Accessibility links

هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کاردانەوەکان لەسەر گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی


حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی دووشەممە 26ی مانگی دووی 2024، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە ژنێڤ، ڕەخنەی لەوە گرت کە مەرگی ژینا ئەمینی "کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە" و ئەوەش کە کۆمیتەیەکی ناسراو بە دۆزینەوەی ڕاستی [ڕاستییەکان] پێک‌هات. ئەو پێکهێنانی ئەو کۆمیتەیەی بە "پێکهێنای کارە داسەپێنراوەکان" ناوزەد کرد.

هەروەها گوتیشی ئەو کۆمیتەیە لە ڕووی یاسای جیهانییەوە "هیچ بنەمایەکی مەنتیقی و ڕەوایی نییە و تەنها بیانوویەکە بۆ ئەوەی بە بیانوی مافەکانی مرۆڤ گوشارە سیاسسیەکان بسەپێندرێن"

ئەو کۆمیتەیەی کە وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی پێدەکات لە مانگی 8ی 2023 پاش سەرکوتکردنی فراوانی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران و بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکهات .

سارا حوسێن، بەرپرسی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان گوتی "بەر لە هەر شتێک، مەهسا [ژینا] نەدەبوایە دەستبەسەر بکردرێت. حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی مەرگی ژینا لە دەستبەرسەری‌دا، بۆ ئاشکراکردنی ڕاستی، بەڕێوەبردنی داد و قەرەبووکردنەوە بە بنەماڵەکەی یان بنەماڵەی قوربانییەکانی دیکە، ژنان، کچان و هەموو ئەوانەی کە مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کراوە، هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێناوەتەوە."

لە کاتی پێشکەش کردنی گوتاری وەزیری دەرەوەی ئێران ژمارەیەک لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ کۆبوونەوەکەیان جێ‌هێشت.

لە نێویاندا لادن بروومەند، چالاکی مافەکانی مرۆڤ و لە دامەزرێنەرانی ناوەندی 'عبدالرحمن برومند' لە توتیتەکەیدا کە ڕووی لە نوێنەرانی وڵاتانی دێمۆکڕاتیکە نووسی " ناکرێت ئێوە لە شوێنێک دابنیشن و گوێ بۆ "لافاوی درۆکان بگرن ئەویش لە دۆخێکی ساختە و جێگای بێزاری‌دا کە تەواوی ئەنجومەنەکەی داگرتووە."

هەڵبەت پێشتریش نازەنین بونیادی، لە کەسایەتییەکانی ئوپوزسیۆن، لە نامەیەک بۆ کاربەدەستانی ئەمەریکا ڕەخنەی لە بەشداری "تەواوی وڵاتانی دێمۆکڕاتیک" لەو کۆبوونەوەیەدا گرتبوو.

ئێران لە دەگمەن ئەو وڵاتانەی جیهانە کە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتدەرێکی تایبەتی بۆ دیاری‌کردووە.

بەو حاڵەش مانگی 10ی 2023ی زاینی ئێران وەک بەرپرسی کۆبوونەوەی دو رۆژەی "مجمع اجتماعی" واتا کۆبوونەوەی ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی نێودەوڵەتی دیاری کرا بەڵام بە شێوەیەکی بەرفرەوان ڕەخنە لە ئەم کارە گیرا.

بەشێکی زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕادیۆ فەردا وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG