Accessibility links

کاریگەری شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەسەر عەرەب و موسڵمان و جووەکانی ئەمەریکا


لە کاتێکدا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە، لە ئەمەریکا کە وڵاتێکی فرە ئاین و نەژادە، هەندێک لە شوێنی عەرەب و موسڵمان و جوو و تەنانەت قوتابخانەکانیش هەڕەشەی توندوتیژییان لێکراوە.

ئەحمەد ڕیحاب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسلام لە شیکاگۆ وتی نووسینگەکەی بە شێوەیەکی ئاسایی هەفتەی چوار هەتا شەش سکاڵای لەلایەن ئەو کەسانەوە بەدەست دەگات، کە دەڵێن قوربانین یان هەڕەشەیان لێکراوە. دەڵێت لەوەتەی شەڕەکە دەستیپێکردووە زیاتر لە 86 سکاڵایان پێگەیشتووە.

سکۆت ڕیچمان، بەڕێوەبەری ناوچەیی کۆمەڵەی دژ ناوزڕاندن ADL لە نیویۆرک و نیوجێرزی، دەڵێت بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ڕووداوی دژە جوو لە سەرانسەری وڵاتدا بە ڕێژەی 54% زیادیکردووە و لە 7 هەتا 19ی مانگی دە 168 ڕوویداویان تۆمارکردووە.

جۆو کێنی ، بەرپرسێکی پۆلیسی نیویۆرک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند لە 9 ی مانگی دەوە هەتا ئێستا 51 ڕووداوی تاوانی کینەیی لە نیویۆرک ڕوویداوە.

بەیانی ڕۆژی شەممە 22ی مانگی دە تەرمی سامانتا وۆڵ، سەرۆکی بۆردی کەنیشتی ئیسحاق ڕازی لە ناوەندی شاری دیترۆیت لە ویلایەتی مشیگن، دۆزرایەوە کە لە ماڵەکەیدا بە چەقۆ ڵێیدرابوو.

پێشتر لە 15ی مانگی دە، کوڕێکی تەمەن 6 ساڵی فەڵەستینی- ئەمەریکی بە ناوی وادی ئەلفەیوم کوژرا کاتێک خۆی و دایکی لە ماڵەکەیان لە شیکاگۆ لەلایەن خاوەن ماڵەکەیانەوە بە چەقۆ هێرشیان کرایە سەر. گومانلێکراوەکە، جۆزێف چوبای تەمەن 71 ساڵ، سەربازێکی دێرینی هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە و ئێستا بە تاوانی کوشتن و هەوڵی کوشتن تۆمەتبارکرا.

یەکەی تاوانەکانی کینەی پۆلیسی نیویۆرک پشتڕاستی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوە لە چەند هێرشێکی دژە فەلەستینی و دژە جوو دەکات لە نیویۆرک کە لەوەتای هێرشە کتوپڕەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕوویانداوە. لە یەکێک لە ڕووداوەکاندا کە لە 11 ی مانگی دە لە برۆکلین ڕوویدا، پۆلیس دەڵێت دوو پیاوی جوو لە دوو پیاوی دیکە نزیک بوونەتەوە کە ئاڵای فەڵەستینیان هەڵگرتبوو، پەلاماریان داون و لە یەکێکیان داون.

لە 11ی دە، دوو لاوی تەمەن 16 ساڵان گوایە لە دەرەوەی کەنشتی بی نای یۆسف لە برۆکلن دەمانچەی جێڵیان تەقاندووە. پۆلیس ڕایگەیاندووە، ئەو هەرزەکارانە لەلایەن گروپی چاودێری جووەکان فلۆشینگ شۆمریمەوە دەستگیرکران.

لە 11ی مانگی دە، لە نیویۆرک پیاوێکی تەمەن 18 ساڵی بە ڕەگەز خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن سێ پیاوەوە دەستدرێژی کرایە سەر کە ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵگرتبوو. پیاوەکان لە ئۆتۆمبێلەکەیان هاتبوونە دەرەوە و پرسیاریان لە لێ کردبوو ئایا فەڵەستینییە یان نا، پێش ئەوەی یەکێکیان لێیبدات.

لە 11ی دە، لە گەڕەکی بەی ڕیج لە برۆکلین، کە کۆمەڵگایەکی گەورەی فەڵەستینی لێیە، کۆمەڵێک پیاو کە هەندێکیان ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵگرتبوو هێرشیان کردە سەر سێ پیاو لەسەر شەقام دوای ئەوەی لێیان پرسی کە ئایا فەڵەستینین، و هاواریان کردبوو " نەفرەت لە فەڵەستینی، نەفرەت لە ئیسلام" .

باس لەوەش دەکرێت کە لە هەمان ڕۆژدا، کچێکی تەمەن 19 ساڵ هێرشی کردە سەر خوێندکارێکی تەمەن 24 ساڵ لە زانکۆی کۆلۆمبیا کە پۆستەری دەربارەی قوربانییەکانی ئیسرائیل لە هێرشەکەی حەماس بڵاوکردەوە. کچەکە 19 ساڵەکە پۆستەرەکانی دڕاندبوو و هاواری کردبوو بەر لەوەی بە دارێک لە خوێندکارەکە بدات.

13ی دە لە پێنسلڤانیا، پیاوێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردنی ڕەگەزی تۆمەتبارکرا دوای ئەوەی پۆلیس گوتی لە کۆبوونەوەیەکی لایەنگری فەڵەستینییەکان لە ویلایەتەکە دەمانچەی ئاڕاستەی ئامادەبووانی کردووە و قسەی ناشرینی پێی وتوون.

لە شاری نیویۆرک، چێشتخانەیەکی فەڵەستینی بە ناوی ئایات ناچار کرا هێڵی تەلەفۆنەکەی ببڕێت دوای ئەوەی بێ وەستان نامەی دەنگیان پێگەیشتبوو، هەروەها لە 13ی دە، پیاوێک چووە ژووری نانخواردن و هاواری کردبوو "تێرۆریست" بۆ ئەو کەسانەی لەوێ کاریان دەکرد.

لە 14ی دە، ژنێکی تەمەن 29 ساڵ لە وێستگەی میترۆی گراند سێنتراڵ لە ناوەندی شاری مانهاتن لە لایەن پیاوێکی تەمەن 28 ساڵەوە هێرشی کرایە سەر. قوربانییەکە پرسیاری لە پیاوەکەی کرد کە بۆچی لێی داوە، ئەویش وەڵامی دایەوە، چونکە "تۆ جوویت."

لە بۆستن، وشەی "نازییەکان" لە سەرانسەری ناونیشانی سەنتەری کولتووری فەلەستینی بۆ ئاشتی بڵاوکرایەوە.

لە شاری دیربۆرن لە ویلایەتی میشیگن کە زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی موسڵمانی هەیە لە وڵاتەکەدا، لەم ڕۆژانەی دواییدا چەندین هەڕەشەی توندوتیژی بینیوە، لەوانە لەلایەن پیاوێکەوە کە تۆمەتبارکراوە بەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرسیاری کردووە ئایا کەسێک لە ناوچەی دیترۆیت دەیەوێت "بچێت بۆ دیربۆرن و فەڵەستینییەکان ڕاو بکات."

لە ولایەتی کالیفۆرنیا کاغەزی کە قسەی ناشیاو و دروشمی دژە جوویان لەسەر بووە لە گەڕەکەکان و لەسەر ئۆتۆمبێلەکان لە شاری ئۆرنج بڵاوکرابووەوە.

پۆلیسی شاری فرێسنۆ لە وڵایەتی کالیفۆرنیا پیاوێکیان دەستگیرکردووە پەنجەرەکانی نانەواخانەیەک شکاندندبوو و نامەی دژە جووی بەجێهێشتبووە .

بۆ یەکەم جار لە ماوەی دوو دەیەدا ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئیسلام یان CAIR ناچارکرا 29ەمین گردبوونەوەی ساڵانەی خۆی بگوازێتەوە بۆ شوێنێکی ئاشکرا نەکراو بەهۆی هەڕەشەی توندوتیژی پەیوەست بە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە شەڕی ئیسرائیل و حەماس.

20ی دە، قوتابخانەیەکی ئیسلامی لە شیکاگۆ کە هەڕەشەی لێکرابوو ، بڕیاریان دا وانەکانیان لە ڕێی ئۆنڵاین بڵێنەوە.

هەڕەشەکان بۆ بەئامانجکردنی کەنیشتەکانی جوو لە ماساچوسێتس و پێنسلڤانیا و ڕۆد ئایلاند لەم دواییەدا زیادیکردووە.

لە گەڵ ئەوەی هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی تەواو نییە بەدەست بەرپرسانی ئەمەریکاوە دیاری بکات کە ئایا تاوانەکانی ڕق و کینە لە دوای هێرشی حەماس لە 7ی مانگی دەوە هەتا چ ڕادەیەک لە وڵاتدا زیادیانکردووە، بەڵام نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی بەدواداچوون دەکات بۆ زیادبوونی ژمارەی هەڕەشەکان بۆ سەر هەردوو خەڵکی جوو و عەرەبی ئەمەریکی لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . هاوکات وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە بەرزبوونەوەی ژمارەی تاوانەکانی ڕق و کینە ناوخۆییەکان دژی موسڵمانان، عەرەب و جوو، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە کە تیا هاتووە " لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی حەماس و ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە، ئاستی هەڕەشە لە ئەمەریکا لە دۆخێکی نزێک- بەرەو-مامناوەندی دەهیڵێتەوە، کە لەوانەیە هێرشی توندوتیژی بە ئامانجکراو لەگەڵ بەرەوپێشچوونی شەڕەکە زیاد بکات".

XS
SM
MD
LG