Accessibility links

لەدرێژەی تەقەکردنی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کۆڵبەران، 7 کۆڵبەر بریندار دەبن


بە گوێرەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕۆژی چوارشەممەوە تا ئەمڕۆ لە ناوچەی سنووری "هەنگەژاڵ" 7 کۆڵبەر بریندار بوون و لە دوایین ڕووداوی تەقەکردنیشدا لە ڕۆژی هەینی، کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بە ناوی حەمیدرەزا حافیزی لەو ناوچە سنوورییە لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، قاچی بریندار بووە.

وەک ئەو ڕێکخراوە ڕاپۆرت دەکات لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ، لە دوو ناوچەی سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە و نەوسوود کە وەک دوو شوێنی مەترسیدارن بۆ کۆڵبەران، تەنها لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا سێ کۆڵبەر و کاسبکارێکی سنووری بە هۆی دەسترێژی هێزەکانی سەرسنوورەوە کوژران و زیاتر لە 50 کۆڵبەریش بریندار بوون.

هەر لەم چوارچێوەیەدا ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە دواین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕادەگەیەنێت کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لانی کەم سێ کۆڵبەر کوژراون و 40 کوڵبەری دیکەش برینداربوون.

ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیوێتی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، فەرمانی تەقەکردن لە کۆڵبەران لە لایەن پلەدارێکی سەربازی ئێران بەناوی مەهدی محەمەدییەەوە دەرکراوە.

کۆڵبەران ئەو کەسانەن کە بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانیان کاڵا و شتومەک لە ناوچە سنوورییەکانەوە دەگوازنەوە بۆ ناو ئێران. هەرچەندە بەپرسانی ئێران چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە کۆڵبەر قاچاقچی نییە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا، هێزە سنوورییەکانی ئێران چاونەترسانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران دەکەن.

سەرچاوە/تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان/هەنگاو

XS
SM
MD
LG