.

شاندی تورکیا بە سەردانێکی یەک ڕۆژیی لە بەغدایە.

تورکیا لە ساڵی 2019ەوە کردەی لەشکریی لەودیو سنورەکانییەوە لە دژی پەکەکە لە باکوری عێراق لە ژێر ناوی " چنگی پڵنگ" درێژەپێداوە.

عێراق ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە کردە لەشکرییەکانی تورکیا دەردەبڕێت و بە "پێشێلکردنی سەروەری عێراق" ناودێری دەکات. ئانکەرە دەڵێت بەرگری لە سنورەکانی دەکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG