Accessibility links

غەززە و خەونە لەناوچووەکانی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ


دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1918 لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، خاکی فەلەستین بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژە بوو بە ناوچەی نێوان دەریای ناوەڕاست و ڕووباری ئوردن, کە پارچەیەکی زۆری ئەم خاکە هەنوکە بەشێکە لە ئیسرائیلی ئێستاکەدا. لە کاتێکدا دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی مانگی پێنجی ساڵی 1948 دامەزرا و لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیرا، بەڵام دەوڵەتێکی فەلەستینی لەو ساکەوە دانەمەزراوە.

ناوچەکانی کەناری ڕۆژئاوا، لەوانەش قودسی ڕۆژهەڵات، و کەرتی غەززە، کە هی فەلەستینییەکان بوو پێش ساڵی 1948، لە ساڵی 1948وە تا 1967 لەلایەن ئوردن و میسرەوە بەڕێوەدەبرا و پاشان لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەرداگیرا.

بە پێی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی 1993 دا کەناری ڕۆژئاوا دابەش کرا بەسەر ناوچەکانی ئەی، بی و سی. ناوەندەکانی دانیشتوانی فەلەستینی کەناری ڕۆژئاوا زۆربەیان دەکەونە ناوچەی ئەی و بی، لەگەڵ زەوییە کشتوکاڵییەکانی فەلەستین و کۆمەڵگە گوندنشینەکان لە ناوچەی سی.

دەسەڵاتی فەلەستین بەرپرسیارێتی فەرمی ئاسایشی لە ئەستۆدایە لە ناوچەی A، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل زۆرجار ئۆپەراسیۆنی ئەمنییان لەوێ ئەنجامداوە . دەسەڵاتی فەلەستین کۆنترۆڵی کارگێڕی دەپارێزێت، ئیسرائیلیش کۆنترۆڵی ئەمنی ناوچەی B لە کەناری ڕۆژئاوا دەپارێزێت. ئیسرائیل کۆنترۆڵی تەواوی ئەمنی ناوچەی سی دەپارێزێت و زۆربەی زەویەکانی ناوچەی سی ی وەک ناوچەی سەربازی داخراو یان ناوچەی نیشتەجێبوون دیاری کردووە. دەسەڵاتی فەلەستینییەکان تا ڕادەیەک هەماهەنگی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل پاراستووە.

لە کەرتی غەززە، ڕێکخراوی بزووتنەوەی حەماس کۆنتڕۆڵی تەواوی دەکات.

لێرەدا هەندێک خاڵ دەخەینە بەرچاو کە چۆن کەرتی غەززە گەیشتە ئەم ئاستەی ئیستاکەی:

*بەر لە نزیکەی 30 ساڵ لەمەوبەر یاسر عەرەفات دوای سێ دەیە لە دوورخستنەوەی گەڕایەوە بۆ غەززە وەک سەرۆکی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینییەکان بە ئومێدی دەمەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە داهاتوویەکی نزیکدا.

*لە ساڵی 1993 یاسر عەرەفات ڕێبەری ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی ئەوساکەی ئیسرائیلەوە ڕێککەوتنێکی ڕاگەیاندنی بنەماکانیان واژۆ کرد کە بە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ ناسراوە. لە ڕێککەوتنەکەدا دامەزرانی دەسەڵاتی خۆدموختاری ئینتقالی لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە دیاری کرا کە لە ساڵی 1999 بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کۆتایی بێت.

*ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ دەرئەنجامی گرنگی هەبوو لەسەر ڕەوتی ململانێی فەلەستینییەکان و ئیسرائیل، و بووە هۆی دامەزراندنی قەوارەیەک بۆ فەلەستینییەکان بە ناوی دەسەڵاتی نیشتمانی فەلەستینییەکان.

*گرنگترین خاڵی نێو ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ بۆ ئیسرائیل ئەوە بوو داننرا بە دەوڵەتی ئیسرائیل.

*لە قاهیرە، یاسر عەرەفات و ئیسحاق ڕابین سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە ساڵی 1994دا "رێککەوتنی قاهیرە"یان واژۆ کرد بۆ جێبەجێکردنی خۆدموختاری بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە و کەناری رۆژئاوا.

*فەلەستینییەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە پلانی گەشەپێدان و پێشکەوتنیان لە بوارە جیاجیاکاندا داڕشت کە بریتیبوون لە درووستکردنی ڕێڕەوی پارێزراو بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوە ە تێپەڕبوونی خەڵک بە سەلامەتی لە نێوان کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوادا. ڕیڕەوێک لە ساڵی 1999 دا لە ژێر بەڕێوەبەردنی ئیسرائیل دەست بە درووستکردنی کرا، بەڵام چەندین جار داخراوە، کە یەکەمین لەو داخستنانە لە ساڵی 2000 لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ئەلئەقسا بوو. پاشان ئیسرائیل لە ساڵی 2002دا ڕێڕەوەکەی کردەوە. لەگەڵ سەرکەوتنی حەماس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2006وە تا ئەمڕۆ ئیسرائیل ڕێڕەوەکەی داخستووە ، هەروەها گەمارۆی بەسەر هەموو دەروازە وشکانییەکانی ناو کەرتی غەززە سەپاندوە.

*لە ساڵی 1998 بە گوێرەی ڕێککەوتنەکانی ئۆسڵۆ ڕێگەدرابوو بە دەسەڵاتی فەڵەستینی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی غەززە بکاتەوە. لە ساڵی 2001 دا لە کاتی ڕاپەڕینی فەلەستینییەکان، فڕۆکەخانەکە کارەکانی ڕاگرت. هاوکات سوپای ئیسرائیل وێستگەی راداری فرۆکەخانەکەی بۆردومان کرد، و دواجار لە ساڵی 2006 لە ماوەی جەنگی لوبنان و ئیسرائیل بینای سەرەکی فڕۆکەخانەکەی وێران کرد.

*لە ساڵی 1993دا، دەسەڵاتی فەڵەستینی دەستیکرد بە دروستکردنی بەندەرێک کە کەرتی غەززە بە ئاوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەبەستێتەوە و کارەکانی بنیاتنانەوە بە پشتیوانی فەڕەنسا دەستیپێکرد. بەڵام لە مانگی حەوتی 2000دا ئیسرائیل شوێنی دروستکردنی بەندەرەکەی بۆمبڕێژکرد و پاش کەمتر لە سێ مانگ وێرانی کرد. ئەمڕۆ غەززە تەنها بەندەرێکی بچووکی بۆ بەلەمەکانی ماسیگری فەلەستینی هەیە .

*پێش ساڵی 1995 ئیسرائیل کارەبای بۆ غەززە دابین دەکرد ، بەڵام دوای ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، لە ساڵی 1998 کۆمپانیای کارەبای غەززە بە فەرمانی یاسر عەرەفات دامەزرا. لە ساڵی 2006 ئیسرائیل تاکە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد . ىەڵام بەرە بەرە ویستگەگە کەوتەوە کار.

بزووتنەوەی حەماس و ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ

*بزووتنەوەی حەماس ساڵی 1987 دوای سەرهەڵدانی یەکەم راپەڕینی دژی ئیسرائیل لەلایەن ئیمام و چالاکوانی فەلەستینی ئەحمەد یاسین دامەزرا. بزووتنەوەکە لە رێکخراوی موجەمەع ئەلئیسلامییەوە سەریهەڵدا کە لە ساڵی 1973 لە غەززە وەک ڕێکخراوێکی خێرخوازی ئیسلامیبوو لە غەززە کە پەیوەندی بە ئیخوان موسلیمینەوە هەبوو کە بنکەی لە میسر بوو.

*بزووتنەوەی حەماس هەر لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ ، ڕەتکردنەوەی تەواوی ڕاگەیاند و هەوڵی ڕێگرتنی لە پرۆسەی ئاشتی دا لە ڕێی تەقینەوە لە ناو خاکی ئیسرائیلدا.

*لە ساڵی 1992، دەسەڵاتی فەلەستینی بە سەرۆکایەتی بزوتنەوەی فەتح هەڵمەتێکی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی حەماس ئەنجام دا. سێ ساڵ دواتر، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا حەماسی خستە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییە بیانییەکانەوە.

*پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوە ی حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە ماوەی راپەڕینی ئەلئەقسادا باشتر بوو، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 2005 لە کەرتی غەزە کشایەوە و دەسەڵاتی غەززەی ڕادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی کرد.

*لە ساڵی 2006 هەڵبژاردنی یاسایی ئەنجامدرا، و حەماس زۆرینەی بەدەستهێنا، کە حکومەتێک پێکهێنرا لەلایەن لایەنە فەلەستینییەکانەوە بایکۆت کرا. بەڵام ناکۆکی نێوان سه رکردەی دەسەڵاتی فەلەستینی مەحمود عەباس و سەرۆک وەزیران ئیسماعیل هەنییە دروستبوو لە ساڵی 2007 شەڕێکی سەربازی لێکەوتەوە، دواتر حەماس کۆنترۆڵی تەواوی کەرتی غەززەی کرد، و ناوچە فەلەستینییەکان لە نێوان کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزز گەمارۆدراودا دابەشبوو.

ماوەتەوە بڵێن سی ساڵ لەمەوبەر، ڕێککەوتنەکانی ئۆسڵۆ خەونێک بوون بۆ ئاشتی و دامەزراندنی دوو دەوڵەت ، بەڵام خەونەکان دوای چەند دەیەیەک بەرەو واقیعێکی تاڵ و ئازاربەخش گۆڕان، بە تایبەتی لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیلییەکان و کاردانەوەی ئیسرائیل، بۆیە ڕوون نییە چ دواڕۆژێک چاوەڕیی غەززە دەکات.

XS
SM
MD
LG