Accessibility links

مێژووی شەڕەکانی ئیسرائیل


دەوڵەتی ئیسرائیل لەوەتەی لە ساڵی 1948 وە دامەزراوە، هەشت شەڕی گەورە و دوو ڕاپەڕینی فەلەستینییەکان و زنجیرەیەک ململانێی چەکداری بەرفراوانی لەگەڵ عەرەب بەخۆوە دیوە.
نزیکەی هەموو دەیەیەک لە 60 ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بە شەڕیکەوە تێوەگلاوە، شەڕی بەرچاو لە ساڵانی 1948، 1956، 1967، 1973 و 1982دا و هەرە نوێترینیان 2023دا ڕوویداوە.

سەرچاوەکان ژمارەی گیانلەدەستدانیان بە زیاتر لە 200 هەزار کەس خەمڵاندووە و ژمارەیەکی بێشوماری کەسانی دیکەش برینداربوون. تێچووی شەڕەکان گەیشتووەتە سەرووی 300 ملیار دۆلار . لە ئەنجامدا گۆڕانکاری سیاسی گەورە و ناوچەیی و سەربازی ، چ لە ئاستی هەرێمەکە و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەدوای خۆیدا هێناوە.

لێرەدا کۆمەڵێک شەڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەرفراوان کە ئیسرائیل تێدا بەشدار بووە دەخەینە ڕوو:

1- جەنگی عەرەب و ئیسرائیل - ساڵی 1948 (جەنگی سەربەخۆیی)
ڕێکەوت: 1947-1949
ئیسرائیل لە 14ی مانگی پێنجی 1948 سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای کۆتاییهاتنی بەڕێوەبردنی بەریتانیا بۆ فەلەستین. دەوڵەتانی عەرەبی لەوانە میسر، ئوردن، سوریا و عێراق، دژی دامەزراندنی ئیسرائیل بوون.
دەرئەنجام: شەڕەکە ئاگربەستی لێکەوتەوە، ئیسرائیل بوونی خۆی وەک دەوڵەت مسۆگەر کرد و خاکەکەی فراوانتر کرد لە دەرەوەی سنوورەکانی پلانی نەتەوە یەکگرتووەکان. کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات لەلایەن ئوردنەوە ، و کەرتی غەززە لەلایەن میسرەوە کۆنترۆڵکران.

2- قەیرانی سوێس (جەنگی سوێس)
ڕێکەوت: ساڵی 1956
ئیسرائیل و فەرەنسا و بەریتانیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هاوبەشیان دژی میسر دەستپێکرد، دوای ئەوەی جەمال عەبدولناسڕ، سەرۆکی میسر کە کەناڵی سوێسی بە نیشتمانی کرد. ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل کردنەوەی گەرووی تیران بوو کە میسر دایخستبوو، هەروەها نەهێشتنی هێرشی چەکدارانی فەلەستینی کە بە (فیدائی) ناودێردەکران.
دەرئەنجام: بە هۆی فشارە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت، هێزەکانی ئیسرائیل و فەرەنسا و بەریتانیای ناچارکران بکشێنەوە و کەناڵی سوێس لە ژێر کۆنترۆڵی میسردا مایەوە.


3- جەنگی شەش ڕۆژە
ڕێکەوت: ساڵی 1967
ئیسرائیل هێرشێکی پێشوەختەی بۆ سەر میسر و ئوردن و سوریا دەستپێکرد لە وەڵامی پەرەسەندنی گرژییەکان و بنیاتنانی سەربازی لە ناوچەکەدا.
دەرئەنجام: ئیسرائیل سەرکەوتنێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی بەدەستهێنا، نیمچە دورگەی سینا و کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژهەڵات و بەرزاییەکانی جۆلانی گرت. ئەم شەڕە کاریگەری قوڵی لەسەر جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە هەبوو.


4- جەنگی یۆم کیپور (جەنگی ئۆکتۆبەر)
ڕێکەوت: ساڵی 1973
میسر و سوریا لە ڕۆژی یۆم کیپور کە پیرۆزترین ڕۆژە لە ئایینی جوودا بە هەماهەنگی هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر ئیسرائیل. ئەو ململانێیە شەڕێکی سەخت و زیانی گیانی بەرچاوی لێکەوتەوە.
دەرئەنجام: ئیسرائیل توانی هێزە عەرەبییەکان بەرپەرچبداتەوە، لە کۆتاییدا شەڕەکە بووە هۆی دانوستانەکانی ئاشتی، لەوانەش ڕێککەوتنەکانی کامپ دەیڤد لە نێوان ئیسرائیل و میسر لە ساڵی 1978.


5- جەنگی یەکەمی لوبنان
ڕێکەوت: 1982-2000 (تێوەگلانی ئیسرائیل لە لوبنان تا ساڵی 2000 بەردەوام بوو)
ئیسرائیل لە ساڵی 1982 هێرشی کردە سەر لوبنان بۆ دوورخستنەوەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین (PLO) لە وڵاتەکە و دامەزراندنی حکومەتێکی دۆستانە. ململانێکان پەرەی سەند و بووە هۆی مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە باشووری لوبنان.
دەرئەنجام: ئیسرائیل لە ساڵی 2000 لە زۆربەی ناوچەکانی لوبنان کشایەوە، بەڵام ململانێکان بوونە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە، لە نێویاندا سەرهەڵدانی حزبوڵڵای لوبنان.


6- ڕاپەڕینی یەکەم
ڕێکەوت: کانوونی دووەمی 1987- 1993
یەکەم ڕاپەڕینی جەماوەری فەلەستینییەکان دژی دەسەڵاتی ئیسرائیل کە بە (الانتفاضة الفلسطينية الأولى) یان (انتفاضة الحجارة) ناسراوە سەریهەڵدا. سەرەتا خۆپێشاندانێکی بچوک بوو، بەڵام گۆڕدرا بۆ راپەڕینێکی گەورە و پاشان بوو بە یاخیبوونێکی باش ڕێکخراو.
دەرئەنجام : ڕاپەڕینەکە وەک بۆنەیەک ناسێنرا کە فەلەستینییەکان بە یەکگرتوویی و سەربەخۆ ڕەفتاریان کرد بە بێ فەرمانی سەرکردایەتیان یان هاوکاری وڵاتانی عەرەبی دراوسێ.

7- ڕاپەڕینی دووەم
ڕێکەوت: 2000-2005
ڕاپەڕینی دووەم کە فەلەستینییەکان بە (الانتفاضة الفلسطينية الثانية) و (انتفاضة الأقصى) ناودێری دەکەن، توندوتیژی زیاتری تێدا ڕووی دا و هەزاران کەسی تێدا کوژرا.
دەرئەنجام: ئەو ململانێیە بووە هۆی زیانی گیانی بەرچاو لە هەردوولا و کاریگەری قووڵی لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەبوو.

8- جەنگی دووەمی لوبنان
ڕێکەوت: 2006
حزبوڵڵا کە گرووپێکی چەکداری شیعەیە لە لوبنان، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و دوو سەربازی ئیسرائیلی بە دیل گرت، ئەمەش بووە هۆی ململانێیەکی کە یەک مانگی خایاند.
دەرئەنجام: شەڕەکە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاگربەست کۆتایی هات، هیچ سەرکەوتنێکی ڕوون بۆ هیچ لایەنێک نەبوو. کاریگەری درێژخایەنی لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە هەبوو.


9- شەڕەکانی غەززە
ئیسرائیل لە چەندین شەڕ لەگەڵ حەماس، گروپی فەلەستینی کە کەرتی غەززە بەڕێوەدەبات، تێوەگلاوە. لەوانە چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەورە لە ساڵەکانی 2008، 2012، 2014 و دواترینیان 2023 .
دەرئەنجام : شەڕەکان بوونەتە هۆی قوربانی زۆر و وێرانکارییەکی بەرفراوان لە غەززە.


سەرچاوەکان/ نەتەوە یەکگرتووەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، Council on Foreign Relations

XS
SM
MD
LG