Accessibility links

لەسەر "بەرتیل و قۆرخکاری" سکاڵا لەسەر کۆمپانیایەکی دەرمان و بەڕێوەبەری دەرمانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆمار دەکرێت


بە تۆمەتی گرانفرۆشی دەرمان و کار ئاسانی بۆ کۆمپانیاکان و "سەفەرکردن بە پزیشکان لەسەر گیرفانی هاووڵاتیان،" ئەمرۆ پزیشکێکی دەرمان و ژەهرزانی لە شاری هەولێر سکاڵای یاسای لەسەر بەڕێوەبەری گشتی هێنان و دابەشکردنی دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گروپی کۆمپانیاکانی ( ESB) کە تایبەتە بەدەرمان تۆمارکرد.

دڵشاد محەمەد کە دکتۆرای لە دەرمان و ژەهر زانی هەیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سکاڵام تۆمارکرد لەسەر بەڕێوەبەری گشتی هێنان و دابەشکردنی دەرمان، بەو پێیەی ئەو بەرپرسە لە هێنان و دابەشکردنی دەرمان و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ لەو پۆستەدایە و بەرپرسە لە ڕێگەپێدانی دەرمان واتا هەموو شتێکی دەرمان، چ حکومی بێت یان کەرتی تایبەت ( ئەهلی)، بەهۆکاری ئەوەی دەرمان لەکەرتە حکومیەکاندا نەماوە. دەبێت کەرتی تایبەت خزمەت کەرتی گشتی بکات نەک کەرتی گشتی خزمەتی کەرتی تایبەت بکات لەپێناو بەرژەوەندی خۆی."

دکتۆر دڵشاد وتیشی، "وەک باس دەکرێت و من زانیاری ئەوەم نیە، ئەو دەرمانخانەیەی لەو بەرپرسەی دەرمانە نزیک بێت، ئەوە ڕێگە پێدانی بۆ دەکات تا بهێنرێتە هەرێمی کوردستان. ئایە ئەو ڕێگە پێدانە لەسەر ئەساسی پشک پشکینە و پارەدان دەکرێت یان نا؟"

بەڵام ئەو بەڕێوەبەرە گشتیەی وەزارەتی تەندورستی کە سکاڵاکەی لەسەر تۆمارکراوە تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە.

دکتۆر سەرمەد ئەمجەد، بەڕێوەبەری گشتی هێنان و دابەشکردنی دەرمان، بێ ئاگایی خۆی لە سکاڵاکە نیشاندا و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو پزیشکەی سکاڵای تۆمارکردووە هەر دۆکیۆمێنتێک و شتێکی هەیە بیخاتە ڕوو بزانین چیە. دواتر من بەتەنها بڕیاردەر نیم، بەڕێوەبەرم هەیە و دواتر وەزیر هەیە. هەر شتێک کرابێت بڕیاری من نیە. نازانم چیە مەسەلەکە هەتا وەڵام بدەمەوە و ناشزانم سکاڵاکەی چیە."

دکتۆر سەرمەد ئەمجەد ڕایگەیاند لە داهاتوودا سەبارەت بە تۆمەتەکان "ئێمەش وەڵاممان دەبێت و بەڵگەی نەبێت ئەوە ئێمەش سکاڵامان دەبێت، لەکاتێکدا تەنها مەبەستی ناو زڕاندنمان بێت."

پزیشکی سکاڵاکار بەهەمان شێوە داوای یاسایی تۆمارکردووە لە سەر کۆمپانیای گروپی ئی ئیس بی بۆ دەرمان بە تۆمەتی "پێدانی بەرتیل و سەفەرکردن بۆ پزیشکەکان بۆ دەرەوەی وڵات."

دڵشاد محەمەد بانگەشەی ئەوەی کرد کە گوایە کۆمپانیای ئی ئیس بی، بەبێ چاودێری حکومەت نرخەکان دیاریدەکات وە دەرمانەکانی "بەناوی ئەسڵیەوە لەلایان پزیشکەکانەوە ساغ دەکرێنەوە و لەبەرامبەردا سەفەرێکی دەرەوە بۆ ئەم پزیشکانە ئەنجامدەدات. "

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم تۆمەتانە پەیوەندی کرد بە کۆمپانیای ئی ئێس بی. نوێنەرێکیان کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، جگە لە ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان ئامادە نەبوو هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدات.
لە دەرمانخانەکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نرخێکی دیاریکراو داوودەرمان نییە، ئەمەش بووەتە جێگەی ڕەخنەی هەندێک لە چاودێرانی دەرمان کە دەڵێن هەندێک لە کۆمپانیا و دەرمانخانەکان نرخی گران دیاریدەکەن.

هەندێک لە چاودێران دەڵێن بەشێک لە دەرمانەکان بەبی ستیکەری وەزارەتی تەندروستی دەفرۆشرێن بەنەخۆش، ئەمە لە کاتێکدا نەخۆشخانە حکومیەکان وەک پێویست دەرمانیان تیدا دەستناکەوێت.

بۆ ئەوەی ڕێگری لە دەرمانی قاچاغ بکرێت و گران فرۆشی نەمێنێت، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری تەواوی کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرمانسازی و پزیشکی و کارگە ناوخۆییەکان کردووە، بەمەبەستی کشاندنەوەی گشت ئەو بەرهەمە دەرمانسازی و پزیشکیانەی کە بێ ستیکەرن یاخود ستیکەری کۆنیان لەسەرە. وەزارەت دەڵێت تەنها دوای دروستکردنی ستیکەری نوێ دەتواندرێت بەرهەمەکانیان بەبازاڕ بکەنەوە.

وەزارەتی تەندروستی هۆشرایدا لەوەی "لە دوای 2-1-2024 هەر دەرمانێک بگیرێت ئەوە بەنایاسای دادەنرێت."

هەندێک لە چاودێرانی دەرمان دەڵێن ڕۆژانە بەڕێگا جیاوازەکان دەرمانی قاچاخ داخڵی خاکی هەرێم دەکرێت.

یاد حەمید پزیشکی پسپۆری دەرمانساز لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " چەند ساڵێکی زۆرە لە کوردستان فەوزایەکی زۆر هەیە لە دەرماندا. ئەوەی کە ئەوترێت لە کەرتی حکومی کەمە و لە کەرتی تایبەت زۆرە."

یاد حەمید وتیشی، "دەرمان کە دێتە هەرێمی کوردستانەوە بەدوو شێواز دێت، شێوازێکیان بەفەرمیە ئەوی تر بەڕێگەی قاچاخ دێت، قاچاخ ئەو دەرمانەیە کە دێت بەبێ فلتەری وەزارەتی تەندروستی و کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان و دەزگا پەوەندیدارەکان دێتە ناو هەرێمی کوردستانەوە و دواتر ساغ دەکرێتەوە."

ئەو پزیشکە کە لە بواری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا کاردەکات، بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەرمانە کیمیاوی و بایەلۆجییەکان لەکەرتی تایبەت "90% دەرمانی قاچاغە."

دەشڵێت، "سەرباری ئەوەش بەداخەوە زۆرینەی دەرمانەکان کە پێویستیان بە هەلومەرجی گونجاوە بۆ هەڵگرتنە، بۆنموونە پلەی گەرمی گونجاو و نەشڵەقێنرێن لەکاتی هێناندا، بەڵام ئەم مەرجانەیان تێدا نیە."

ڕاپۆرتی دیار جەمال

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:41 0:00

XS
SM
MD
LG