Accessibility links

16 ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەن بڕیاری لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسیی کورد لەلایەن ئێران ڕابگرن


16 لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەن کە بڕیاری لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسیی کورد ڕابگرن.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و 16 ڕێکخراوی دیکە بەیاننامەیەکیان واژۆ کردووە تیایدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەن ڕێگە لە لەسێدارەدانی چوار زیندانی سیاسیی کورد بگرن بە ناوەکانی موحسین مەزلووم، پێژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، و هەژیر فەرامەرزی کە پێدەچێت سزاکەیان لە ماوەیەکی نزیکدا جێبەجێ بکرێت."

بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو چوار کەسە لە 22ی مانگی 6ی 2022وە لە ورمێ دەستگیرکراون و لەوکاتەوە تا ئێستا ڕێگا نەدراوە هیچ پەیوەندێکیان لە گەڵدا بکرێت. تۆمەتی 'دژایەتی بەرامبەر بە خودا' و 'مفسد فی‌الارض' و تاوانی سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیلیان خراوەتە پاڵ.

ئەو بەیاننامەیە نیگەرانی قووڵی خۆی سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی سێدارەدان دەردەبڕێت هەروەها سەبارەت بەو جودابیرانەش کە لەوەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناسراو بە 'ژن، ژیان، ئازادی' لە مانگی 9ی 2022وە دوای مەرگی ژینا ئەمینی‌ ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و ئەوەش وەک هەڵمەتێکی بەرفراوانتر بۆ ترساندن و فشارخستنە سەر خەڵکی ئیران.

ئەو ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بە زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان دەکەن لە ساڵی 2023 دا ئەویش بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەش بەوە دەکەن زیاتر لە سەدا بیستی لەسێدارەدراوان خەڵکی بەلووچن و هەروەها، زیاتر لە سەدا پەنجایان لە بەندکراوانی کورد پێک دێن، واتا ئەوانەی لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا تاوانیان خراوەتە پاڵ.

هەڵبەت کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن زیاتر لە 50 وڵاتەوە سەبارەت بە لەسێدارەدان هوشداریان پێدراوە، بەڵام ئەو حکومەتە داوای بەردەوامی کارناسانی مافەکانی مرۆڤ، وڵاتان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی پشتگوێ خستووە.

لە نێو ئەو ڕێکخراو و ناوەندانەی مافەکانی مرۆڤ کە ئەم بەیاننامەیان واژۆکردووە، ناوەندی عەبدوڵڕەحمان بروومەند، ئەنجومەنی بەرگری لە بەندکراوانی ئازەربایجانی لە ئێران، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئەهواز، گرووپی مافەکانی مرۆڤی بەلووچیستان، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ – هەنگاو و ڕێکخراوی کوردپا هەن.

ئەو ڕێکخراوانە لە داخوازییەکەیاندا داوا لە وڵاتان دەکەن لە چوارچێوە شێوازی نەریتی واتا ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای مەرگ هەنگاو بنێن و بە ڕوونی ناوی ئەو بەندکراوانە بهێنن کە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە و ئاگایی بدەن کە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەمەکی زیندانیان لەسێدارە دەدات.

هەروەها داواش دەکەن لە وڵاتان لە ڕێگەی دیپلۆماتی، واتا باڵیۆزخانەکانیان لە ئێران، لە ڕێگەی پەیوەندی کردن بە نوێنەری دایمی ئێران لە ژێنێڤ، لە ڤییەنا و نێویۆڕک بکەن و نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دۆخی ئەو چوار بەندکراوە کوردە دەرببڕن کە مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە.

XS
SM
MD
LG