Accessibility links

یەکسانیی جێندەریی لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا


قەیرانەکان و یەکسانیی جێندەریی

قەیران و ناکۆکییەکان لە جیهاندا بەشێکی دانەبڕاون لەو گرفت و تەگەرانەی لەبەردەم دۆسێی یەکسانیی جێندەریدان.

لە جیهانی ئەمڕۆدا کە لێوانلێوە لە قەیران و ململانێی جۆراوجۆر و بووشنەتە فشارێکی گەورە بەسەر کۆمەڵگەکانەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەم قەیرانانەی جیهان وەهایان کردووە " لە هەموو کاتێک زیاتر پێویست و گرنگیش بێت بگەینە یەکسانیی جێندەریی لە نێوان ژنان و پیاواندا وەک گرنگترین بابەت بۆ ئێستا."

شلێر باپیری، نوسەر و لێکۆڵەرێکی کوردە و داکۆکی لەو یەکسانییە جێندەرییە دەکات و دەڵێت "کاریگەری قەیرانەکان و ململانێیەکان لەسەر یەکسانی جێندەری جیاوازن، بەڵام ئەگەر بە گشتی چاوی لێبکەین دەبینین کە پرۆسەی یەکسانی جێندەری وەدوادەخات و ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجمان لێ دورتر و دورتر دەکاتەوە، چونکە لەدۆخی قەیرانەکاندا نایەکسانییەکان زۆر زیاتر دەبن و جیاوازییەکان قوڵتر دەبنەوە و هاوکات پەراوێزیش دەخرێت. لە زۆربەی زۆری قەیرانەکاندا لەوانە شەڕ، ئابووری، ئاوارەبوون و زۆر قەیرانی دیکە ئەوا ژنان لەم جۆرە بارودۆخانەدا ڕووبەڕووی زۆرترین نایەکسانی، توندوتیژی و سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکان دەبنەوە، ئەمەش ڕێگری لە پێشکەوتن بەرەو یەکسانی جێندەری دەکات لە کۆمەڵگەکاندا."

یەکسانیی جێندەریی و مافەکانی مرۆڤ

شلێر، یەکسانیی جێندەریی بە بەشێکی گەورە و گرانی دۆسێی مافی مرۆڤ دادەنێت و لەوبڕوایەشدایە هەتا ئێستاش نەبوونی ئەو یەکسانییە ئاڵنگارییەکی قورسە لە بەردەم جێگیرکردنێکی تەواوەتی مافەکانی مرۆڤدا و دەڵێت "یەکسانی جێندەری وەک ئاڵنگارییەکی بەرچاو بۆ مافەکانی مرۆڤ سەیر دەکرێت، چون کە هەڵاواردن و توندوتیژیی بەربڵاو لەسەر بنەمای جێندەری لە ئاستی جیهانیدا بەردەوامە. نایەکسانی سیستماتیکی دەرفەتەکان تەنها بۆ ژنان سنورداردەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن، دامەزراندن و ڕۆڵبینی لە بڕیارداندا هەیە. چارەسەرکردنی یەکسانی جێندەری زۆر گرنگە بۆ بەرزڕاگرتنی بنەماکانی مافە گشتگیرەکانی مرۆڤ و دروستکردنی کۆمەڵگەیەک کە دادپەروەرانە و گشتگیربێت. هەروەک چۆن ئەو دروشمە باوە هەیە کە نەتەتەوە یەکگرتووەکان زۆر دەکاری دەکات و بەجۆرێک بووەتە دروشمێکی بەرچاو لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکاندا و باسەکانی سەبارەت بە پرسەکانی ژنانیش کە دەڵین "مافی ژنان، مافی مرۆڤە". بۆیە هەتا ئەو کاتەی کە یەکسانی جێندەری نەبێت، یەکسانیی دەرفەتیشی نابێت، لەو ڕوانگەیەشەوە ناتوانین باس لە مافی مرۆڤ بکەین."

ڤانە حەمە، نوسەر و ڕۆژنامەوان بە چاوێکی وردەوە دەڕوانێتە ئەو دۆسێیانەی پەیوەندییان هەیە بە یەکسانیی جێندەرییەوە و دەڵێت " خاڵی هەرە سەرەکی، لاوازیی سیستەمی پەروەردە و خوێندنە، کە خودی لاوازیی سیستەمەکەش هۆکارەکانی خۆی لە ناسەقامگیری سیاسی و لاوازیی باری ئابوریدا دەبینێتەوە، چونکە هەر وڵاتێک لەم دوو لایەنەوە توانی سەقامگیر و بەهێز بێت، ئەوا دەتواندرێت سیستەمی پەروەردەش هەتا ڕادەیەکی زۆر باش بچێتە پێشەوە، لە ئەنجامدا تۆ کۆمەڵگەیەکی خوێندەوارت دەبێت و ئاسانتر دەتوانیت تێیبگەێنیت کە ماف و دەستکەوت و دەرفەتەکانی چین و هەروەها چۆن بەدەستیان بهێنێت، لێ هەتاوەکو لە کۆمەڵگەیەکدا شەڕی مان و نەمان بکرێت تۆ ناتوانیت هەوڵ بۆ مافەکانی دیکە بدەیت و کۆمەڵگەش بخەیتە سەر ئەو ئاڕاستەیە، دەتوانیت بە بەراوردکردنی وڵاتەکان و ئاستی یەکسانی جێندەری ئەمە بە زەقی ببینیت، بۆ نموونە وڵاتێکی وەک سوید و پاکستان، دانیمارک و عێراق."

فێمێنیزم و یەکسانیی جێندەریی

فێمێنیزم لە سادەترین پێناسەیدا دەشێت وەک بزاوتێک لێی بڕوانرێت بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنان و دەربازبوون لەو ستەمانەی لە ژنان دەکرێن تەنها لەبەر ئەوەی ژنن. لە ڕاستیشدا ئەو ڕێبازانەی کار لەسەر هزر دەکەن و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانیش لەوپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ، هەریەک بەپێی دید و بۆچوونی خۆی باس لە فێمێنیزم دەکات؛ بەڵام هەرگیز ناکرێت فێمێنیزم وەک بزاوتێکی کۆمەڵایەتی نەبینرێت، کە بە درێژایی مێژووی ئەم دیاردەیە هەوڵ و کۆششێکی زۆر دراون هەتا وەک هزر و بیرکردنەوە بەرنامەڕێژێیەکی بۆ بکرێت و هەمیشەش لە خۆ نۆژەن کردنەوەدا بێت.

ڤانە حەمە، لەو بڕوایەدایە "ئەگەر باسی فێمینیزم بکەین، وەک زەنگێک دەیبینم کە لەو هەموو ستەمەی دژ بە ژنان کراوە لێدرا، بەڵام ڕەنگە ئەمە ڕاستبێت کە بڵێین توانیویەتی لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا زیاتر ئامانجی خۆی بپێکێت، لە بەرامبەردا لەو کۆمەڵگایانەی هێشتا لە گەشەکردندان، کەمترە ئەمەش لەبەر ئەوەی هەمیشە لەلایەن نەریتی کۆن و ئاینی باوی کۆمەڵگەوە هەوڵی لەکەدارکردنی دەدرێت چونکە هەمیشە دەسەڵاتی پیاوسالار و پاوانخواز و خۆسەپێن فێمینیزم وەک هۆکاری لەناوچوونی خۆی دەبینێت. بەداخەوە ناتوانین ئاماژەش بەوە نەکەین هەندێک جار کۆمەڵگە داخراوەکان ئەو کەسانەی کە بۆ بەرگریکردن دێنە پێشەوە بۆ نموونە لە مافەکانی مرڤ، بە تایبەتیش مافەکانی ژنان، تەنها بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی دێن و ئەمەش گورزێکی گەورەیە دەدرێت لە هەنگاوەکانی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە."

ڤانە، ئاماژەش دەکات بە جیاوازییەک لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا و کە بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە ناودێری دەکات و دەڵێت "ئەگەر باسی کۆمەڵگەی کوردی بکەین ناتوانم خۆم لە باسکردنی ژنانی ڕۆژئاوای نیشتمانەکەم بپارێزم کە چۆن بەبێ جیاوازی لەگەڵ پیاوان بەرەنگاری دڕندەترین گروپی تیرۆریستی دنیا بوونەوە کە داعش بوو. دەتوانم بڵێم ئەمە پێناسەیەکی دیکەی کردەوە و بوێریەکی دیکەی دایەوە نەک هەر بە کورد بەڵکو بۆ هەموو ژنانی دنیاش کە هێزی ژنان زۆر لەوە زیاترە لەوەی هەتا ئێستا بۆی پێناسەکراوە، هەربۆیەشە بڕوام بەوەیە، بۆ ئەوەی ژنان یەکسانی لە ماف و دەستکەوت و دەرفەتەکانیان بەدەست بهێنن پێویستە خۆیان پێناسەی خۆیان بکەنەوە، نەوەک پیاوان پێناسەیان بکەنەوە."

کانی عومەر، نوسەر و لێکۆڵەر، کە لە ئێستادا سەرقاڵی توێژینەوەیەکی وردی مێژووییە لەسەر دیاردەی "کوشتن لەسەر شەرەف" باس لە هەنگاو و کارە ڕژدەکانی فێمێنیزم دەکات بۆ گەیشتن بە یەکسانیی جێندەری و دەڵێت " هیچ کاتێک ناکرێت رۆڵی گەورەی بزاوتەکانی فێمینیزم لە تەواوی دونیادا نادیدە بگرین، هەر لە بنەرەتدا لە مافی هاوڵاتیبوونەوە بیگرە هەتا ڕەخنەکردنی کێشە ڕۆژەڤەکانی دونیای ئەمڕۆ، فێمینیزم قسەی هەبووە. شەپۆلە جیاوازەکانی فێمینیزم ئەرکی بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری هەڵگرتووە، لە شەپۆلی یەکەمدا ژنان داوای مافی دەنگدان و مافی خاوەنداریکردنی سامان، کە هەتا ئەو کاتەش هیچ موڵکوماڵێک نەدەکرا بە ناوی ژنانەوە. شەپۆلی دووەمی فێمینیزم کاری بۆ یەکسانی و بەرەنگاربوونەوەی جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەزی کرد، تەنانەت دووبارە خوێندنەوەیان بۆ مێژوو، ئەدەب و هونەر بە دیدگایەکی فێمێنین کرد. شەپۆلەکانی دواتر ڕەخنەی خودی فێمێنیزممیان کرد، بە هۆکاری ئەوەی تەنها کۆژانی ژنانی سپی خستووتەڕوو، بۆیە فێمێنیزم دژی جیاکاری لەسەر بنەمای رەنگ هاتەکایەوە. سەرەڕای ئەوەی رەوتی فێمینیزم لەم ساڵانەی دوایدا چوونەدواوەی زۆری بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام هەتا ئەمڕۆش بۆ زۆربەی کێشە کلتووری و سیاسییەکان قسەی هەیە. "

داهات لە دۆسێی یەکسانیی جێندەریدا

کانی، سەرچاوەی سەربەخۆی داهات هێندە بە گرنگ نازانێت لەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ گەیشتن بە یەکسانیی جێندەریی و دەڵێت "بڕوام نییە ئابووری سەربەخۆی ژنان ببێتە هۆکاری خەونی بەدیهێنانی یەکسانیی جێندەری. لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا هێشتا کێشەی تێگەیشتنیان لە ژن وەک مرۆڤێکی یەکسان لەگەڵ پیاودا هەیە. تەنانەت ئەو ژنانەش کە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیانن، تاک و تەرا مافی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی ئەو داهاتەی پەیدای دەکەن لەلایەن خودی خۆیانەوە ڕێگەی پێدەدرێت. بە زۆری ئەو ژنانەی هاوسەردارن دەبێت ڕاستەوخۆ پارەکە بدرێت بە پیاو و لەلایەن ئەوەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت. تەنانەت قسەیەکی باو لە ناو کۆمەڵگەی خۆمان هەیە لەلایەن ژنانەوە کە دەڵێن: «کە مووچە وەردەگرم دەیخەمە دەستی مێردەکەم»، ئەم کردەیە ڕیشەکەی بۆ نەستی پیاوسالاری لای پیاو و ژنیش دەگەڕێتەوە. پیاوان بەوجۆرە لە بابەتەکە دەڕوانن کە تەنها پیاو مافی مامەڵەپێکردن بە پارەی هەیە، ژنان لێهاتوویی و ژیرێتی ئەوەیان نییە. دیوێکی دیکەشی لای پیاوان ئەوەیە پارە هێزە، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی سایکۆلۆژیستەکان، پیاوان لە سەرانسەری دونیادا هەستی خۆ بە کەم زانینییان هەیە، ئەگەر لەلایەن ژنان پارەیان پێبدرێت بۆ کاروباری ڕۆژانە."

ڤانە، پێیوەهایە مەرج نییە داهاتی سەربەخۆ لای ژن ببێتە هۆاکرێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو تەگەرەکانی بەردەم ژیانی، بەڵام نکوڵیش ناکات لەوەی تەوەرێکی گرنگە و دەڵێت "هەبوونی داهاتی سەربەخۆ هەنگاوێکی بنچینەیی و کاریگەرە، بەڵام تاکە هەنگاوی ڕاستەقینە نییە، هەنگاوی گەورەتر و قورستر هەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە کە ئەویش چەسپاندنی یەکسانی جێندەرییە، ئەگەر تۆ سەیربکەیت لە وڵاتێکی وەک عێراقیشدا چەندان ژن دەکوژرێن کە داهاتەکانیان ڕەنگە لە هاوسەرەکانیشیان زۆر زیاتر بێت، بەڵام لەبەرئەوەی دیسان ئازادی لە ماف و ئەرک و مومارەسەکردنی ژناندا لە چەند خاڵێکدا بەرتەسک کراوەتەوە، ئەگەر ژنان لەو قاڵبە دەربچن دووبارە نەک دەکرێت مافەکانیان پێشێل بکرێت بەڵکو ڕەنگە مافی ژیانیشیان لێبسەندرێتەەوە، کە لێرەدا کلتورەکە بووەتە لەمپەڕ لەبەردەم یەکسانی جێندەریدا، لە پاڵ ئەوەشی یەکسانی هەبووە لە داهاتی ژنان و پیاواندا و داهاتی سەربەخۆ بوونی هەبووە."

ڕێکخراوەکان و یەکسانیی جێندەریی

لە کۆمەڵگەی کوردیدا ژمارەیەک ڕێکخراو هەن لەسەر بنچینەی فێمێنیزم و داکۆکی لە پرەنسیپەکانی فێمێنیزم دەکەن بەو ئامانجەی بگەنە ئەو یەکسانییە جێندەرییەی نەک هەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش داوا دەکرێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرنامە و پلانی تایبەتی بۆ داناوە هەتا بەجێبگەیەندرێت.

شلێر باپیری، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت "ئەوەندەی زانیاریم هەبێت بنەمای دامەزاندنی ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستاندا لەسەر بنەمای داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانە. فێمینیزم و بزووتنەوەی فێمینیستیش وەک بەشێک لە خەباتی ژنان بۆ داکیکۆکردن لە مافەکانی ژنان و دەستەبەرکردنیانە . ئەگەر باس لە باری ئەرێنی ڕێکخراوەکانی ژنان بکەین دەتوانین بڵێین کە ڕۆڵیان هەبووە و هەتا ئاستێک هەیە لە داکۆکیکردن لە یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگەی کوردستان و کاریان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نۆرمەکانی نەریتی و بەرەوپێشبردنی مافەکانی ژنان و چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک توندوتیژ ی و هەڵاواردن. پێشکەوتنەکان جیاوازن، بەڵام ئەم ڕێکخراوانە لەوبارەدا دەکرێ خاوەن ڕەخنەبن کە نەیانتوانیوە کە بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێت لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری و گۆڕانکاری لە سیستمی پەروەردەیی و هەروەها سیاسەتی حکومەتدا."

کانی عومەر دەڵێت " زۆرێک لە ڕێکخراوەکان دوور و نزیک هێندەی ئاگاداربم لەسەر بنەمای فێمێنیزم دامەزراون، ژنانی فێمەنیستی چالاک کاری ڕێکخراوەکان دەکەن. بەڵام کۆمەڵگەی کوردی تووشی فیمۆفۆبیا بووە. بە تایبەتیش لەم دواییانەدا و بەهۆی بەهێزبوونی هێزە ئیسلامییەکان، کە ڕێگەیان بۆ تەشەنەسەندی ئیسلامی سیاسی خۆشکردووە، هەروەها هێزە بنئاژۆخوازەکانیش لە پاڵ ئەواندا ڕۆڵێکی گەورەیان لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقان لە فێمینیزم هەبووە، ئەفسانەسازی لەسەر کاری ڕێکخراوەکان و چالاکانی بواری ژنان دەکرێت، چەندین سیناریۆی هۆلیودی لەسەر کاری رێکخراوەکانی ژنان و خودی ژنان بە ئامانجی بە هەڵەدابردن و گەوجاندنی کۆمەڵگە دەکرێت، ئەمەش قورسایی زۆر بۆ کاری چالاکوانان تەنانەت هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەکان دروستکردووە، رێکخراوەکان کاری زۆرییان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی ژناندا کردووە، بەڵام خەریکە لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەوەشی بەدەستیانهێناوە لێیان دەسەندرێتەوە."

دژایەتیکردنی فێمێنیزم و یەکسانیی جێندەریی

بێگومان لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بە کۆمەڵگەی کوردییشەوە، هێزگەلێک هەن دەخوازن بەرەنگاری ئەم جۆرە یەکسانییە جێندەرییە ببنەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم بابەتە بەشێکی هەستیارە لە هەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی زەمینەی ئایندەیەکی تۆکمە بۆ کۆمەڵگەکان.

شلێر باپیری دەڵێت "هێزەکانی دژی یەکسانی جێندەر ی لە کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکاندا، لەوانەش کۆمەڵگەی کوردی، لەوانەیە ئایدۆلۆژیای کۆنەپەرستانە، نۆرمە کلتورییەکان و پرەنسیپە چەسپاوەکانی پیاوسالاریی و هەروەها بەشێک لە ئاینیش لەخۆ بگرن. بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێزانە، ستراتیژییەکانی وەک پەروەردە، چاکسازی یاسایی و هەڵمەتی هۆشیاری دەتوانن کاریگەر بن . جیایی دین لە سیاسەت، بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە، پێشخستنی پەروەردەی گشتگیر و بەشداریکردنی پیاوان وەک هاوپەیمان لە بەدواداچوونی یەکسانی جێندەری میکانیزمی زۆر باشن بۆ پەرەپێدانی گۆڕانکاری بەردەوام."

کانی عومەر، جەخت دەکاتەوە لەوەی " لە کۆی کۆمەڵگەکانی جیهاندا گروپی و هێزی بنئاژۆخواز بوونی هەیە، زۆرێک لەم گروپانە دژ بە کرانەوە و گۆڕانکاریین، بەڵام ئەم مێنتاڵیتییە پشکی زۆرتری بەر کۆمەڵگە دینی و نەریتگەراکان دەکەوێت کە دابەشکارییە لەمێژینەییەکەی مرۆڤایەتی بە باشترین بژاردە دەزانن، ئەوەی ژن رۆڵی تەنها لە ماڵ و وەچەخستنەوەدا کورت دەکرێتەوە، هیچ بەشدارییەکی سیاسی نییە. لە کۆمەڵگەی کوردیشدا ئیسلامی سیاسی، خێڵ و گروپە موحافزکارەکان لە گەشەسەندندان. میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێزانەش دەبێت سەرەتا لە ڕێگەی دادگا و یاساوە بکرێت، ڕێگە لە تیرۆرکردنی مەعنەوی چالاکوانان بەدناوکردنی ڕێکخراوەکان بگرێت. هەروەها پەروەردەی مەدەنی رۆڵێکی گرنگی لە قبوڵکردنی فرەڕەنگی و بەرەنگاربوونەوەی تاکبیری دەبێت، هەروەتریش سەرپێخستنەوەی دووهێندەی چالاکییە رۆشنبیرییەکان بەبێ سانسۆر و ترس."

ڤانە حەمە، نوسەر و ڕۆژنامەوان باس لە فەرهەنگی کۆمەڵگە دەکات وەک ئاماژەیەک بەو هێزگەلانەی دەبنە تەگەرە لە بەردەم ئەم دۆسێ هەستیار و گرنگەدا و دەڵێت "لە کۆمەڵگە نەریتیەکاندا ئەوانەی کە هێشتا کولتور و ئاین ڕۆڵی باڵایان هەیە لە ئاڕاستەکردنی سیستەمی حوکمڕانی وڵاتدا، ژنان بە ڕادەیەکی زۆر دەچەوسێندرێنەوە و بەدورن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان، چونکە ئەوەی یاسای نوسیوەتەوە پیاوە، ئەوەی لە سیاسەتەدایە زۆرینەی پیاوە، کەواتە تۆ لە ئاوەها بارودۆخێکدا نابێت چاوەڕوانییەکی زۆرت لە بەدەستهێنانی یەکسانی جێندەری هەبێت، لەلایەکی دیکەوە یەکسان نەبوونی جێندەری هاوئاوازە لەگەل دەسەڵاتی دیکتاتۆر و گەندەڵ و پاوانخواز، چونکە ئەگەر تۆ لایەکی کۆمەڵگەت ئیفلیج کرد ئاسانتر دەتوانی سەرکوتی بکەیت تاوەکو هەردوو ڕەگەزی کۆمەڵگە لەبەرامبەرت بوەستن."

XS
SM
MD
LG