Accessibility links

تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس


مانگێک دوای ئەوەی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە هەموو جیهانی تووشی شۆک کرد، ژیانی هەردوو فەڵەستینیی و ئیسرائیلییەکان تێکچووە، بە تایبەتی پاش کاردانەوەی توندی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

لە ماوەی چوار هەفتەی دوای ئەو هێرشەدا، وەڵامی سەربازی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی حەماس وەک ڕاپۆرتی دەزگا تەندروستییەکانی غەززە دەڵێن نزیکەی 10 هەزار کەسی لە غەززە کوشتووە و قەیرانێکی مرۆیی گەورەی لەو ناوچە هەژارە دروستکردووە.

پێدەچێت ئەم شەڕە لەم نزیکانە بە کۆتایی نەگات، بە تایبەتی کە بنیامین نەتانیاهوی سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکان بۆ هەر جۆرە ئاگربەستێک یان وەستانێک لەم شەڕەدا.
لێرەدا ڕووداوە هەرە گرنگەکانی ئەم شەڕە دەخەینە ڕوو لەوەتای دەستیپێکردووە:

لە 7ی مانگی دە
حەماس هێرشێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد .

کاتژمێر 6:30 بەیانی بە کاتی ناوچەکە، ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل چالاک کرا لە وەڵامی مووشەکەکانی حەماس هاوکات محەمەد زەیف ، سەرۆکی باڵی سەربازی حەماس، لە پەیامێکی تۆمارکراوی دە خولەکیدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بڵاوکرایەوە، دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی لافاوەکەی ئەقسا"ی ڕاگەیاند، و داوای لە فەلەستینییەکان کرد کە بە هەر چەکێک کە هەیانبوو هێرش بکەنە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل.

کاتژمێر :7:00: فێستیڤاڵی مۆسیقای سوپەرنۆڤا لە نزیک نیشتەجێی کیبوتزی لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە هێرش کرایە سەر. لە کۆی نزیکەی 3000 بۆ 5000 کەس لە فێستیڤاڵەکەدابوون، لانیکەم 260کەس کوژراون و زۆر کەسی دیکەش ڕفێنران.

کاتژمێر 07:40: هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل پشتڕاستیان کردەوە کە چەکدارانی حەماس چوونەتە باشووری ئیسرائیل و داوای لە دانیشتوانی شاری سدێرۆت و شارەکانی دیکە کرد لە ژوورەوە بمێننەوە. لە هێرشەکەی حەماسدا 1400 کەس کوژران و لانیکەم 240 کەسی دیکەش ڕفێندران.

کاتژمێر 08:15: ئاگادارکەرەوەکان لە قودس چالاک کران دوای ئەوەی موشەکێک لە لێواری شارەکەدا نیشتەوە.

کاتژمێر 08:23 : ئیسرائیل دۆخی ئامادەباشی بۆ شەڕ ڕاگەیاند، یەدەگەکانی چالاک کرد، ئەمەش لە وەڵامی بەردەوامی هێرشە موشەکییەکانی حەماس.

کاتژمێر 08:34: ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی دژە هێرشی بۆ سەر حەماس دەستپێکردووە.

کاتژمێر 10:47: هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر غەززە.

کاتژمێر 11:35: بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یەکەم لێدوانی خۆی سەبارەت بە ململانێکان لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕایگەیاند و وتی کە ئیسرائیل لە شەڕدایە.

کاتژمێر 12:21 : هێزی ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کرد بۆ ڕزگارکردنی شارەکانی باشووری ئیسرائیل، چونکە ژمارەی ئەو مووشەکانەی لە غەززەوە هەڵدراون بۆ زیاتر لە 1200 مووشەک زیادیکرد.

کاتژمێر 12:29: ئەمەریکا یەکەم لێدوانی خۆی دا، لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە، کە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەرکۆنە کرد و پشتیوانی ئەمەریکای بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە.

کاتژمێر 16:08: سەرۆک جۆو بایدن لەگەڵ ناتانیاهۆ قسەی کرد و سەرەخۆشی و پشتگیری خۆی دەربڕی، دواتر لە میانی وتارێکدا پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند.


8ی مانگی دە
ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە شەڕدایە و بۆ یەکەمجار لە دوای جەنگی یۆم کیپور لە ساڵی 1973 وە 300 هەزار سەربازی یەدەگ داواکرانەوە، کە زۆرترین ژمارەیە لە مێژووی ئەو میللەتەدا، و ئامانجییان ڕاگەیەند بۆ نەهێشتنی توانا سەربازییەکانی حەماس و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەو گروپە بەسەر کەرتی غەززە. هاوکات فەرمانی چۆڵکردنی دانیشتوانی ئیسرائیل دەرچوو ئەوانەی لە نزیک کەرتی غەززە دەژین، هەروەها قەدەغەکردنی تەواوەتی هاتوچوو بۆ دەرەوەی ناوچەکە بەسەر کەناری ڕۆژئاوادا سەپێنرا.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن فەرمانی دا کە گەلەکەشتی هێرشبەری یۆ ئێس ئێس گیڕاڵد فۆرد USS Gerald Ford بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست جێگیر بکرێت، و هێزی ئاسمانی ئەمەریکا فەوجەکانی F-35، F-15، F-16 و A-10ی لە ناوچەکەدا زیاد کرد.

حەماس جێگیرکردنی هێزی دەریایی ئەمەریکای بە "دەستدرێژی دژی گەلی فەلەستین" ناودێرکرد.


9ی مانگی دە
حزبوڵڵای لوبنان هێرشی مووشەکی کردە سەر سنووری ئیسرائیل لە دەرئەنجامدا عەلیم عەبدوڵڵا جێگری فەرماندەی لیوای 300ی ئیسرائیلی لە فیرقەی 91 بەهۆی هێرشەکەوە کوژرا.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل یۆاڤ گالانت گەمارۆی گشتی بەسەرکەرتی غەززە ڕاگەیاند کە بریتین لە بڕینی کارەبا و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی خۆراک و سووتەمەنی.

10ی مانگی دە
دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) ڕایگەیاند کە چوار لە کارمەندەکانی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی غەززە گیانیان لەدەستداوە.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زیاتر لە 70 ئامانجی لە داراجە توففا و دەوروبەری لەناو غەززە لێدا.
چەکی پێشکەوتوو لە ئەمەریکاوە گەیشتە ئیسرائیل، کە یەکەم باری لەو جۆرە بوو لە جەنگدا.
عەبدولمەلیک ئەلحوسی ڕێبەری حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند کە هەر تێوەگلانێکی ئەمەریکا لە غەززە ، دەستێوەردانی حوسییەکانی لە شەڕەکە لێدەکەوێتەوە.

11ی مانگی دە
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر چەند بینایەک لە زانکۆی ئیسلامی غەززە و دەوروبەری و تێکیان دا.
تاکە وێستگەی کارەبا لە غەززە دوای تەواوبوونی سووتەمەنی بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە کارەکانی وەستا.
پاپا فرانسیس داوای ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانی لای حەماسی کرد و نیگەرانی خۆی لە گەمارۆدانی تەواوەتی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەربڕی.
ئەمەریکا لەگەڵ میسر گفتوگۆی کرد سەبارەت بە کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە ڕێگەی دەروازەی سنووری غەززە لە نزیک شاری ڕەفەح.
هێزەکانی ئیسرائیل دەروازەی سنووری غەززە و ڕەفحیان بۆردومان کرد.

12ی مانگی دە
هێزەکانی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر زیاتر لە 200 ئامانج لە کەرتی غەززە.
تۆپخانەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر سوریا دوای ئەوەی ژمارەیەک هاوەن لە سوریاوە بەرەو باکووری ئیسرائیل هەڵدران.
ئیسرائیل ڕایگەیاند کە غەززە ئاو و سووتەمەنی و کارەبای لێی ئەبڕێت تا ئەوکاتەی بارمتەکان ئازاد نەکرێن.
ئیسرائیل بۆردومانی دیمەشق و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی لە سوریا پشتڕاستکردەوە.


13ی مانگی دە
خەڵکی غەززە دەستیان کرد بە هەڵاتن بەرەو باشوور دوای هۆشدارییەکی هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژێک پێشتر لەبارەی ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکانی .
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە کارەساتێکی مرۆیی، داوای لە ئیسرائیل کرد کە فەرمانی چۆڵکردنی غەززە هەڵبوەشێنێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند کە 70 کەس کوژراون.
هاوکاری تورکیا گەیشتە میسر بەرەو غەززە.

14ی مانگی دە
ئیسرائیل و میسر ڕایانگەیاند کە دەروازەی ڕەفەح لە نیوەڕۆ وە تا کاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆ بە ڕووی هاووڵاتییانی بیانیدا دەکرێتەوە.
ئەمەریکا ڕێگەی بە ڕۆشتنی کارمەندانی غەیرە فریاگوزاری لە باڵیۆزخانەکەیدا .
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی دیدارکدا لەگەڵ دیپلۆماتکاری نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە کە ئێران دەست وەرئەدات لە شەڕەکە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یان دەست بە لەشکرکێشییەکی زەمینی بۆ سەر غەززە بکات

15ی مانگی دە
شەڕو پێکدادانی بچووک لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسڕائیل لە کێڵگەکانی شیبا و دەوروبەری و شوێنەکانی دیکەی سنووری لوبنان و ئیسرائیل بەردەوام بوو.
لێژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاندووە، تا ئێستا لانیکەم دوانزە ڕۆژنامەنووس کوژراون و هەشت ڕۆژنامەنووسیش برینداربوون و دوو ڕۆژنامەنووسی دیکەش بێسەروشوێنن.

16ی مانگی دە
گەلەگەشتی USS Eisenhowerیۆ ئێس ئێس ئیزنهاوەر وێستگەی دەریایی نۆرفۆلک لە ڤێرجینیا بەجێهێشت تا بچیتە پاڵ گەلەکەشتیی یو ئیس ئێس گیڕاڵد فۆرد USS Gerald R. Ford ەوە وەک ڕێکارێکی زیادە بۆ پاراستن لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
ئێران هەڕەشەی هێرشی "پێشوەختە"ی لە دژی ئیسرائیل کرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی زیاتری شەڕ لەسەر ئاستی ناوچەکە
سەرۆک بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لە بەرنامەی 60 خولەکدا ڕایگەیاند، داگیرکردنی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە "هەڵەیەکی گەورە دەبێت".
ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دەروازەی سنووری ڕەفەح.

17ی مانگی دە
تەقینەوەیەک لە نەخۆشخانەی ئەلئەهلی عەرەبی ڕوویدا کە هەزاران ئاوارەی فەڵەستینی پەنایان بۆ بردبوو ، کوژراوانی سەدان کەسی لێیکەوتەوە. هێزەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە هێرشێکی موشەکی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی بووە کە بە هەڵە بەر نەخۆشخانەکە کەوتبوو .
خۆپیشاندان لە سەرانسەری جیهاندا دەستیپێکرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئامۆژگاریدا بۆ گەشتنەکردن بۆ لوبنان .


18ی مانگی دە
سەرۆک بایدن گەیشتە تەل ئەبیب، بەڵام بەهۆی تەقینەوەکەی نەخۆشخانەی ئەهلییەوە.کۆبوونەوەی لوتکەی پلان بۆ دانراوی لە عەممانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ ڕێبەرانی ئوردن، میسر و فەتح هەڵوەشێنرایەوە پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل و "خواستە ڕەواکانی گەلی فەلەستین" دەربڕی، بەڵام داوای ئاگربەستی نەکرد.


19ی مانگی دە
سەرۆک وەزیری بەریتانیا ڕیشی سوناک سەردانی ئیسرائیلی کرد، لەو ماوەیەدا ناتانیاهو حەماسی بە "نازییە نوێیەکان" ناوبرد.
لە کاتی گەڕان بە دەریای سووردا، کەشتی جەنگی ئەمریکی USS Carney سێ موشەکی کروز و چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تێکشکاند کە لە یەمەنەوە لەلایەن حوسییەکانەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدرابوو.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاگادارییەکی دەگمەنی لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوکردەوە کە ئامۆژگاری هاوڵاتیانی ئەمەریکا کرد " وریابن."
بایدن دووەم وتاری خۆی لە کۆشکی سپێیەوە پێشکەش کرد و ناکۆکییەکەی بە "خاڵێکی گۆڕانکاری لە مێژوودا" ناوبرد و بە داگیرکردنی ڕوسیای بۆ ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 ی بەراوردکرد.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل نزیکەی 100 ئامانجی حەماسیان بۆردومان کرد .

20ی مانگی دە
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سەردانی دەروازەی ڕەفحی کرد.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل یۆاڤ گالانت ڕایگەیاند دوای لەناوبردنی حەماس، ئیسرائیل کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات .
سەرۆک بایدن وتی یەکەم کاروانی یارمەتی مرۆیی بۆ غەززە لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێردا دەگاتە ناوچەکە.

21ی مانگی دە
حەماس دوو بارمتەی ئیسرائیلی کە گرتبوونی دایەوە دەست خاچی سووری نێودەوڵەتی ، کە دایک و کچێکی ئەمریکی-ئیسرائیلی بوون.
یەکەمین کاروانی هاوکاری مرۆیی کە بریتیبوون لە بیست بارهەڵگری (بە بێ سووتەمەنی) لە ڕێگەی دەروازەی ڕەفەحەوە گەیشتە غەززە.
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن فەرمانی ناردنی گەلە کەشتیی USS Dwight D. Eisenhower Carrier بۆ ناوچەی ژێر بەرپرسیارێتی CENTCOM دەرکرد، هەروەها کەچوونە پاڵ گەلەکەشتی جەنگی USS Gerald R. Ford لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

22ی مانگی دە
کاروانی دووەمی یارمەتییە مرۆییەکان بە ڕێگای ڕەفحەوە گەیشتە غەززە کە لە 17 لۆری پێکهاتبوو، کە هەندێکیان سووتەمەنییان هەڵگرتبوو.
14 نیشتەجێی ئیسرائیلی لە نزیک سنووری لوبنان چۆڵکران بەهۆی پێکدادانە بەردەوامەکانەوە.
هێزەکانی ئیسرائیل هێرشێکیان بۆ سەر خان یونس کرد بۆ دۆزینەوەی بارمتەکانی ئیسرائیلی لای حەماس گیراون.

23ی مانگی دە
حەماس دوو بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی بۆ خاچی سوور ئازادکرد ،هەردووکیان ژنی بەساڵاچووی ئیسرائیلیبوون، دوای ئەوەی میسر و قەتەر نێوەندگیریان کرد. هاوسەرەکانیان بە دیلی مانەوە.

24ی مانگی دە
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، یەکێک لە بارمتە ئازادکراوەکانی حەماس، یۆچڤێد لیفزیزی تەمەن 85 ساڵ، وتی کە بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێپەڕیووە لە کاتی بە بارمتەگرتنی، بەڵام چەکدارانی حەماس بە شێوەیەکی باش مامەڵەان لەگەڵ کردووە..

25ی مانگی دە
ئیسرائیل وتی چەندین پێگەی حزبوڵای لە لوبنان کردە ئامانج.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارێکی بۆ پشتیوانی له ئیسرائیل له شەڕی دژ به حەماس پەسەندکرد.

26ی مانگی دە
یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل خۆی بۆ "قۆناغەکانی داهاتوو" لە شەڕەکەی دژی حەماس ئامادە دەکات .
سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا داوای راوەستانی شەڕی ئیسرائیل و حەماسیان کرد بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە غەززە.
لە دانیشتنێکی بەپەلەی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی بە ئەمەریکا دا کە ئەگەر تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە غەززە کۆتایی نەیەت، ئەمەریکا "لەم ئاگرە ڕزگاری نابێت".

27ی مانگی دە
ئیسرائیل خولێکی قورسی هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند کە "هێزە زەمینیەکانی فراوانتر دەکات" لە غەززەی گەمارۆدراو.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کرانە نزیک دەوروبەری هەردوو نەخۆشخانەی ئەلشیفا و نەخۆشخانەی ئەندەنوسیا لە غەززە .
بزووتنەوەی حەماس لە غەززەوە مووشەکەکانی هەڵدااکە بەر بلۆکێک لە شوقەکانی خەڵکی مەدەنی لە تەلئەبیب کەوت.

28ی مانگی دە
ئیسرائیل لەشکرکێشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستیپێکرد و هێرشێکی زەمینی بەرفراوانی کردە سەر شارۆچکەکانی بەیت حەنون وئەلبریج.

29ی مانگی دە
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییە فراوانەکانی لە ناوچەی غەززە ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ حەماس تەقەیان ئاڵوگۆڕ کردووە و لە ئامانجەکانیان لە باکووری غەززە تێکشکاندووە.
دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە وتیان لە 7 ی مانگی 10 ەوە زیاتر لە 3 هەزار منداڵ لە غەززە کوژراون.
هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ژێرخانی سەربازی لە ناو خاکی سوریا دوای ئەوەی لە وڵاتەوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کرا.


30 مانگی دە
هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی دۆستایەتی تورکی و فەڵەستینی .
سوپای سوریا مووشەکی بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەڵدا.

31 ی مانگی دە
حوسییەکان ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بەرەو ئیسرائیل هەڵدا و هۆشدارییان دا لە هێرشی زیاتر.
هێزەکانی ئیسرائیل وتیان ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەسەر دەریای سووری لەناوبردووە
لیواکانی قودس و لیواکانی شەهیدانی ئەقسا یەکەم هێرشی هاوبەشیان بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوا لە 19 مانگی دەوە ئەنجامدا.

یەکی مانگی یانزە
هێزەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆردوگای پەنابەرانی جەبەلییە لە کەرتی غەززە کە ژمارەکی زۆری قوربانییەکانی لێکەوتەوە.


2ی مانگی یانزە
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەوروبەری نەخۆشخانەی قودسی لە غەزە بۆردومان کرد.

3ی مانگی یانزە
بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق بۆ یەکەم جار لە دەستپێکی جەنگەوە بە چەکی دیارینەکراو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ماشێنێکی فریاکەوتن و دەروازە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەی ئەلشیفا.
نانەواخانەیەک بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلەوە لەگەڵ باڵەخانەکانی دیکە لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات لە غەزە وێران بوو

4ی مانگی یانزە
هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل چەند قوتابخانەیەکی لە غەززە کردە ئامانج.
هێزەکانی ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی بۆردومانی کەمپی پەنابەرانی ئەلمەغازییان کرد لە ناوەندی کەرتی غەززە و بەلایەنی کەمەوە 40 هاووڵاتی مەدەنی کوژران.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە خاکی لوبنانەوە ئەنجامدراون، بە هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەکانی پێگەکانی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.

5ی مانگی یانزە
وەزیری کەلەپووری ئیسرائیل ئەمیهای ئیلیاهو پێشنیاری هێرشی ئەتۆمی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. لە بەرامبەر ئەم لێدوانە، ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناوبراو بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران هەڵپەسێردرا.


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن گەشتێکی دیکەی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕەکە، و بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕێکەوتنێک کە ڕێگە بدات یارمەتی مرۆیی زیاتر بچێتە ناو غەززە و بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی . هەروەها بلینکن گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل و ئوردن ئەنجامدا و لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین لە ڕامەڵڵا لە کەناری ڕۆژئاوا کۆبووە، دواتر سەردانی عێراقی کرد.

کۆشکی سپی ڕادەگەیەنێت زیاتر لە 300 ئەمەریکایی و دانیشتوانی ئەمەریکایی و خێزانەکانییان لە کەرتی غەززە گواستراونەتەوە.
میدیای دەوڵەتی ئێران کۆبوونەوەی نێوان خامنەئی و ئیسماعیل هەنییەی ڕێبەری حەماس لە تاران پشتڕاست کردەوە.
پاپا فرانسیس داوایەکی بەپەلەی کرد بۆ ڕاگرتنی ململانێکەی ناو غەززە و داوای یارمەتی مرۆیی کرد بۆ ئەو کەسانەی کە بریندار بوون، ئەوەش لە پێناو کەمکردنەوەی مەترسی " دۆخە زۆر مەترسیدارەکە."

6 ی مانگی یانزە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تورکیا کۆتایی بە گەشتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێنا ، دوای ئەوەی تەنها سەرکەوتنێکی سنوورداری بە دەستهێنا لە هەوڵەکانیدا بۆ دەستکەوتنی کۆدەنگییەک لە ناوچەکەدا لەسەر باشترین شێواز بۆ کەمکردنەوەی ئازاری هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە، لە کاتێکدا کە ئیسرائیل جەنگەکەی دژی حەماس چڕتر کردووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی غەزە کە حەماس بەڕێوەی دەبات وتی زیاتر لە 10000 کەس کوژراون کە دوو لەسەر سێییان ژن و منداڵن و زۆربەیان مەدەنی بوون.

7 ی مانگی یانزە

دەزگا تەندروستییەکان لە غەززە ڕایانگەیاند ژمارەی کوژراوانی ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل گەیشتە 10165 و ژمارەی بریندارەکانیش نزیکەی 27 هەزار کەس.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوجەرگەی شاری غەززە نزیکدەبنەوە.


سەرچاوەکان/ ئاژانسەکانی هەواڵی ڕۆیتەزر، فڕانس پرێس ، ئەسۆشیەتد پرێس، سی ئێن ئێن، Council on Foreign Relations

XS
SM
MD
LG