Accessibility links

قاسم ئابستە، زیندانییەکی کورد لە ئێران لەسێدارە دەدرێت


قاسم ئابستە
قاسم ئابستە

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، قاسم ئابستە زیندانی ئاینیی کوردی خەڵکی مەهاباد، دوای 14 ساڵ زیندانیکردن سزای لە سێدارەدانی لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج بەسەردا جێبەجێ کرا.


ئابستە و چەند چالاکوانێکی دیکەی ئاینی کورد لە ساڵی 2009 تاوانبارکرابوون بە کوشتنی کەسێک. هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە خرایە سەر قاسم و شەش چالاکوانی دیکەی خەڵکی مەهاباد و سەقز بریتیش بوون لە "هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "بانگەشە لە دژی نیزام"، "ئەندام بوون لە گرووپە سەلەفییەکان" و "بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لە سەر زەوی" کە هەموویان سزای لەسێدارەدانیان درا.

هەروەها تۆری مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە پێوەندی سزای ئەو چالاکانە دەڵێت مانگی 6ی ساڵی 2018 لقێکی دیوانی باڵای وڵات "بە هۆی تەواو نەبوونی بەڵگەی پێویست، سزای لە سێدارەدانی ئەو بەندکراوانەی" پەسند نەکردبوو کە ساڵێک پێشتر لە لایەن لقی28ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەریاندا سەپێندرابوو.

وەک ئەو ناوەندەی مافی مرۆڤ لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت ، "بە هۆی گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ" دیوانی باڵا ناچار بووە سزای سێدارە بە سەر ئەو حەوت بەندکراوە "سوننەیە"دا بسەپێنێت.

هەر بە گوێرەی ڕێکخراوی هەنگاو ئابستە لە ماوەی 14 ساڵ بەندکرانی تووشی شێرپەنجەی تایرۆید ببوو و چەندین جار وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی لەمەڕ دۆخی تەندروستی، مانی لە خواردن گرتبوو.

هەنگاو لە سێدارەدانی ئەم چالاکوانە کوردە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" دادەنێت و "مافی باوەڕمەندبوون بە دین یا ئاینینێک" بە مافێکی بنچینەیی هەر مرۆڤێک دەزانێت.

XS
SM
MD
LG