Accessibility links

کورتەیەک لە بارەی کۆنفرانسی COP28 و ئامانجە سەرەکییەکانی


کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی گۆڕانی کەش‌وهەوا یەکێکە لەو کۆنفرانسانەی بە COP ناودێردەکرێت - کورتکراوەی conference of the parties . ئەم کۆنفرانسە لە ساڵی 1992 لە لایەن زیاتر لە 150 وڵاتەوە پەسەندکرا. یەکەم کۆنفرانسی لە ساڵی 1995 ئەنجام درا. کۆنفرانسی ئەمساڵیش لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت کە پێنجەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە.

کۆنفرانسی COP28 کە لە 30 مانگی یازدەوە دەستیپێکردووە، بڕیارە لە 12 مانگی دوازدە بە کۆتایی بگات، شاندەکانی نزیکەی 200 وڵات تیایدا بەشداری دەکەن و نزیکەی 70 هەزار کەس ئامادەی دەبن، هەر لە سەرۆکی وڵاتانەوە هەتا چالاکوانانی داکۆکیکار لە ژینگە.

ئامانجە سەرەکییەکان بۆ هەتا ساڵی 2030 لە کۆنفرانسی COP28:
یەکەم: پەلەکردن لەوەی وزەی پاک و نوێبووەوە شوێنی وزەی سووتەمەنی بگرێتەوە بە شێوەیەک هەتا ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی وزەی نوێبووەوە سێ هێندە زیاتربکرێت.
دووەم: بەردەوامیدان بە هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر زەوی بۆ خوار 1.5 پلەی سەدی.
سێیەم: زیادکردنی کارایی ئەو بزوێنەر و ئامێرانەی بە سووتەمەنی کاردەکەن. بۆ نمونە ئەگەر ئۆتۆمبیلێک بە لیترێک بەنزین بتوانێت 15 کیلۆمەتر بڕوات وەهای لێبکرێت بەو بڕە بەنزینە 20 کیلۆمەتر یان زیاتر بڕوات.
چوارەم: هەنگاوی گەورە بنرێت بە ئامانجی ئەوەی ئۆتۆمبیلە کارەباییەکان شوێنی ئۆتۆمبیلەکانی بە سووتەمەنی کاردەکەن بگرنەوە.
پێنجەم: دەرهاویشتە گازییەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و میثان کەمبکرێنەوە.

بۆچی کۆنفرانسی COP28 گرنگە؟
وەها پێشبینی دەکرێت ئەم کۆنفرانسە ببێتە خاڵی وەرچەرخان کە وڵاتان نەک تەنها لەسەر ڕێوشوێنەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەش‌وهەوا ڕێکبکەون، بەڵکو چۆنیش جێبەجێیان بکەن. بۆیە ئەو بڕیارانەی لەم کۆنفرانسەدا پەسەنددەکرێن، دەتوانرێت وەک زۆرترین دەرئەنجام لە دوای کۆنفرانسی COP21 لە ساڵی 2015 لە پاریس دابنرێت.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە ماڵپەڕی COP28 وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG