Accessibility links

ڕاپۆرتی تایبەت: لە کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵێکدا 23 ژن کوژراون، دەیان ژنیش دەستگیرکراون و لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە


بە گوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەوەتای 25ی مانگی 11ی ساڵی 2022ە تا 25ی مانگی 11ی 2023 لانی کەم 23 ژنی کورد لە لایەن ئەندامانی پیاوی بنەماڵەکانیانەوە کوژراون.

هەروەها بە پێی ڕاپۆرتەکە سێ ژنی دیکەش لە ڕووداوی گوماناویدا کوژراون. هۆکاری کوشتنی 11 لە ژنەکان وەک "پەیوەندیدار بە نامووسەوە" لەقەڵەم دراوە و هەشت کەیسیان پرسی "کێشەی بنەماڵە" یان داوای جیابوونەوە بووە.

لەو 23 ژنە 10 ژنیان بە چەک کوژراون، 9 ژن خنکێندراون، یەکێکیان بەڕووداوی سووتان بووە، یەکیان بە چەقۆ و یەکێکی دیکەش بە چەکوش. تاوانبارەکان هەموویان لە ئەندامانی نزیکی خێزانەکانیان بوون، لە نێویاندا باوک، برا، هاوسەر، هاوسەری پێشوو و خزمەکانی وەک ئامۆزا.

هەشت لەو قوربانیانە هێشتا ژیانی هاوسەرییان پێکنەهێنابوو و 14یان هەوسەگیریان کردبوو. حەوت کەسیان پەیوەندی بە ژن کوشتنەوە هەبووە و شەش کەیسیان بە منداڵی بەشوو درابوون یان لەژێر زەخت بە شوودرابوون.

17 لەو ژنانە خەڵکی گوندەکان بوون، 10 کەسیان خەڵکی ستانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، هەشتیان کرماشان و چواریان ستانی "کوردستان" و یەکیان هی ئیلام بووە.

ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە درێژەدا ئاماژە دەکات کە هەر لە ماوەی ساڵی پارەکەدا، لانی کەم 39 ژن لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شارەکان بە هۆی تاوانە جۆراوجۆرەکان دەستگیرکراون. سزای جۆراوجۆر بە سەر 17 لەو ژنانەدا سەپێنراوە کە سزای سێ کەسیان لە سێدارەدانە. هەروەها لەو ژمارەیە چوار ژنی کورد بە هۆی چالاکی سیاسی یان کرێکاری لە کارەکانیان دەکراون.

XS
SM
MD
LG