Accessibility links

جەژنی سوپاسگوزاری


هەموو ساڵێک لە چوارهەمین پێنجشەممەی مانگی یازدەدا، ئەمەریکاییەکان جەژنی سوپاسگوزاری دەگێڕن، کە له‌ ته‌واوی ئه‌مه‌ریکادا پشووی فه‌رمییه‌.

مێژووی ئەم جەژنە دەگەرێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی حەڤدەهەم کاتێک ژمارەیەک ئینگلیز لە ناوەڕاستی مانگی یازدەی ساڵی 1620 دا ، لە ڕێگەی کەشتییەک بە ناوی مەیفلاوەر گەیشتنە کەنارئاوەکانی ئەمەریکای باکور.

ئەوان بەشێک بوون لە گروپێکی 120 کەسی لە نیشتەجێبوانی نوێ لەگەڵ تاقمێکی 30 کەسی کە بریتی بوون لە جوداخوازانی ئاینی کە بە دوای نیشتمانێکی نوێدا دەگەڕان بۆ ئەوەی بە ئازادی پەیڕەوی بڕوای ئاینی خۆیانی تێدا بکەن .

بەهۆی سەختی کەشوهەوای پایزی ئەو ساڵە لە شوێنە نوێیەکەیان و برسێتی و نەخۆشی، نیوەی ئەو ژمارەیەیان مردن.

بەڵام خۆشبەختانە بۆ نیشتەجێبوانی نوێ ، خێڵێکی بە ناوی وامپانۆگ کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون، میهرەبانیان بەرامبەریان پیشاندان لە ڕێی بەخشینی خۆراک و هەروەها فێری نیشتەجیی نوێیەکانیان کرد کە چۆن سرووشت بۆ پێداویستیەکانی خۆیان بەکاربهێنن.

ساڵی دواتر لە ماوەی نێوان 21 ی مانگی نۆ و11 ی مانگی یازدەی ساڵی 1621 لە شوێنی ئێستای ویلایەتی ماساچوستس ، 53 ڕزگاربووی کەشتییەکە لە پیاوانی ئینگلیز و ژنان و منداڵان و 90 پیاوانی وامبانۆگ بەشدارییان لە خوانێکدا کرد لەگەڵیاندا وەک سوپاسگوزارییەک بۆ خودا بۆ چنینەوەی یەکەم بەرهەمی خۆیان لە وڵاتە نوێیەکەیاندا.

ئەم جەژنە سێ ڕۆژی خایاند، ئەمەش دەبێتە یەکەم جەژنی سوپاسگوزاری لەسەردەمی کۆلۆنیالیزمدا.

دەیان ساڵ پێش ئەوە، لە 8ی مانگی نۆی 1565، پێدرۆ مێنێندێز دی ئەڤیلێس و 800 کۆچبەر ئیسپانی شاری سانت ئۆگستینیان لە شوێنی ویلایەتی فلۆریدای ئێستا دامەزراند. هەر کە گەیشتنە کەنار مەراسیمی سوپاسگوزارییان سازکرد. دوای ئەوە مێنێندێز ژەمێکی ئامادەکرد و هۆزی سێلۆی بانگهێشتکرد کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە بوون.

لەمەوە سەدە دوای سەدە جەژنەکە گەشەی پێدراوە.

سەرۆک جۆرج واشنتۆن لە 26ی مانگی یازدەی ساڵی 1789 وەک ڕۆژی نیشتمانیی سوپاسگوزاری ڕاگەیاند.

سەرۆک ئەبراهام لینکۆڵن لە ساڵی 1863 دا بەیاننامەیەکی دەرکرد و داوای کرد کۆتا پێنجشەممەی مانگی یازدە وەک ڕۆژی "سوپاسگوزاری" تەرخان بکرێت .

دیاریکردنی ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ی هەفتەی چوارەم بە پشووی فەرمی بۆ جەژنەکە لەسەر دەستی سەرۆک فرانکلین رۆزفێلد لە ساڵی 1939 بوو، و له‌ ساڵی 1941 کۆنگرێس رەزامەندی لەسەر دا.

کەنەدییەکانیش لەگەڵ ئەمه‌ریکییەکان، جەژنەکە دەکەنەوە، بەڵام جەژنەکەی ئەوان لە مانگی دەیە.

لەم سەردەمدا ئەم بۆنەیە پشوویەکی فەرمی چەند ڕۆژی دەگرێتەوە بۆ خێزانەکان کە گەشت دەکەن بۆ بینی خێزانەکانیان لە سەرانسەری وڵاتەکە تا پێکەوە لە خوانی ئێوارەی جەژنی سوپاسگوزاری کۆببنەوە.

قەل یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خوانی ئەم جەژنە، هەرچەندە کە لە یەکەم جەژن کە لە ساڵی 1621دا بەڕێوە چوو، خەڵکەکە مراوی کێوییان لەسەر خوانەکانیان دادەنا، بەڵام لە ساڵانی دواتردا قەل بوو بە نەریت.

بۆ هەینی دوای جەژنی سوپاسگوزاری لە ئەمەریکا ،کە هەینی ڕەش یان بلاک فڕایدەی Black Fridayناسراوە کە زاراوەیەکە بەکاردەهێنرێت بە شێوەیەکی نەریتی بۆ دەستپێکردنی وەرزی بازاڕکردنی کریسمیس، زۆرێک لە فرۆشگاکان کاڵا و خزمەتگوزارییەکانیان بە نرخی داشکێندراو پێشکەش دەکەن و زۆر جاریش زوو دەکرێنەوە. فرۆشتنی هەندێک لە فرۆشگاکان تا دووشەمەی دوای هەینی ڕەش بەردەوام دەبێت، هەندێکیشیان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبن.

XS
SM
MD
LG