Accessibility links

ڕاپۆرتی مافەکانی مرۆڤ: ئێران لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژنان لە پێشەنگی وڵاتانی جیهاندایە


شانزدەهەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی سزای لەسێدارەدان لە ئێران لە ساڵی 2023 ڕۆژی سێشەمە 5ی مانگی 3 لە لایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانەوە لە پاریس بڵاوکرایەوە.

ڕاپۆرتی ئەمساڵ هەروەها لیستی ئەو ژن و گەنجانەی لەخۆگرتووە کە تەمەنیان لە ژێر هەژدە ساڵیدایە و لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدراون.

مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە دەڵێت "ڕاپۆرتەکە بە باشی نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلام لە ئیعدام وەک کەرەسەی سەرکوتی سیاسی کەڵک وەردەگرێت."

جەختیشی کردەوە "نەبوونی کاردانەوە بەرامبەر بە ئیعدامەکان لە لایەن کۆمەڵگای جیهانی‌یەوە، پەیامێکی نادروست بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەنێرێت."

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "بە سەرنجدان بە دۆخێکی گەلێک دژوار و نەبوونی شەفافییەتی فەرمی هاوکاتی بوونی سنووردارکردنی بە ئاشکرا کە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامییدا لە گەڵی ڕووبەڕوون، ئەو ڕاپۆرتە ناتوانیت تەواوی سزاکانی ئێعدام لە ئێراندا لە خۆ بگرێت."

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت، "گیان لەدەستدانەکانی جێگەی گۆمان لە بەندیخانەکاندا ناگرێتەوە، دەگەڵ ئەو بەندکراوانەی سزای ئێعدامیان بە سەردا سەپێنرا کە پێش ئێعدامکردن گیانیان لە دەستداوە، یان ئەوانەی کە لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژران.

ڕاپۆرتە کە شی دەکاتەوە کە لە سێدارەدانی خۆپیشاندەرانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە مانگی 12ی 2022ەوە بە لەسێدارەدانی مۆحسێن شکاری و مەجید ڕەزا ڕهنەورد دەستی پێکرد و ئێستاش هەر درێژەی هەیە.

لە 2023، هەشت خۆپێشاندەری دیکە بە هۆیەکانی پەێوەندیدار بە ئاسایش و تاوانبارکردن بە کوشتن لە سێدارەدران. هەموو ئەو خۆپێشاندەرانەی کە ڕووبەڕووی لەسێداردان و سزای دیکە بوونەوە ئەشکەنجە دراون بۆ ئەوەی وەک بەڵگەیەک لە دژی ئەوان بەکاریان بهێنن.

بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی 2023دا ژمارەی ئێعدامکراوان لانی کەم 834 کەس بووە کە بە سەرنجدان بە ساڵی پار 582 کەس بوو و ئەمەش نیشان دەدات کە ئەو ژمارەیە لە سەدا 43 زیادی کردووە.

هەروەها ئێعدامی لانی کەم دوو منداڵی تاوانبارکراو و 22 ژن لە ماوەی 2023دا لە خاڵەکانی جێگای سەرنجی ئەو ڕاپۆرتەی مافەکانی مرۆڤە.

وەک ڕاپۆرتە دەڵێت، لەوەتا 2015ەوە ژمارەی ئێعدامەکانی ساڵی 2023 بەرزترین پلەی هەبووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، کۆماری ئیسلامی لە مەودای ساڵەکانی 2010 تا 2023ی زاینی، لانی کەم 210 ژنی ئیعدام کردووە.

هەروەها کۆماری ئیسلامی بە لە سێدارەدانی 22 ژن لە ماوەی ساڵی 2023 دا، وای کردووە ئێران لە سەرووی لیستی ئەو وڵاتانە بێت کە ژنان ئێعدام دەکەن.

XS
SM
MD
LG